‎دوای ساڵێک چی؟

د.شێرکۆ حەمەئەمین قادر
ئەمڕۆ ۱٠/۱٠ ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا تێپەڕدەبێت، کەدوای خۆپیشاندانەکانی تشرینییەکان و گۆڕانکاری لەوڵاتدا، بڕیاری لێدراو ئەنجامدرا.

‎بەڵام ئایا دوای ساڵێک چی دەگوزەرێ و ئێستا لەکوێداین؟ لایەنەکانی بەشداربووی هەڵبژاردن و ئەوانەی براوەبون و ئەوانەشی شکستیانخوارد هەندێک بەجۆرێک نەیانتوانی هیچ کورسییەک بەدەستبێنن وەک بزوتنەوەی گۆڕان هیچ گۆڕانکارییان لەخۆیانداکرد؟یان لەگەڵ شکست خۆیان ڕاهێنا؟

‎بێگومان لەگەڵ شکست خۆیان ڕاهێنا و هۆکارەکانیشیان لەسەرخۆیان لابردو بەدەرەوەی خۆیاندا هەڵیانواسی، بەلۆبی سەرۆکی تیمەکەیان لە حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم بەردەوامن و نەریتی دەستلەکارکێشانەوە و گەڕانەوەیان داهێنا و بەشداری درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم و ئەم کابینە فاشیلەش بوون.

‎پێش هەموو شت ئەوەی ئێستا حوکمدەکات ئەنجامی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو ئەمەریکا و دەوڵەتانی ناوچەکەو بەرژەوەندی تەسکی هەندێک لایەن و کەسایەتی سیاسی و ئاینی و بنەماڵەی عێراق و هەرێمە، کە خەمی نیشتمان و خەڵک لایان مەسەلەیەک نییە، هەر بۆیە تا ئێستا نەتوانراوە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت و حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت، چونکە لایەنەکان خۆیان نیین بەڵکو نوێنەرایەتی دەکەن و لە بنەماشەوە ئەمان لەخەمی نیشتماندانیین هێندەی لەخەمی پۆست و پارەو دابینکردن و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیاندان، لەم سۆنگەیەشەوە پۆستەکان کڕین و فرۆشتن و مامەڵەیان پێوەدەکرێت، بە پۆستی سەرۆک کۆماریشەوە، بەپێی ئەو زنیارییانەی بڵاودەبنەوە.

‎لەبەرئەوەی هەڵبژاردن و دەنگی خەڵک حوکمناکات و ناوەندی تری بڕیار هەیە، بۆیە پەرلەمانی عێراقیش بێ ڕۆڵ و کاریگەرەو لەم ساڵەدا یەک دوو جارێک بۆبابەتی ناپێویست کۆبۆتەوە و نەیتوانیوە هیچ لەدۆخەکەبگۆڕێ و ئەرکەکانی ڕاپەڕێنێت.

‎دوای ساڵێک ململانێی و دابەشکاری بەرژەوەندیئامێزی نەجەف و قوم و بارزانی و تاڵەبانی لە هەرێم هێندەی تر توند و قوڵبوەتەوە، بەجۆرێک هیچ ئاسۆیەک بۆ ئایندەیەکی ڕوون و جیاواز لەمەی ئێستا نییە و هیچ پلانێکی کورت مەوداو مام ناوەندی و درێژخایەنیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە، لەبری ئەمە لۆژیکی ئەمنی و سەربازی زاڵتربوە.

‎ئێستا دوای ساڵێک پەرلەمان یەک دووجار کۆبۆتەوە، سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردراوە و حکومەتی نوێ پێکنەهێنراوە. دۆخی ژیانی خەڵک هێندەی تر سەخت بووە و ئاسۆ تاریک و ئایندە نادیارە و کۆچ و سەرهەڵگرتن زیاتربووە، خەڵک زۆرتر لە هەڵبژاردن و بەشداری سیاسی نائومێدبوو. ئەم دۆخە و پاراستنی بەرژەوەندی و سەرباری ترس لەهەڵبژاردن لەلایەن پارتی و یەکێتی و گۆڕان هەریەکەیان بەهۆکارو شێوازێک هانیدان تا هەڵبژاردن دوابخەن و تەمەنی پەرلەمان وسەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت درێژبکەنەوەو هێندەی تر دیموکراسی و ژیانی سیاسی نابوتبکەن وهەڵبژادنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش بەئایندەیەکی نادیاربسپێرن.

10/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر