کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ: لە حەوت رۆژی رابردوودا هەشت خۆپیشاندەر کوژراون

كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق رایدەگەیەنێت" له‌ماوه‌ی حەوت رۆژی رابردودا، هەشت خۆپیشانده‌ر كوژراون و زیاتر له‌ ٥٠ كه‌سی دیكه‌ش لە رووداوەکانی پارێزگای سلێمانی، برینداربوون". 

کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق بەیاننامەیەکی لەبارەی رووداوەکانی پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە و دەڵێت" بەهۆی شەڕوپێکدادانەوە، گازی فرمێسکرێژ، گوللەی پلاستیکی و گوللەی زیندوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە رۆژانی سێ تا نۆی کانوونی یه‌كه‌م هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٤ی دیکەش برینداربوون". 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە " ژمارەیەک خۆپێشاندەر بارەگا و فەرمانگەکانی دەوڵەتیان لەگەڵ ژمارەیەک بارەگای پارتە سیاسییەکان لە پارێزگاکە سووتاندووە، هەروەها لایەنە حکومی و ئەمنییەکانی پارێزگاکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (فەیسبووک، ڤایبەر، ئینستگرام و سناپ چات)یان راگرتووە و بارەگای کەناڵی ئێن ئاڕتییان داخستووە". 

 

هاوکات کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ داوا لە هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی دەکات پارێزگاری لە خۆپێشاندەران بکەن و هاوکاربن و دووربکەونەوە لە هەر پێکدادان و کارێکی تووندوتیژ.



AM:10:43:10/12/2020