عێراق و ئایندەی دەستپێشخەریەکان

هیوا سه‌ید سه‌لیم

دوای ئەوەی وادە چل رۆژیەکەی موقتەدا سەدر بە کۆتاهات،  کە بەر لە مانگی ڕەمەزان  بە ڕکابەرەکانی لە چوارچێوەی هەماهەنگی دایبوو، تا کابینەی تازەی حکومەت پێکبهێنن، وا ئەمجارەیان لە بەناو دەستپێشخەریەکی دیکە سەرۆکی ڕەوتی سەدر ئەمجارەیان ڕوو لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان دەکات و داوایان لێدەکات لەسەر کاندیدێک رێک بکەون بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری تازە، بە ڕای سەدر ئەگەر سەربەخۆکان  توانیان ئەو هەنگاوە بنێن ئەوا ئەوان  وەک خۆیان پشتیوانیان لێدەکەن.

 

بەدەر لەو مانۆرانەی موقتەدا سەدر ئەنجامی دەدات،  کە وا پێشبینی دەکرێت لە سەرجەم ئەو پێشنیارانەی بۆ لایەنەکانی دیکە پرس و ڕای نەکردبێت بە هاوپەیمانیەکانی لە بەرەی رزگاری نیشتمانی،  کە جگە لە ڕەوتەکەی،  لە هەریەک لە بەشێک لە سونەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان پێکدێت، باس لە دەستپێشخەری هەریەک لە مەسعود بارزانی لایەنەکانی دیکەش دەکرێت بۆ شلەقاندنی گۆمی بەستووی پرۆسەی سیاسی عێراق.

 

شایانی باسە، حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پێشەوختەی عێراق تێدەپەڕێت، کەچی تا ئێستا پەرلەمانی هەڵبژێردراو بە هۆی ململانێی کوتلە براوەکان،  وە دابەشبوونیان بەسەر ئەجێندای هەرێمایەتی، پەرلەمان  نەیتوانیەوە لە ماوە دەستوریەکەی خۆی کە دەستور بۆی دیاری کردووە، هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری بکات، پرسی کوتلەی گەورە یەکلابکاتەوە، تا ئەو کوتلەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی تازە ڕابسپێردرێت.

 

وەک دەزانرێت جاری یەکەم نیە کە پڕۆسەی سیاسی عێراق تووشی قەیرانی لەم شێوەیە دەبێتەوە، هەر پەنابردنە بەر هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١،  زادەی بوونی قەیرانی حوکمڕانی بوو لە عێراق، بەڵام ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا کێشە و ناکۆکیش سەریهەڵدەدا،  لە پشتی پەرد وە تەنانەت بە ئاشکراش لایەنی دیکە لە ئاستی ناوخۆ و درەکی هەبوون کە دەبوون بە فڕیادڕەس بۆ کردنەوەی دەرگا داخراوەکان.

 

بەڵام لە ئێستادا هەموو لایەک بەشێکە لە قەیران (ئەمەریکا و ئێران، شیعە و شیعە، کورد و کورد، سونە و سونە)، بۆیە ئاسۆی دەربازبوونی عێراق لەم چەق بەستنە سیاسیە تا ئێستا هیچ ڕوون نیە.

 

موقتەدا سەدر، لە دوایین تویتیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردۆتەوە،  ئاماژەی بەوە داوە کە عێراق بەسەر سێ کوتلە دابەش بووە، کوتلەی بەرەی رزگاری نیشتمانی کە بۆ دامەزراندنی حکومەتی زۆرینە تێدەکۆشێت، کوتلەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە بە پێی ئەو خوێنددنەوەی دادگایی دەستوری عیراق بۆ دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری کردووە دەتوانن کوتلەی پەکخەربن، ئەوانیش بۆ پێکهێنانی کابینەی تازە داوای سازانی نیشتمانی دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێن عێراقی نوێ لەسەر بنەمای سازان دامەزراوەتەوە، هەروەها کاندیدە سەربەخۆکان لەو بەیەنە ماونەتەوە. بۆیە سەدر لەو یاریەی دوایدا هەوڵی داوە کارتی سەربەخۆکان بە قازانجی خۆی ڕابکێشێت.

 

لێرەدا تێدەگەین تا لایەنێک لە لایەنەکان دەست لە عینادی سیاسی خۆی هەلنەگرێت،  نە دەرگای داخراوی پڕۆسەی سیاسی دەکرێتەوە، نە دەستپێشخەریەکان هیچ شوێن دەگرێت.

 

 بۆیە باشترین دەستپێشخەری لە ئێستادا بە سازشی یەکێک لەو ڕکابەرانە دەکرێت بۆ ئەوەی دیکە، لە ئێستادا ئەوە هەنگاوەیان لە هیچ یەک لە لایەنەکان پێشبینی کراو نیە، بۆیە وا بڕوات دەبێت بیر لە ئەلتەرناتیڤی دیکە بکرێتەوە ئەویش هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دووبارە هەڵبژاردنەوە.

 

 

 

 


07/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر