جارێکی تر گوتاری کوردبوون

عەتا قەرەداخی

[ سەرەتا دەبێت بڵێم رۆڵی پارتە کوردیە پان عێراقی و پان تورکی و پان ئێرانی و پان سووریەکان و رۆڵی بەرنامەو کەسە یەکەم و بەدەسەڵاتەکانیان کە کارکردنیان لە سەنگەری کوردو لە کوردستانەوەو بە خوێنی گەنجی کوردو بە بەکارهێنانی سامانی نیشتیمانی کوردستان و بە نان و پێخەفی جوتیاری لادێکانی کوردستان و بە بەکارهێنانی خوێنی شەهیدان و بابەتی ئەنفال و کیمیاباران بۆ مەرامە حیزبی و کەسیەکانی خۆیان بە ئەندازەی هەژموون و دەسەڵاتی داگیرکەران خزمەتی داگیرکەرانی کوردستانیان کرد بۆ لاوازکردنی هەستی نەتەوایەتی کوردی و  بێ ناوەرۆک کردنی چەمکی کوردایەتی و دروستکردنی رایەکی نزیک لە گشتی بەوەی کە کورد ناتوانێت خۆی بەڕێوەببات و شایانی دەوڵەتداری نیەو باشتروایە لە سایەی براگەورەی عەرەب و تورک و فارسدا بمێنێتەوە.

ئەم پارتانەی کورد هاوپەیمانی و ملکەچییان لە عێراق بۆ عەرەب شیعە بێت یان سوونە، بۆ فارس یان بۆ چەمکی ئێرانیبوون بێت واتە بۆ ئەو هەڵەیەی کە لە سەدەی حەوتەمی پێش زاینەوە بەناوی جەمکی هاوکەلتوری پێکهاتووە بەربەستبووە لەبەردەم جیاکردنەوەی شوناسی کوردیو و ئێرانی یان فارسیداو، لە تورکیا گوتاری تورکیایەکی دیموکرات و کۆنفیدراسیۆنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سوریاش کۆپی کردنی هەمان گوتار، لە پەنجا ساڵی رابردوودا گەورەترین لێدان بووە لە گوتاری کوردی و لە کوردبوون، کە ئەوەش دەرئەنجامی کاری پارتە بەناو کوردیەکان بووە. بە تایبەتی ئەوانەیان پێگەی جەماوەریان هەبووەو هەیە زۆرینەی هەرە زۆریان دەکەونە ئەم چوارچێوەیەوە، کە لەراستیدا ئەم شیوە کارکردنەیان هەقە رێگای ئەوەیان پێنەدات ئیدیعای کوردایەتی و کوردستانیبوون بکەن، چونکە بەمشێوە کارکردنەیان نەک پەرەیان بە کوردبوون نەداوە بەلکو جەمکی کوردبوون و گوتاری کوردبوونیان بێ ناوەرۆک کردووەو ئینتیمای جەماوەری کوردیان بۆ نزمترین ئاست دابەزاندووەو تەنانەت ئیرادەی خەڵکی کوردستانیان بۆ ئاستێکی زۆر ترسناک هێناوەتە خوارەوە].[ دەزانم ئەم دەربڕینانە تفت و تاڵک و رەنگە ئازار بە زۆرینەی پارتە کوردیەکان بگەیەنێت، بەڵام ئەو ئازارە هەرگیز لە ئاستی ئەو زیانە گەورەیەدا نیە کە ئەمانە بە دۆزی کوردو بە کوردبوونیان گەیاندووە. دڵنیاشین مێژوو رەوتی خۆی دەکات و کوردبوون دەچێتە جەمسەری بەرامبەر داگیرکەران و هەموو ئەوانەی گۆرانی بە باڵای شۆخ و شەنگی داگیرکەراندا دەڵێن، چ پارت و چ تاکە کەس ئەنجامەکەی دەبینن. هەڵبەت جەماوەری ئاسایی خەڵک بێ گوناهەو ئەگەر هەڵوێستی خراپ یان دەربڕینی خراپ بەرامبەر بە کوردبوونیش دەرببڕێت، ئەوە تاوانەکە لە ئەستۆی پارتە کوردیەکانە، لە ئەستۆی دەستەبژێری سیاسی و رۆشنبیری کوردە، چونکە لە لایەک ئەوانەی لە باشوور ئیدارەیان بەدەستە نەیانتوانیووە نموونەیەکی باشی ئیدارەی خۆماڵی کوردی بنیادبنێنن، لە لایەکی تریش کۆی پارتە پان داگیرکەرەکانی کوردستان واتە هەموو ئەوانەی لە بری رۆیشتن بە ئاراستەی چەقی کوردستان و رۆحی کوردبوون، جوڵەیان بەرەو بەغداو تاران و ئەنقەرەو دیمەشقەو رۆحیان پەیوەستە بە رۆحی عەرەب و تورک و فارسەوە، کوردایەتیان لەبەرچاوی جەماوەری خەڵک سووک و بێ بەهاکردووە، بۆیە لەهەموو بارێکدا جەماوەری خەڵک بێ گوناهەو گوناهباری گەورەی سووککردنی کوردبوون و بێ ناوەرککردنی چەمکی نیشتیمان و نەتەوە دەکەوێتە ئەستۆی پارتە سیاسیە نانەتەوەییەکان و دەستەبژیری سیاسی و رۆشنبیری بی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی] .

کەواتە:

مەبەست لە گوتاری کوردبوون چیە؟ بەڵام پێویستە سەرەتا بزانین گوتار چیە؟ مەبەست لە گوتار پێکهاتەیەکیان دەربڕنێکی زمانیە کە دەشێ نووسراو یان گوتراو-زارەکی- بێت و بە بیرو زانیاری و ماناو دەلالات بارگاوی بکرێت. گوتاری نەتەوەیی پێکهاتەیەکی زمانیە بە بیرو زانیاری و ماناو دەلالاتە نەتەوەییەکان بارگاوی دەکرێ. هەر لێرەوە گوتاری کوردی یان کوردبوون ئەو گوتارەیە بە زمانی کوردی بەرهەم دێت چی نووسراو بێتیان زارەکی، هەروەها بە بیرو زانیاری و ماناو دەلالاتی کوردی بارگاوی دەکرێت. بیری کوردیش تەنیا کاتێکشووناسی کوردبوونی بەباڵا دەبڕرێت کە لە گەوهەردا کوردی بێت و سەرچاوەکەی کوردی بێت و دیدو روانینی کوردانە بێت و خواست و ویست و مافەکانی کوردی لە خۆیدا کۆکردبێتەوەو هەڵگرتبێت.

ئاشکرایە خواست و ویست و مافی هەر نەتەوەیان پێکهاتەیەکی ئیتنیکی لە سادەترین پێناسەدا ئەوەیە کە ئەو پێکهاتەیە خۆی خاوەنی هەموو شتێکی خۆی بێت. واتە خۆی ئەو کەسە بێت کە بڕیاری هەموو شتێکی خۆی بدات. بۆ نەتەوەو پێکهاتە داگیرکراو و دابەشکراو و ژێردەستە و چەوساوەکانی وەکو کوردیش خواست و ویست و سادەترین ماف بڕیاردانی چارەنووسی خۆیانە، کە ئەوەش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت ئەو پێکهاتەیە بە ئازادی و بێ هیچ رێگرییەک مافی ئەوەی هەبێت کە خۆی بڕیاربدات چی دەوێت.

