ئەردۆگان دەستپێکێکی باش بەڵام کۆتاییەکی خراب

هیوا سه‌ید سه‌لیم
مێژووی سیاسی ئەردۆغان دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی هەشتاکان وسەردەمی سەرهەڵدانی حزبە ئیسلامیەکان لە تورکیا ، بەڵام دەرکەوتنی وەک سەرکردی ڕەوتێکی ئیسلامی بۆ دوای داخستنی حزبی فەزیلەت بە سەرۆکایەتی نەجمەدین ئەربەکان دەگەڕێتەوە، ئەردۆگان بەو پێیەی ساڵی ١٩٩٤- ١٩٩٨ سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبۆل دەبێت،  دوای داخستنی حزبی فەزیلەت لەسەر میراتی ئەو حزبە قەدەغەکراوە دوو ڕەوتی دیکەی ئیسلامی سەرهەڵدەدەن ئەویش پارتی دادوگەشەپێدان و حزبی سەعادەت.

لە ١٤ ئابی ٢٠٠١ پارتی دادو گەشەپێدان دامەزرا، رەجەب تەیب ئەردۆگان بووە یەکەمین سەرۆکی ئەو پارتە، ئەگەرچی سەرەتا سەرکردەکانی ئەو حزبە ئیدیعایان دەکرد کە پارتەکەیان حزبێکی دیموکراتی کۆزرفاتیڤە، هەڵگری بیروباوەڕی ئیسلامیە نەک حزبێکی ئیسلامی بێت، AKP لەسەرەتا سەرمایەداری و بازاڕی  کردبووە بەرنامەی تێکۆشانی خۆی  تا تورکیا بگەینتە ناو یەکێتی ئەوڕوپا.

تا ئێرە وەک حزب باشیان هێنابوو، بەشی شێری ئەو باشیەش دەگەڕایەوە بۆ کارنامەی ئەحمەد داودئۆغلۆ کە ماوەیەک وەزیری دەرەوە بوو دواتر بوو بە سەرۆک وەزیران، بەڵام بەدوورکەوتنەوەی دادوئۆغلۆ لە پارتی دادوگەشەپێدان ئیدی ئەو پارتە لەسەر شاڕێی ستراتیژی خۆی لایدا و بووبە حزبێکی ئایدیۆلۆژی ئیسلامی بەشێوەیەک کە بە هۆی دەستوەردانی لە  زۆر پرسی جیهانی پاشەکەشەی بە فکر و سیاسەتی ئەکەپە کرد کە بۆی دامەزرابوو، لە نموونەی هەوڵی بۆ کۆکردنەوە و برا گەورایەتی بۆ ئیخوانی جیهانی، کە ئەمەیان لە سەردەمی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی بە زەقی هەستی پێدەکرا، وە بووە هۆی سەرهەڵدانی چەندین قەیرانی دبلۆماسی لە نێوان تورکیا و ئەو وڵاتانەی بەر شاڵاوی بەهاری عەرەبی کەوتوون لە نموونەی (میسڕ وسوریا و لیبیا ...هتد).

ئەگەر بێینە سەر چاکسازیە ئابووریەکانیش کە لە سەردمی دەسەڵاتی ٢٠ ساڵی دەسەڵاتی پارتی دادوگەشەپێدان ڕوویانداوە و هەمیشە ئەو پارتە و دۆستەکانیشیان لێرە و لەوێ خۆی پێبادەدەن،  ئەوا لەو بوارەشدا ئەکەپە بە باشی هێنای و کۆتاییەکەی یەکجار خراب بوو.
راستە لەسەردەمی دەسەلاتی ئەکەپە تورکیا بۆ یەکەمین جار دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی G20 ، کە یەکێکە لە یەکەمین ڕوانگەی ئابووری لە ئاستی جیهاندا، هەروەها کورسی لە رێکخراوی سندوقی دروای نێودەوڵەتیIMF و ئەنجومەنی بانکی دەولی بەدەستهێناوە، کە ئەمەشیان سیاسەتی ئابووری ئەوسای وەزیری بازرگانی عەلی بابەجان بوو، بە دوورکەتنەوەی ئەویش لە ئەکەپە ئێستا ئابووری تورکیا بە هۆی هەڵئاوسانی زۆر و بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری و داکەوتنی بەهای لیرەی تورکی لە خرابترین دۆخدایە.

لە ئێستادا کە تورکیا لەبەرەدم هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازدایە، ئەگەر سەردەمی سەرۆک شارەوانیش بۆ ئەردۆگان هەژمار بکەین ئەو ٢٩ ساڵە ئەردۆگان لە دەسەڵات دایە. 

 چوار ساڵ سەرۆکی شارەوانی گەورەترین شاری تورکیا بووە، کە ئەستەنبۆلە (١٩٩٤-١٩٩٨)، یانزە ساڵ سەرۆک وەزیرانی تورکیا بووە (٢٠٠٣-٢٠١٤)، حەوت سالە لە پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیایە (٢٠١٤-٢٠٢٣)، ئەردۆگان لە هەر سێ ئەزموونی سەرۆکایەتی (شارەوانی، وەزیران، کۆمار) کۆتاییەکەی خراب بووە.

شایانی باسە، چەند رۆژیکی کەم بۆ هەڵبژاردنی ١٤ گوڵانی ٢٠٢٣ ماوە، کە خەڵکی تورکیا لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدان چارەنووسی دەسەلاتی پارتی دادوگەشەپێدان و هاوپەیمانەکەی مەهەپەی نەتەوەپەرست و خودی رەجەب تەیب ئەردۆگان یەکلایی دەکەنەوە، پەیوەست بەو بوارە هەموو  ڕاپرسیەکان و پێشبینیەکان ئەومان پیدەڵێن ئیدی خۆری ئەردۆگان ڕوو لە ئاوابوونە.

هەر بە ڕاستیش کاتی ئەوە هاتووە ئەردۆگان و هاوپەیمانیەتی فەرمانڕەوای تورکیا ( MHP,AKP) لەو هەڵبژاردنەدا باجی خرابی حوکمـڕانی خۆیان بدەن،  کە خۆی دەبینێتەوە لە قەیرانی دبلۆماسی لەگەڵ ئەمەریکا و ئەورپا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، دەستورەدان لە کاروباری وڵاتان، پەیڕەوکردنی سیاسەتی شەڕ دژ بە خەلکی کوردستان لە ئاستی ناوخۆ و بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە سەرووی هەموو ئەمانەشدا قەیرانی ئابووری و خرابی ژیان و گوزرانی هاوڵاتیان لە سەرتاسەری تورکیا بە گشتی و باکوری کوردستان بە تایبەتی.

04/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر