لە رۆژی رۆژنامەگەری کوردیدا.. ئاستەنگەکان تا دێت زیاتر دەبن

هیوا سه‌ید سه‌لیم

                                                    
22ی نیسان، چەژنی رۆژنامەگەری کوردی ئەمساڵ  تێکەڵاوی چەژنی رەمەزان دەبێت،  کەچی رۆژنامەنووسانی کوردستان لەو چەژنەدا  بەدەست کۆمەڵێگ گرفتەوە دەناڵێنن.

شایانی باسە، 125ساڵ لەمەوبەر لە 22ی نیسانی ساڵی 1898 یەکەم رۆژنامەی کوردی بە ناوی کوردستان لە قاھیرەی پایتەختی میسر لە لایەن بنەماڵەی بەدرخانیەکان و لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخانەوە دەرچوو.

رۆژنامەی کوردستان لە شاری قاھیرەی پایتەختی میسر بڵاوکرایەوە، ئەو رۆژەەش وەک رۆژی رۆژنامەگەری کوردی دیاریکرا ، بەڵام لەلایەن دەستەی یاسادانانەوە بەڕەسمی نەناسێنرابوو، دوای 123 ساڵ لە دەرچوونی ئەو رۆژنامەیە، پەرلەمانی کوردستان 22ی نیسانی بەڕەسمی بە رۆژی رۆژنامەگەری ناساند.

شایانی باسە جگە لە ناساندنی 22ی نیسان بە رۆژی رۆژنامەگەری کوردی پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی رێکخستنی بواری رۆژنامەگەری تا ئێستا چواری یاسی دەرکردووە کە بریتین لە:

"یاسای سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستانژمارە 4ی 1998 کە لە   4ی 2004 هەمواری بۆ کراوەتەوە.یاسای سندووقی خانه‌نشینی رۆژنامه‌وانانی كوردستان ژمارە 13ی ساڵی 2001 ، یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستان ژماره‌ (35) ساڵی 2007 ، یاسای مافی ده‌ستكه‌وتنی زانیاری له‌ هه‌رێمی كوردستان ژمارە 11ی 2013 "

شایانی باسە،  وێڕای بوونی ئەم چەند یاسایە لە هەڕێمی کوردستاندا،  بەڵام بواری کاری رۆژنامەنووسی هێشتا بێ گرفت نیە، رۆژنامەنووسان هێشتا دەگیرێن و بە یاسایی جیاجیاوە سزا دەدرێن، بەبێ ئەوەی  لە  دادگاکان  وەک رۆژنامەنووس مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، لە کاتی کارکردن لێیان دەدرێت،دەڕفێندرێن،دەست بەسەر کەلوپەلی رۆژنامەوانیان دادەگیرێت، جیاکاری لە نێوانیان دەکرێت، بەشی زۆریان لە پێدانی زانیاری بێبەشدەکرێن.

هەموو ئەوانەی ئاماژەمان پێدان بوونەتە هۆی ئەوەی رەخنەکان لەسەردەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان زیاتر کەڵەکە بن، هەر بۆیە دەبینن لەو چەند ساڵەی دواییدا بەرتەسککردنەوەی کاری رۆژنامەوانی و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان وەک رەخنە لە راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان و رێکخراوە لۆکاڵیەکان ئاماژەیان پێدەکرێت.

ساڵی 1935 شێخ مەحمودی نەمر لە چەژنی رەمەزاندا لە بەغدا دەستبەسەر دەبێت، شاعیرێکی کورد لە جیاتی پەیامی چەژنانە کۆپڵە شیعریکی بۆ دەنووسێت دێری یەکەمی دەڵێت: -" چەژنی کەسێک موبارەک بێت کە سەربەست و حوڕ بژیت".

رۆژنامەگەرئ کوردیش کاتێک دەتوانێت بڵێت 22ی نیسان جەژنێکی تەواوە بۆیان، کە کارەکتەرەکانی ناو ئەو بوارە ئازادبن لە کارەکانیان و بە پێی یاسا بەرکارەکان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، نەک بەشێکیان بە تۆمەتی جیاجیا لە زیندان بن و ئەوانی دیکەش هەر رۆژە و یەکێکیان نێوجاوانی بە خوێن سوور بکرێت.


22/04/2023



وتارەکانی تری نوسەر