کاتێ باسی گوتاری کوردبوون دەکرێت، دەبێ بزانین گوتاری کوردبوون بە ئاستێک لە گوتاری کوردی جیادەکرێتەوە ئەویش لە رووی زیاتر جەختکردنە سەر گەوهەری گوتارەکەو رووانین بۆ هێزو وزەی ناوەوەی گوتارەکەو شێوازی رەنگدانەوەی ئەو گەوهەرو ماهیەتە بە ئاراستەی دەرەوە. واتەگوتاری کوردبوون جەختکردنە لەسەر بوون و ماهیەتی ئەو پێکهاتە کە ناوی کوردە، دووەمیان واتە گوتاری کوردی ئەو قۆناغە نیشان دەدات کە ئەم پێکهاتە خاوەن بوون و ماهیەتە گوزارشت لە خۆی بکات بە شووناسی دیارو تایبەتی خۆیەوەو ئەوەش لە دەرەوەی گوتارەکەو کورد خۆیشی وەکوبەرهەمهێن و خاوەنی گوتارەکە دەبینرێت. بەڵام سەرئەنجام هەردوو گوتار پێکەوە کۆدەبنەوەو گوتاری نەتەوەیی کوردی پێکدەهێنن، کە بێ چەندوچوون ئەم گوتاری لەوەدا پێناسە دەکرێت کە گوتارێکە بە کۆی رەگەزە نەتەوەییەکان و خواست و ویست و تموحە نەتەوەییەکانی کورد بارگاوی کراوە، کە ئەویش لە گەوهەردا بریتیە لەسەر بەخۆیی و درووستکردنی دەولەَتی نەتەوەیی، چونکە کوردبوون مەبەست بوونی کوردە بە خاوەنی شووناسی خۆی، واتە شتێک نیە ناوی کوردبوون و کوردایەتی بێت بەبێ بوونی شووناسی کوردبوون. شووناسی کوردبوونیش مانای گەیشتنی کورد بە ئاستی ئامادەبوون و بەدەستهێنانی توانای خۆنمایشکردن لەبەرامبەر ئەوانی تری غەیری کورددا. کەی کورد دەتوانێت وەکو کورد خۆی لەبەرامبەر ئەوانی تردا نمایش بکات؟ بێگومان کاتێک شووناسێک هەبێت لەسەر ئاستی جیهانی ناوی شووناسی کوردی یان شووناسی کوردستانی بێت. هەر شووناسێکی لەم جۆرەش تەنیاو بەس تەنیا لە بوونی کورددا بە ئەندامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەست دێت. کەی کورد لە پێکهاتەی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیدا دەبێتە خاوەنی شووناس ؟ بێگومان کاتێک ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی. بۆ نموونە ئەگەر ئێستا کوردێک لەسەر ئاستی جیهانیەکەمین زانای فیزیای ئەتۆمی بێت و خەڵکی شاری سنە بێت، ئەوا لەناوەندی زانستی و پەیوەندی نێودەوڵەتیدا پێی دەڵێن زانایەکی فیزیکی ئێرانی. بەیەشار کەمال دەگوترێت نووسەری گەورەی تورک، بە بەهمەنی قوبادی دەگوترێت دەرهێنەری سینەمایی ئێرانی، کاتێ مەسعود محەمەد کتێبەکەی "بۆ پایەبەرز گورباشۆف” نووسی، بە بیرمەندو نووسەرێکی گەورەی عێراقی ناویان برد. واتە هەرچۆن ئیسماعیل بێشکچی دەڵێت هەموو داگیرکەرانی کوردستان، کوردستانی خۆیان هەیە، بەڵام کورد کوردستانی خۆیی نیە، کورد شووناسی داگیرکەرانی کوردستانی هەیەو شووناسی کوردستانییان کوردبوونی نیە. ئەمەش گەوهەری کێشەکەیە واتە وڵاتێک نیە کە شووناسی کوردستانی هەبێت و منی کوردیش هەڵگری ئەو شووناسە بم. تۆی هاووڵاتی من کە لە فرۆکەخانەکانی جیهان پاسپۆرتەکەت سەیردەکەن پێت دەڵێن عێراقیت، ئێرانیت، تورکیایت، سوریایت، کەس بە تۆ ناڵێت کوردیت جونکە وڵاتنامەی کوردستانیت نیە. هەرگیز ئێمە نابین بە خاوەنی شووناسی کوردی یان کوردستانی تاوەکو کورد نەبێتە ئەندامێکی دانپێدانراوی نێو پێکهاتەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. کەواتە ئێستا پرسیار ئەمەیە: ئایا کورد دەیەوێت ببێتە خاوەنی شووناسی کوری و کوردستانییان دەیەوێت هەڵگری شووناسی داگیرکەرانی کوردستان بێت؟

وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە زۆر بە سادەیی پەیوەندی بە ئاستی هوشیاری نەتەوەیی کوردەوە هەیەو لە دوو ئینتیمای جیاوازەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئەوانیش ئینتیمایە بۆ کوردستان، یان ئینتیمایە بۆ شووناسی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان. بێگومان کاتێک باسی شووناسی کوردبوون دەکەین بەهیچ شێوەیەک مەبەستمان ئەوە نیە کە کوردبوونمان لە عەرەببوون بۆ عەرەب و تورکبوون بۆ تورک و فارسیبوون بۆ فارس پێ لە پێشتر بێت،یان پیرۆزتر بێت. نەخێر مەبەستمان ئەوەیە کوردبوون بۆ کورد لە ئاستی عەرەببوون بۆ عەرەب و تورکبوون بۆ تورک و فارسبوون بۆ فارسدا بێت، بەڵام بەبێ شۆڤێنیزمەکەی ئەوان. ئەمەش ئەو ستاندارە مرۆیی و گەردوونیەیە کە هاوشانی لە نێوان نەتەوەو ئیتنیکە جیاوازەکاندا پێکدەهێنێت و برایەتی لە نێوان نەتەوەکانیشدا بەبێ هاوشانبوونیان پێکنایەت. کەواتە کوردبوون بریتیە لەو قۆناغەی کە مرۆڤی کورد تیایدا وەکو مرۆڤـــــ و بەدەرلە هەر رق و کینەو هەستێکی تری نەتەوەیی بەرامبەر بە ئەوانی تر گوزراشت لە بوون و شووناسی خۆی دەکات.

