جێگری سهرۆكی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق رایدەگەیەنێت" پرۆژهیاسای بودجه گهیشتوهته پهرلهمان و چاوهڕواندهكرێت پشكی ھهرێمی كوردستان به پێی رێككهوتنی نێوان ھهولێر و بهغدا و پابهندبونی ھهردولا به دهستورهوه جێگیر بكرێت".
ئەمڕۆ سێشەممە دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵییەوە گەیشتە ئەنجومەنی نوێنەران و لەسەرەتای مانگی داھاتووشدا پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەسەری کۆدەبێتەوە.
دکتۆر بەشیر حەداد، ئاماژەشی بەوەدا" کە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە ماوەی ٢٠ رۆژ تاوەکو مانگێک دەخایەنێت و ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەتوانێت گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکی یاساکەدا بکات".
حەداد راشیگەیاند" چاوەڕێ دەکرێت لە یاسای بودجەدا پشکی ھەرێمی کوردستان بە پێی رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا و پابەندبوونی ھەردوولا بە دەستوورەوە جێگیر بکرێت، و گۆڕانکاریش لە یاساکەدا بکرێت بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندی فەرمانبەران و چینی ھەژار".
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتیشی" بەمەبەستی گفتوگۆکردن و تەواوکردنی چەند پرۆژە یاسایەکی گرنگ و لە نێوانیشیان دا پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢١ ی عێراق، دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران وەرزی یەکەمی یاسادانان لە ساڵی سێیەمی یاسادانانی بۆ ماوەی مانگێک، واتە لە ٢٠٢١/١/٣ تاوەکو ٢٠٢١/٢/٣ درێژکردەوە".