مه‌رگی كه‌سانێك بۆشاییه‌كی گه‌وره له ژیانی كه‌سانێكی دیكه‌دا دروست ده‌كه‌ن ، بۆشاییه‌ك كه هه‌رگیز پڕنابێته‌وه مه‌گه‌ر به مه‌رگی دواتر ، یانی تۆ كه ئازیزێكت ده‌ڕوات به‌رده‌وام له گه‌ڵتایه ، ده‌شێت پێبخه‌نی ، سه‌یران بكه‌ی ، قسه‌ی خۆش بكه‌یت و گۆرانیش بڵێیت ، به‌ڵام ئه‌و به‌شێكه له ژیانت ، له بیره‌وه‌ریت ، له یادگه‌ت ، كه‌سانێك بۆشاییه‌كی ئه‌وه‌نده گه‌وره له ژیانی كه‌سانی دیكه‌دا دروست ده‌كه‌ن ، زۆر جار بڕواناكه‌ی ئیتر ئه‌وان نایه‌نه‌وه ، دوای زیاتر له ده‌ساڵ له شه‌هید بوونی فاخیری برام له ناو ئاپۆرایه‌كی زۆری جاده‌ی مه‌وله‌ویدا به دووری شه‌ش حه‌وت مه‌تر له خۆمه‌وه شه‌هید فاخیر وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وبێت له پێشمه‌وه بڕوات ، به ده‌نگی به‌رز سێ جار با‌نگم كرد ، ئه‌وانه‌ی ته‌نیشتم و به‌رده‌مم سه‌یری من و هاواره‌كه‌یان كرد ، له پڕ گه‌ڕامه‌وه دنیا راستیه‌كه‌و به خۆم وت " ئه‌وه تۆ له كوێی " ئه‌مه روداوێكی راستیه‌و خۆم به سه‌رم هاتووه ، نازانم كێی تر به دۆخی ئاوادا تێپه‌ڕیوه ، به‌و جۆره ئه‌و كه‌لێنه له ژیانی تۆدا ته‌نها مردنی خۆت پڕی ده‌كاته‌وه .
بۆ مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه ، بۆ ئێمه نازاتم بۆ ئه‌وانی كونجه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر گۆی زه‌وی وه‌سایه یان نا ، زۆر ژیان و زۆر مانه‌وه له یه‌ك شوێن نه‌فره‌تیه‌كی گه‌وره‌یه ،زۆر ژیان ده‌تكاته گه‌واهی ده‌رو ئازارچه‌شه‌ی مه‌رگی ئه‌وانی تر ، زۆر مانه‌وه‌ش له یه‌ك شوێن هۆگرت ده‌كات به كه‌سانێكه‌وه كه رۆیشتنیان ئازارت ده‌دا،مرۆڤی ئێستا پێویسته نه‌زۆر بژێت نه‌زۆر له یه‌ك شوێن ، یه‌ك شار ، یه‌ك وڵات ، یه‌ك كیشوه‌ر بمێنێته‌وه ، مانه‌وه شه‌ت و په‌ت و وێرانمان ده‌كات ، مرۆڤی ئێستا ده‌بێت دوو باڵی پێوه بێت بۆ فڕین ، بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌ڵ رابردوودا نه‌ژێت ، ژیان له گه‌ڵ رابردوودا هۆیه‌كی سه‌ره‌كی وێرانیه ، ئێستا كه تازه بیر له باڵی فڕین ده‌كه‌مه‌وه سه‌رده‌مه‌كه زۆر له‌وه خێراتر ده‌ڕوات كه ئێمه پێشبینیمان ده‌كرد .