لەبەرئەوە ئێستا بە ئاشکرا دەتوانین بڵێین گوتاری کوردبوون بریتیە لەو گوتارەی کە بارگاوی کراوە بە رەگەزو توخمەکانی بوون و ئامادەبوون و خۆسەلماندنی کورد کە ئەوەییەکەمیان بوونی مادیانەی کوردە، واتە بوونی فیزیکیانە، دووەم و سێیەمیش دوو رەگەزن، کردار یان پراکتیک بەرهەمیان دەهێنێت و پێناسەیان دەکات،یان بە دەربڕینێکی تر بەرهەمهێنانی مادی ئامادەبوون و خۆسەلماندن پاساو دەدات و، بەبێ بوونی بەرهەمی مادی شتێک نیە ناوی ئامادەبوون و خۆسەلماندن بێت. مەبەست لە ئامادەبوون ئەوەیە کە بکەرێکی رووداو درووستکەریان بەرهەمهێن بوونی هەبێت. بە گوێرەی کوردیش تەنیا کاتێک دەبێتە بکەر کە رووداو لەسەر شوێن کە جوگرافیاکەی خۆیەتی درووست بکات، رووداویش بە گوێرەی کورد گواستنەوەیە لەم قۆناغەوە کە هێشتا نەبووەتە خاوەنی شووناسی کوردی بۆ قۆناغێک کە ببێتە خاوەنی شووناسی کوردی دانپێدانراو لەلایەن ئەوانی ترەوە. ئەوەش تەنیا کاتێک دەبێت کە کەسێتی کوردی کە مەبەست کەسێتی نەتەوەیی کوردیە لەسەر نەخشەی جیهانی سیاسی و لەسەر نەخشەی پەیوەندی نێودەوڵەتی بەجۆرێک بوون و ئامادەبوونی هەبێت کە هەم گوێ لە دەنگی بگیرێت هەم قسە بۆ گوێیەکانی بکرێت. ئەوەش تەنیا کاتێک دێـتە دی کە کورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی. خۆسەلماندن و ئامادەبوونیش کە جووتەیەکی لێکجیانەکراوەن بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی مانای راستەقینەی خۆیان، دەبێ کورد وەکو نەتەوە ببێتە بکەرێکی بەرهەمهێن، ئەوسا ئامادەبوون و خۆسەلماندن ماناوەردەگرن. تەنیا کاتێکیش ئامادەبوون و خۆسەلماندنی کورد لەلایەن ئەوانی ترەوە دانی پێدادەنرێت کە ئەم ببێتە ئەو بکەرە رووداو درووستکەرە کە بەشداری هەبێت لەبەرهەمهێنانی شارستانێتی مرۆڤایەتیدا. تاکو کورد نەبێتە دەوڵەت، ئەو بنەمایانەی نابێت کە دەیگەیەنێننە ئاستێک بتوانێت بەشداری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی،یان مرۆڤایەتی بکات و لەوێشەوە هەم بوونی بپارێزرێت و لە مەترسی لەناوچوون دەربازی بێت، هەم ئەو ئامادەبوونەی بیگەیەنێتە ئاستی بەدەستهێنانی ئەو شووناسەی کە پێی دەگوترێت شووناسی کوردبوون کە ئەوەش تەنیا کاتێک دەبێت کە گوتاری نەتەوەیی کوردی بگاتە بەرزترین ئاستی و لەسەر زەمینەی واقیع جێبەجێ بکرێت، ئەویش وەکو سەرەتا ئاماژەمان بۆ کرد تەنیا کاتێک دەبێت کە کوربوون بگاتە ئاستی عەرەببوون، تورکبوون، فارسبوون ….هەموو ئەوانیتر بوون بەڵام بە دیدێکی مرۆیی رووتکراوە لە هەست و هەڵوێستی شۆڤێنیستانە. تەنیا لەو ئاستەی بووندا کورد دەبێتە خاوەنی راستەقینەی بوونی خۆی، بوونێک کە رۆحی گشتی کۆمەڵگەی کوردی تیایدا بگاتە بەرزترین ئاستی بڵندبوون و لەوێوە گوزارشت لە بوونی خۆی بکات، کە ئەوە باری راستەقینەی بوونیەتی، بوون لە ئازادیدا، بوون لە دەرەوەی ترسی لەناوچوون، بوون لە دەرەوەی خۆبەستنەوەو پاشکۆیەتی بۆ داگیرکەرانی کوردستان، بوون لەیەکێتی و یەکبوونی نەتەوەییدا، بوون لە گوتاری نەتەوەیی کوردیدا، بوون لە دەوڵەتدا، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.


22/08/2023



وتارەکانی تری نوسەر