لەم ڕۆژانەدا دوو کەسی جیاواز کە یەکێکیان بەرپرسی نوسینگەی ڕووداوە لە واشنتن بەناوی {دیار کوردە} بابەتێکی نوسیوە (ئاگادارییەک بۆ کوردستان). دووەمیان {د.ئومێد عەلی} ە کە ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە لەسەر لیستی یەکێتی بابەتێکی نوسیوە (ئاخر دڵت ئەتەقێ قسە نەکەیت). لە ڕاستیدا هەردوو بابەتەکە دوو ڕووی یەک دراون. هەرچەندە شێوازی دەربڕین و گۆشەنیگای تەماشاکردنیان جیاوازە، بەڵام ڕێک لەسەر یەک خاڵ یەکدەگرنەوە ئەویش ( ڤەیرانی بەڕێوە بردن و پەرتەوازەیی ناوخۆیی و قۆرخکاری و دەرەنجامە مەترسیدارەکانێتی بۆ سەر داهاتووی هەرێمی کوردستان ).
ئەم دوو نووسینە تەواوکەری یەکترن و
باس لە گەندەڵی ناوخۆ و تێکچوونی ناوبانگی دەرەوە دەکات.
ئەوەی د.ئومێد... تیشک دەخاتە سەر (ڕەهەندە ناوخۆییەکان). باس لەو داهاتە زۆرو زەوەندەی ناوخۆ دەکات (نەوت، غاز، باج، گەشتوگوزار، کارەبا... هتد). پیشانی دەدات کە چۆن ئەم هەموو سەرچاوەیە لەلایەن حزب و کۆمپانیاکانیەوە قۆرخکراون و بەئاشکرا لووش دەدرێن و خەڵکی بێبەش کراون لێی.
ئەوەی دیار کوردە... باس لە ( ڕەهەندی دەرەکی ) دەکات، کەچۆن ووێنەی کورد لەواشنتن لێڵ بووە، بێگومان ئەوەی دیار باسی دەکات، دەرەنجامی ڕەهەندە ناوخۆییەکانە کە د. ئومێد باسی هەندێکی کردوون، گەندەڵی و ململانێ ناوخۆییەکانە کەلە واشنتن ڕەنگی داوەتەوە. ئەو دەڵێت وێنەی کورد لێڵ بووە. کاتێک بەرپرسانی ئەمریکا دەبینن لە ناوخۆدا حکومەت و پەرلەمان پەکخراوە و حیزبەکان خەریکی "خۆخۆری"ن، ئیتر متمانەیان پێ ناکەن.
چۆن ئەم دوو نوسینە یەکتر تەواو دەکەن نووسینی یەکەم "هۆکارەکان" لە ناوخۆ باس دەکات (قۆرخکاری و ناعەدالەتی)، نووسینی دووەمیش "دەرەنجامەکان" لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەخاتە ڕوو (لاوازبوونی پێگەی کورد لە ئەمریکا).
د ئومێد ...باس لە شاردنەوەی ڕاستییەکان دەکات، ئاماژە بەوەدەکات کە دەسەڵاتداران بە ئایەتی قورئانەوە دێن و دەڵێن داهاتمان ٧٠٪ کەمی کردووە، بۆ ئەوەی شەرعیەت بدەن بە لووشدانی مافی خەڵک. شاردنەوەی ڕاستییەکان وایکردووە کەس بڕوا بەم حکومەتە نەکات.
دیار کوردە...باسی ئەوە دەکات کە لە واشنتن، نوێنەرانی ئەم دوو حیزبە بە جیا و بە دزی یەکترەوە لەگەڵ لێپرسراوانی ئەمریکا کۆدەبنەوە، خەریکی ناشرینکردنی یەکترن، پێشیان دەڵێن بالایەنەکەی کە نەزانێ لەگەڵ ئێوە کۆبووینەتەوە. پاشان لێپرسراوانی ئەمریکاش پێیان دەڵێن "وادەزانن ئێمە گەمژەین"!
هەردووکیان یەکتر تەواو دەکەن و دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە حیزبە دەسەڵاتدارەکان ستراتیژێکی نیشتمانی و ڕاستگۆیانەیان نییە، لە ناوخۆدا درۆ لەگەڵ میللەت دەکەن و لە دەرەوەش وا خۆیان نیشان دەدەن کە دۆزی کوردیان بەلاوە گرنگە، بەڵام لە واقیعدا تەنها خەریکی پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان و بنەماڵە و حیزبەکانیانن.
د.ئومێد، باس لە ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەکات. لەلایەکی کەوە دەڵێ نازانرێ هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە چی لێدێت. لە کاتێکدا شوقە و ڤێلا بۆ خەڵکی دەرەوەی کوردستان دروست دەکرێت.
دیار کوردە، ڕێک تیشک دەخاتە سەر کێشەیەکی هاوشێوەی ناوەوە و دەڵێت "ساڵانە ملیۆنان دۆلار بەناوی لۆبیکردنەوە لەواشنتن خەرج دەکرێت بەبێ هیچ بەرهەمێک". لەکاتێکدا پێنتاگۆن بودجەی پێشمەرگەی بڕیوە، کەس لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکراوە.
چۆن یەکتر تەواو دەکەن، هەردوو نووسینەکە دەیسەلمێنن کە پارە و سەروەتی ئەم وڵاتە لە ناوخۆ و لە دەرەوەش بەهەدەر دەدرێت و لە خزمەتی دۆزی ڕەوای خەڵک و پێشمەرگەدا نییە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی کەسی و حیزبی بەکاردێت.
د. ئومێد، بە نائومێدی و خەمخۆرییەوە دەڵێت "هیوادارم مێژوو جارێکی تر ڕەحممان پێبکات... سەد ساڵی کە چاوەڕێی هەلێکی تر نەکەین". ئەو دەزانێت ئەم جۆرە بەڕێوەبردنە قەوارەی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە.
دیارکوردە، بە هەمان شێوە و بە توندی هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەگەر بەم شێوازە بەردەوام بین... دەبێت لەژێر سفرەوە دەست پێبکەینەوە". ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە ئەگەر ئەمریکاش پشتی تێکردین، تاوانەکە تەنها لە ئەستۆی خۆمانە.
لە کۆتاییدا ئەم دوو نووسینە لە زاری دوو کەسی ناو ماڵەکەوە نوسراون (نەک ئۆپۆزسیۆن و خەڵکانی ناڕازی)، پێمان دەڵێن کێشەی سەرەکی کورد نەیارە دەرەکییەکانی نین، بەڵکو شێوازی حکومڕانی ناوخۆیی و گەندەڵی ونەبوونی یەکدەنگی سیاسییە.
نووسینی یەکەم وەک "پشکنینی پزیشکی" وایە کە نەخۆشییە ناوخۆییەکانی جەستەی هەرێم دەستنیشان دەکات و نووسینی دووەم وەک "ڕاپۆرتی پزیشکی دەرەکیی" وایە کە دەڵێت ئەگەر خێرا چارەسەری نەکەن، جەستەکە بەرەو پەککەوتنی تەواو و لەناوچوون دەچێت. ئەم دەرەنجامەش چەندساڵێ لەمەوبەر لەسەر زاری بلاسخارتەوە درا بەگوێیاندا، نەک گوێیان لێ نەگرت، بەڵکو پشتگوێیان خست و گاڵتەشیان پێدەهات.