لێره‌دا ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌و هه‌ست و نه‌سته مرۆییه بده‌م كه ئێمه هه‌مانه‌و مرۆڤی ده‌سكرد هه‌رگیز پێی ناگات ، با زاناكان ئه‌و په‌ڕی تواناش بخه‌نه گه‌ڕو به ئامێر بوكه‌ڵه جێ پێ به كیژۆڵه شۆخ و شه‌نگه‌كان له‌ق بكه‌ن ، كه ئه‌مه‌یان باوه‌ڕ ناكه‌م به ئاسانی بچێته سه‌ر گه‌رچی ئه‌مه‌ش پڕۆژه‌یه‌كی تره بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی مرۆڤ و ده‌شێت وه‌ك ڤایرۆسێكی جیاوازتر سه‌یری بكه‌ین ، هه‌ڵپه‌ی كه‌مكردنه‌وه كۆمپانیاكان و زانامرۆڤنه‌ویسته‌كان ناچاری دۆزینه‌وه‌ی هه‌موو رێگه‌یه‌ك ده‌كه‌ن ، لێ ئه‌و هه‌سته‌ی من له جاده‌ی مه‌وله‌وی هه‌راسانی كردم هه‌رگیز ده‌ستكردێكی ته‌واو كارامه‌ش پێی ناگات ، مرۆڤه‌كان پێویستیان به یه‌كتره له ناو یه‌كترا ،ئه‌م پێویستی بوونه به یه‌كتر جیاوازه له په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ و مرۆئامێری ده‌سكرد ، با ئه‌و ئامێر مرۆ ده‌سكرده توانای به دیهاتنی هه‌موو خه‌ونه‌كانی تۆشی هه‌بێت ، به‌ڵام مرۆڤ نیه.
من ئه‌گه‌ر رۆبۆته‌كه‌م بشكێ ، ورد‌و خاش بێت ، هه‌لا هه‌لا بێت ، وه‌ك ئۆتۆمبیله‌كه‌م ده‌كرێت بیبه‌مه لای فیته‌ر یان بیگۆڕم ، به‌ڵام مردنی یه‌كجاری ئازیزێك ، ئه‌وه له ده‌ستچوونی هه‌میشه‌ییه ، هیچ كارگه‌و كارخانه‌یه‌ك ناتوانێت بۆت بگێڕێته‌وه ، دڵنیام ئه‌گه‌ر كارگه‌و كارخانه‌ی له‌و جۆره هه‌با هه‌ر یه‌ك له ئێمه زۆر ئازیز‌و له به‌ر دڵانمان ده‌گێڕایه‌وه ، ئاخر جاری واهه‌یه من له گۆڕستان به دیار كێلی ئازیزانه‌وه ده‌وه‌ستم ، قسه‌یان له گه‌ڵ ده‌كه‌م ، ده‌چمه دۆخێكه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ته‌نیشتم وه‌ستابن ، پێكه‌وه له گۆڕستانه‌كه دێینه ده‌ره‌وه ، درود بۆ گیانی مردوه‌كان ده‌نێرین ، پێكه‌وه رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ شار ده‌گرینه به‌ر كاتێك سڵاوێك ، هۆڕینی ئۆتۆمۆبیلێك ، قاقای مناڵێك به هۆشم دێنێته‌وه ده‌بینم كوره خۆ كه‌سم له گه‌ڵدا نیه ، ئه‌وه ته‌نیا خۆمم ، ئه‌و نه‌له گه‌ڵما گه‌ڕاوه‌ته‌وه نه‌ئاگای له‌م گفت و گۆو هاتوو چۆیه‌یه ، زۆر جار دوا ییه‌ك ساڵ له مردنی ئازیزێك بیرم له قسه‌یه‌كی كردوه‌ته‌وه ، قسه‌یه‌كی خۆشی ئه‌و داومه له قاقای پێخه‌نین ، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و له ته‌كمه‌وه بێت ، كه هه‌ڵوه‌سته‌م كردووه، شه‌رم گرتومی ئه‌وه من خه‌ریكی چیم .
له راستیدا هیچ شتێك له سه‌ر گۆی ئه‌م زه‌ویه جێی مرۆڤ ناگرێته‌وه ، ئه‌و مرۆڤه‌ی باخچه‌ش دروست ده‌كات و ئه‌تۆمیش ، شیعریش ده‌نوسێ به فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانیش جوانی وێران ده‌كات ، مه‌رگ بۆشاییه‌كی گه‌وره له ژیانی هه‌موو ئه‌وانه‌دا دروست ده‌كات كه ئازیزێكیان له ده‌ست چووه ، یه‌ك كه‌لێن و بۆشای نا ، ده‌یان و سه‌دان دره‌نگ سه‌یری خۆت ده‌كه‌ی هه‌زار كه‌لێن و بۆ شای گه‌وره له ناخ و دڵتایه ، تازه ئیتر مه‌گه‌ر خۆتیش گله‌ی خۆت به‌ریته لای دوو كێل ، كه ده‌شێت ته‌نها ناوه‌كه‌ت و رۆژو ساڵی هاتن و چوونه‌كه‌ت له سه‌ری نووسرابێت و هیچی تر