زۆربەی زۆری میللەت بۆتە قووربانی گەندەڵییەکانی دەسەڵات..

شۆڕش ئەمین

بێگوومان ئەوە بۆتە بەڵگەنەویست کە گەندەڵی چۆتە نێو هەموو جومگەکانی ئەم دەسەڵاتە، دەتوانین بڵێین ئەم حکمڕانییە لەسەر بنەمای گەندەڵی بیناکراوە، گەندەڵی بەشێوەیەکی جومگەیی بەستراوەتەوە بەهەموو دامودەزگاکانەوە، ئەوەی ئێستا بەسەر هەموو ئەو هێزە چەکدارو دەم و دەزگا ئەمنیانە دێت و مووچەکانیان ڕاگیراوە، گەندەڵییە نەک ئەوەی ئەم دەسەڵاتە پڕوپاگەندەی بۆ دەکات، گوایە ناوی ئەندامانی ئەو هێزانە بەکۆد دەنێرێ لەبەر ئەوەی ئاشکرابوونی لەلای عێراق زیان دەگەێنێ بە ئاسایشی نیشتمانی، بێگومان لێرەدا ئەندامانی حەقیقی ئەو هێزانە واتە ئەوانەی دەوام دەکەن زەرەرمەندی سەرەکین و دوو مانگ زیاترە مووچەیان وەرنەگرتووە. لێرەدا هەندێک چیرۆکی گەندەڵیتان بۆ دەگێڕمەوە، ئەوسا دەزانن نەهاتنی مووچەی ئەو هێزانە هۆکارەکەی چییە؟ ئەمە ئەوە ناگەێنێ کە لەبەغدا بەشێوازی دیکە گەندەڵی لەنێو ئەو هێزانەدا نەبێ:

1- هاوڕێییەکم کە ناوی هۆمەر محەمەدە لەوەدەچێت زۆربەتان بیناسن، کاک هۆمەر نووسینی دەربارەی دۆزی ئەنفال کردۆتە پیشەی سەرەکی و ماندوو بونێکی زۆری لەوپێناوەدا کێشاوە، واتە ئەو نووسینی نەکردۆتە کاسبی بۆ پارە پەیداکردن، پێش دەساڵ زیاتر لەمەوبەر بۆی گێڕامەوە کە پیان ووتووە سێ پاسەوانت بۆ دەنووسین، خۆت مووچەکانیان وەر بگرە، ئەوکات کاک هۆمەر ڕەتی کردۆتەوەو بەشەرمیشی زانیوە بەو شێوەیە پارە وەربگرێ. بەڵام لێرەوە ئەوە بزانن زۆرێک لەوانەی لەدەسەڵاتەوە نزیکن و لەبواری ئەنفالدا دەنووسن، ئەو سێ پاسەوانەیان هەیەو ناوەکانیش ناوی وەهمین و خودی نووسەرەکە پارەکەیان وەردەگرێ. ئەمە زۆربەی ئەونووسەرانەش دەگرێتەوە کە نزیک بەدەسەڵاتن، ئیدی هەرکەس لای خۆیەوە دەزانێ ژمارەیان چەندە؟. 

2- کوڕی خاڵێکم لای بۆیاخ چییەکی ئۆتۆمبێل شاگردبوو، دایکی زۆر دڵی پێخۆش بوو، دەیووت فێری ئیشێک دەبێت و ئیتر خەمی داهاتوویم نابێت. ڕۆژێک دایکی پێی ووتم وازی لەئیشەکەی هێناوە بەڵکو پێی بڵێی بچێتەوە سەر ئیشەکەی، ئەوە داهاتووی هەیە، منیش پێم ووت بۆ وازت هێناوە، ووتی بووم بە پێشمەرگە، ووتم لەکوێ پێشمەرگەی ووتی نازانم، ئەی چۆن بووی بە پێشمەرگە، هەربەتەلەفۆن، ئەی لەکوێ مووچە وەردەگریت، ووتی پیاوێک هەموو مانگێک تەلەفۆنمان بۆ دەکات، نزیکی چل کەس دەبین، دەچین لە جادەی مەولەوی یەکی 500هەزار دینارمان دەداتێ و دەڕوا، بێ ئەوەی هیچ شتێک ئیمزابکەین. ووتم ئەمە داهاتووی نییە، بچۆرەوە سەر ئیشەکەت باشترە، پاش ماوەیەک بینیمەوە، ووتی فەسڵیانکردم ، بۆچی ووتی لەسەیارەیەکدا ئاڵای گۆڕانم بەدەستەوە گرتبوو. 

3- لەوەدەچێ حکومەتی عێراق بۆ ئەم جۆرە گەندەڵییە نەگەڕێ بۆ ئەوانە دەگەڕێ ئۆپزسیۆنی ئێران و سوریان و مووچەکانیان لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەیە، ئەمانیش ناوی ئەو هێزانەیان تێکەڵکردووە لەگەڵ ئەو هێزانەی بە خەتەر لەسەر ئاسایشی نیشتمانی دەزانن، گەر ناوەکانیان ئاشکرابکەن.

3- لەسەر زاری بەرپرسانی باڵای هەدوو حیزبەوە، ئەوەیان نەشاردۆتەوە کەزیاتر لە هەشتا هەزار پاسەوانی بەرپرسانن، لەکاتێکدا هەموو سوپای بەریتانیا 70 هەزار کەسە. دامەزرانی بەلێشاوی چەکدار لەسەر حسابی ئەو هەموو دەرچوانەن کە لە 2014 لە تەواوکردنی زانکۆوە فڕێدراونەتە سەرشەقام.

ئەگەر بچیتە ووردەکارییەوە هیچ دەزگایەکی ئەم دەسەڵاتە نییە، پڕ نەبێت لەگەندەڵی، هەربۆیە نێچیرڤان بەرزانی دەڵێت بە هەردوولامان وامان تێکداوە بەهیچ کەس چارەسەر ناکرێ بەخۆمان نەبێ، لەودوای ئەم قسەیەوە نەک بەدوای چارەسەردا نەگەڕاون، بەڵکو خراپتریشیانکردووە.

ئەوەتا لەماوەیەکی لە مانگێک کەمتر زیاتر لە 20 هەزار کەسیان وەک چەکدار بۆ سەرجەم دەزکاکانی سەربازی دامەزراندووە. کە ئەوە چاک دەزانن بە چەندان ساڵە بە سەدان و هەزاران و دەرچوی زانکۆو پەیمانگاکان بەخۆبەخش لە دام و دەزگاکانی حکومەت کاردەکەن، لەپێناو ئەوەی بکرێن بەگرێبەست یا دایانبمەزرێنن، یاخود مامۆستایانی وانەبێژ و گرێبەست کە هەموو ژیانیان بووە بەچاوەڕوانی لەپێناو دامەزراندندا.

11/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر