دەم پارتی و کارتی باشاک دەمیرتاش

هیوا سه‌ید سه‌لیم

  هەڵبژاردنی شارەوانیەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان کەمتر لە دوو مانگی ماوە، کە بڕیارە لە ٣١ی ئاداری ٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت، بۆیە سەرجەم پارتەکانلەسەر ئاستی ناوخۆسەرقاڵی دەستنیشانکردنی کاندیدەکانی هەڵبژاردنن، لە ئاستی دەرەوەش قسەباس سەبارەت بە بەستنی هاوپەیمانیەتی دەکرێت.

بەرەی دەسەڵات کە بە هاوپەیمانی کۆمار ناسراوە کە پێکدێت لە (ئاکپارتی و مەهەپە) وێڕای نیگەرانیەکانی ئەکەپە لە سیاسەت و هەڵسوکەوتی مەهەپە،  بەڵام هاوپەیمانیەتیەکەیان  گۆرانێکی ئەوتۆی بەسەر نەهاتووە بگرە پێدەچێت لەم هەڵبژاردن بەیەکەوە بمێنەوە.
هەرچی بەرەی ئۆپزسیۆنە کە بە بەرەی شەش قۆڵی ناسرابوون دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە لە ئایاری ٢٠٢٣ ئەنجام درا، دوای  ئەوەی بەرەکەیان تووشی  پاشەکشە هات،پارتی باشە (ئی پارتی) کە (مێڕاڵ ئاکشەنەر) سەرۆکایەتی دەکات لەو هاوپەیمانیە کشایەوە.

لە تورکیا شارەوانیەکان بەسەر سێ ستێپ دابەش دەکرێن، ستێپی یەکەم پێێان دەوترێت گەورە شارەوانیەکان کە ژمارەیان ٣٠ شارەوانیە نموونەی (ئەستەنبۆل، ئەنقەرە، ئیزمیر، مێرسین، ئەدەنە.... هتد) لە باکووری کوردستانیش هەریەک لە (ئامەد، وان، ماردین، ئەرزەڕۆ، ئورفە، عنتاب، مەلاتیا، ئەرزەڕۆم) لە ڕیزی ٣٠ گەورە شارەوانیەکان هەژماردەکرێن.

ستێپی دووەم شارەوانی شارەکانە واتا پارێزگاکان کە ژمارەیان ٥٠ شارەوانییە، هەروەها ستێپی سێیەم شارەوانی شارۆچکەکانی پێ دەوترێت کە ژمارەیان نزیکەی ١٠٠٠ شارەوانیە.

شارەوانیەکان لە سیستەمی ئیدارەی تورکیا دەسەڵاتی زۆریان هەیە بە تایبەت لە گەورە شارەوانییەکان چونکە ئەو شارانە خاوەنی داهاتی زۆرن، بۆیە پارتە سیاسیەکان گرنگی یەکجار زۆر دەدەن بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان.

لە هەڵبژاردنی ڕابردوو هەدەپ وێڕای هەموو ئاستەنگەیەکان کە ئەکەپە بۆی درووستکرد، لەسەر دوو ئاست توانی تا ئاستێک سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەدەست بهێنێت یەکەمیان بردنەوەی بەشێکی  شارەوانیە مەزنەکانی باکوور لە کۆی٨ گەورە شارەوانی باکوور ٣ یان هەدەپ بەدەستی هێنا ئەوانیش (ئامەد، وان ، ماردین). 

لە ئاستی دووەمیش هەدەپ بە پاڵپشتی کردنی لە کاندیدی ئۆپزسیۆن توانی ئەکەپە لە گەورە شارەوانییەکانی وەک (ئەستنبۆل، ئەنقرە، ئیزمیز) تووشی شکستێکی گەورە بکات.

بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە ئەوەیە کە هەدەپ سوودێکی ئەوتۆی لە سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ٢٠١٩ شارەوانیەکان نەبینی، ئەویش بە هۆی ئەوەی لە شارەوانیەکانی باکوور ئەکەپە هەرزوو سەرۆک شارەوانیەکانی هەدەپەی لەسەر کار لادا و هەندێکی خستە زیندان و لە شوێنی ئەوانیش قەیوم داندران.

هەروەها لە پشتیوانیکردنی ئۆپزسیۆن بۆ بردنەوەی گەورە شارەوانییەکان سوودێکی ئەوتۆی نەبینی، بۆیە لە ئێستادا کە بۆ هەڵبژرادنی ٣١/٣/٢٠٢٤ ی شارەوانیەکان ماوەیەکی زۆری نەماوە دەم پارتی کە جێگرەوەی هەدەپەیە دەیەوێت بە تاکتیک و سیاسەتێکی تازە بچێتە ناو هەڵبژاردن، بە تایبەت کە دەزانرێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی بەهۆی پشتیوانیکردن لە کاندیدی ئۆپزسیۆن بۆ سەرۆکایەتی تورکیا دەنگەکانی هەدەپ پاشەکشەیان کرد.

یەکێک لەو تاکتیکانەی کە دەم پارتی پەێڕەوی دەکات ئەوەیە بە بێ بەرامبەر ئامادەنیە جارێکی دیکە  پشتیوانی لە کاندیدەکانی ئۆپزسیۆن بکات و لەو بارەیەوە ئەلتەرناتیڤی خۆشی دەبێت.

قسەکردن لەسەر ئەوەی باشاک دەمیرتاش هاوژینی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپ (سەڵاحەدین دەمیرتاش) کە ساڵانێکە لە زیندانە دەبێتە کاندیدی دەم پارتی بۆ شارەوانی ئەستەنبۆل یەکێکە لەو ئەگەرانەی کە ئەگەر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) نەچێتە ژێر باری داخوازیەکانی دەم پارتی ئەوا (باشاک دەمیرتاش) بۆ خۆبەربژێرکردن ئامادەیە.

لەوبارەیەوە رۆژی ٢١/١ کاتێک لە سەردانی زیندانی ئەدەرنە دەگەڕایەوە لە وەڵامی ئەوەی ئایا ئامادەیە خۆی بۆ سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبۆل کاندید بکات گووتی " ئەگەر دەم پارتی داوام لێبکات خۆم کاندید دەکەم"

دەم پارتی سیاسەتێکی ژیرانە دەکات بەوەی ئەمجارەیان هەموو هێلکەکانی ناخاتە سەبەتەی ئۆپزسیۆن،  بۆیە کارتی باشاک و کاندیدبوونی کارتێکی باش دەبێت. چ ئەگەر ئۆپزسیۆن چووە ژێر باری داواکانی دەم پارتی یان بەوەی دەم پارتی بە کاندیدی خۆی بچێتە ناو کێبڕکێکانی هەڵبژاردنی شارەوانی.

لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا سەنگی کورد لە شارە گەورەکانی تورکیا بە تایبەت لە ئەستەنبۆل دەرکەوتووە کە سەرووی ١٠٪ یە  ئەگەر بە سیاسەتێکی ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەنگانە بکرێت دەکڕێت بەشیک لە هاوکێشە سیاسیەکان بۆ بەرژەوەندی کورد گۆڕانیان بەسەر دابێت.


26/01/2024



وتارەکانی تری نوسەر