ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و بڕیاری ژمارە ۲٤ ی پەرلەمان

د.شێرکۆ حەمەئەمین قادر
ئەمڕۆ ۲٠۲۱/۷/۱۹ یادی نۆساڵەی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستانە کە دوای ساڵێک شۆڕشی گەلانی باکوری سوریا ئیدارەی خۆسەری و کانتۆنەکانیان وەک مۆدێلێکی نوێی بەڕێوەبردن و حوکمڕانی خۆیان ڕاگەیاند.

لەم ڕۆژ و بۆنەیەدا سەرباری پیرۆزبایی گەرم لەگەلانی باکوری سوریاو ڕۆژئاوای نیشتمان هیوای سەرکەوتنی زیاتر و ئارامی و سەقامگیرییان بۆدەخوازم،کە خۆبەڕێوەبەری مۆدێلێکی تەواو نوێیە و فۆرمێکی دیموکراتی شارستانی پێکەوەژیان و ئیدارەی ئاسۆیی وڵاتە،خودی ئەم شێوازەنوێیە و عەقڵییەتی داخراوی ئەردۆگان وڕژێمەکەی کەسڕینەوەی بەرانبەرە وایکردوە بەردەوام چاوی تەماع و داگیرکاری و پەلاماردانی ڕۆژئاوا لەپێشینەی سیاسەتە شەڕانگێزییەکانیان بێت.

ئێمە لەخولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان وەک ئەرکێکی نەتەوەیی بەرانبەر ڕۆژئاوا لە ڕۆژی ۲٠۱٤/۱٠/۱٥ بڕیاری ژمارە ۲٤ دەرکرد، کە ناوەرۆکەکەی دوو خاڵە و داننانە بە ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوا و پابەندکردنی حکومەتی هەرێم بە مامەڵەکردن لەگەڵیدا و هاوکاریکردنیشیان.

دوای دەرچونی بڕیاری ژمارە ۲٤ پەرلەمان نوێنەرایەتی کانتۆنەکان لەپارێزگای سلێمانی کرایەوە بەڵام تائێستا لە هەولێری پایتەخت ڕێگەنەدراوە نوێنەرایەتییان بکەنەوە.

ئەرکی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە ناوەرۆکی بڕیارەکەی پەرلەمان جێبەجێبکات و سنوری سمێڵکا وەک دەروازەیەکی گرنگ و ژیانی بۆ ڕۆژئاوا بەردەوام کراوەبێت و کێشەی بۆدروستنەکرێت.

ئێستا ڕۆژئاوا داوای دانپێنانی دنیای دەرەوە و نێودەوڵەتی دەکات، هەم ئەرکی دەسەڵات و حکومەتی هەرێمە لەدنیای دەرەوە هاوکاروپشتیوانیان بێت، هەمیش ڕەوەندی کوردی هەر چوارپارچەی کوردستانە ئەرکیانە کاری لێبڕاوانە بکەن.

رۆژئاوای کوردستان قوڵایەکی ستراتیجییە بۆ باشوری کوردستان و دەبێت نیشتمانییانە و نەتەوەییانە سەیری ئەم بابەتەبکرێت نەک لەڕوانگەی بەرژەوەندی حیزبی و کەسی و لەدید و هەژموونی تورکیاوە،مامەڵەیان لەگەڵبکرێت.

19/07/2021



وتارەکانی تری نوسەر