" نەسریەی وەزیر کەمنەکراوەتەوە، بەڵام مینحەیەکی کەمی بەخێوکەری دایکوباوکی شەهید بڕدراوە"

رەخنە لە یاسای چاکسازی دەگیرێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت نا دادپەروەریەکی زۆری تێدا بەدیدەکرێت، لەوانە نەسریەی وەزیر وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵام پارەی مینحەی کەمی بەخێوکەری دایکوباوکی شەهیدیان بڕیووە کە بڕێکی زۆر کەمە.

 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی شەهیدانی حکومەتی هەرێم بە " سپی " راگەیاند" وەزیرەکانی  چوار وەزارەت، نەسریەی مانگانەیان ۱٥ ملیۆن دینارە، هەتا لەو مانگانەشدا نەبڕدرا کە دامودەزگاکانی حکومەت لە کەرەنتینەدا بوون، کەچی منحەی بەخێوکەری دایکوباوکی شەهیدان بڕدرا کە مانگانە تەنها ٧٥ هەزار دینار وەردەگرن".

 
وەزیرەکانی کابینەی ئێستا حکومەتی هەرێم نەسریەی چوار وەزیریان مانگانە ١٥ ملیۆن دینارە، بڕی وەزیرەکانی تر ٧ ملیۆن و نیوە، لەکاتی کەرەنتینەشدا نەبڕدراوە بەبیانووی ئەوەی میوانیان هەیە، بەڵام مینحەی بەخێوکەری دایک و باوکی شەهید بڕدراوە کە مانگانە ٧٥ هەزار دیناریان وەرگرتووە.

 
حکومەتی هەرێم وەک بەشێک لە یاسای چاکسازی رایگەیاند کە موچەی ۱۳ هەزار کەسیان بڕیوە، ژمارەیەک بەرچاویان بەخێوکەری دایکو باوکی شەهیدن و مانگانە ٧٥ هەزار دینار وەردەگرن، هەرچەندە بەژمارە زۆرن، بەڵام بڕی پارەکەیان زۆر کەمە.


ئەوە لە کاتێکدایە لە وڵاتان نەک دایکوباوکی شەهید، بەڵکو حکومەت ژیانێکی شایستەی بۆ سەرجەم بەساڵاچوان دابینکردووە، بەڵام لەهەرێم مووچەی بەخێوکەری کەسوکاری شەهیدانیش دەبڕدرێت.

 
ئەو سەرچاوەی وەزارەتی شەهیدان زانیاری زیاتری بە " سپی " راگەیاند کە ئەمە دیوێکی نا دادپەروەرەییەکانە، دیوێکی تری لە کاتێکدا کە خەرجی وەزارەتەکان و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکان  کەمکراوەتەوە، بەڵام خەرجی وەزیرەکان وەک خۆیان ماونەتەوە .

 


PM:09:59:28/01/2021