له‌ كه‌ناری كه‌وتنا

لەتیف فاتیح
هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌می بڕیاری 688ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌ ، ئه‌وه‌ش پاش كۆڕه‌وی ملیۆنی كورد ، كه‌ له‌ سه‌ر ئاستی جیهان ده‌نگی گه‌وره‌ی دایه‌وه‌و شاعیری دیاری كورد شێركۆ بێكه‌س له‌ " خاچ و مارو رۆژژمێری شاعیرێك " دا له‌ ناخه‌وه‌ و له‌و په‌ڕی جوانیدا سوپاسی میدیاو كامێرا ده‌كات كه‌ ئه‌مجاره‌ مه‌ینه‌تی كوردیان برده‌ هه‌موو كوچه‌و كه‌نارێكی دنیاوه‌ .

له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 یان ڕونتر هه‌ر له‌ دوای ریفراندۆمه‌وه‌ ، دۆسته‌كانی كورد ، ئه‌وانه‌ی به‌ دۆست ناوده‌برێن ، ئه‌وانه‌ی كاتی خۆی هێڵی 36ی دژه‌ فڕینیان داناو هه‌رێمیان بۆ كورد دروست كرد دوای هه‌فتا هه‌شتا ساڵ له‌ چه‌وسانه‌وه‌و زه‌برو زه‌نگ و نادادی ، هه‌موو پشتیان كردبووه‌ كورد ، بیرمه‌ له‌ بۆنه‌یه‌كدا وتم ئه‌مه‌ریكا به‌ دوای به‌ دیلی ئه‌مانه‌دا ده‌گه‌ڕێت هه‌قه‌ ئه‌وانی تر هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكه‌ن ، حه‌مه‌ تۆفیق ره‌حیم" ئه‌و كاته‌ به‌رپرسێكی باڵای گۆران بوو، قسه‌كانیش له‌ مه‌كۆی سه‌ره‌كی گۆڕان بوون " زۆر به‌ توندی وه‌ڵامی دامه‌وه‌و وتی ده‌ته‌وێ‌ ئه‌م ئه‌زمونه‌بڕوخێ‌ ، وتم بڕیاری 688 هه‌یه‌ نه‌یسه‌لماند .

به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان له‌ بری ئه‌وه‌ی دۆخی زیندانه‌كان چاكبكه‌ن ، له‌بری فه‌راهه‌مكردنی زیاتری ئازادی ، له‌ بری كرانه‌وه‌ی زیاتر ، خه‌ڵكیان داناوه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر راپۆرتێكی نێو ده‌وڵه‌تی له‌ سه‌ر هه‌رێم ، وه‌ڵامه‌كانیش دانپیانان و هه‌وڵدان نین بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ، وه‌ڵامه‌كان به‌ گژاچوونه‌وه‌و به‌ درۆخستنه‌وه‌ن " به‌ درۆخستنه‌وه‌ی هه‌قیقه‌ت" .

ده‌پازده‌ ساڵه‌ به‌ درۆ باسی یه‌كخستنی هێژی پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێت ، ئێستا به‌ فیكه‌یه‌ك ده‌توانرێ‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی ناو نراوه‌ لیوای هاوبه‌ش هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ ، پارتی و یه‌كێتی و به‌رپرسانی ئه‌و دووحزبه‌ ناهێڵن ، نایانه‌وێ‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ نیشتمانی بكرێت ، له‌ گه‌رمه‌ی قسه‌و باسی به‌ نیشتمانی كردنا هێزی حزبی دروستده‌كرێت ،ئه‌وه‌ش له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ دیاره‌و پێویست به‌ پینه‌و په‌ڕۆ ناكات .

هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ركات زیاتر بۆنی دوو ئیداره‌یی لێدێت ،زه‌برو زه‌نگ و جیاوازی كردن له‌ نێوان شارو شوێنه‌كاندا وه‌ك رۆژی ڕوون دیاره‌ ، هه‌رێم بووه‌ به‌ گۆڕه‌پانی ته‌راتێنی توركیاو ئێران ، هیچ سه‌روه‌ریه‌ك نیه‌ له‌ كاتێكا فڕۆكه‌و میتی توركی له‌ كه‌لارو چه‌مچه‌ماڵ و سلێمانی ئازادیخوازان تیرۆر بكه‌ن، له‌ بادینان و هه‌ولێرهه‌ر مه‌پرسه‌ .

زۆر سه‌یره‌ هیچ بۆنه‌یه‌كی نیشتمانی ، ئاینی ، كۆمه‌ڵایه‌تی ، نابێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی هه‌رێم ناچاری ئه‌وه‌ بكات كه‌مێك به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌ ، نوكته‌كه‌ لێره‌دایه‌ وه‌ك چۆن وه‌ڵامده‌ره‌وه‌یان بۆ راپۆرته‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان داناوه‌ ، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ده‌مشڕیان بۆ هه‌ركه‌سێك داناوه‌ كه‌ پێیان بڵێت پشتی چاوتان برۆیه‌ .

25/03/2023



وتارەکانی تری نوسەر