"دۆر دڕا و تەقەی بڕا" *

هیوا سه‌ید سه‌لیم
*ئەوەی سەرەوە ئیدیۆمێكی كوردییە، بۆ دۆخی ئێستای مشتومڕەكان و ناكۆكیەكانی پڕۆسەی پەسندكردنی بودجەی عێراق رێكدێتەوە.
چەند رۆژێك بوو هەموو چاوەكان لەسەر هەنگاوەكانی پەسندكردنی بودجە بوون، لە هەرێمی كوردستان جگە لەوەی مووچەخۆران و خانەنیشینان بە ئومێدەوەبوون ئەو بەڵێنەی پێیاندرابوو بۆ گێڕانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكانیان لە بودجەی 2023-2024-2025 جێگای بۆ بكرێتەوە.  تا ئەو مافە زەوتكراوەیان بۆ بگەڕێتەوە كە خۆی دەبینێتەوە لە پاشەكەوتی چەندین مانگی مووچەی تەواو و نیو مووچە و چارگە مووچە ساڵانی رابردوو كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان لێیان بڕدراوە.
بەڵام مخابن زۆرینەیەك لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە دژ بەو مافەی چین و توێژی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان باڵادەستتر بوون لەوانی دیكە كە پێداگربوون لە جێكردنەوەی ئەو بابەتە لە ماددەكانی بودجە بۆیە هەوڵی ئەوان سەركەوت.
ئەوی بینیمان ئەوە بوو كە ئەم ماددەیە لە سەفقەیەكی گوماناویی سەری تیاچوو، بۆیە بەم شێوەیەش بێت تا سێ ساڵی دیكە دەبێت هەمووان لە چاوەڕوانی گۆدۆ دابن بۆ گێرانەوەی مووچەی پاشەكەتكراوەكانیان.
شایانی باسە، بودجەی سێ ساڵی عێڕاق دوای مشتومڕێكی زۆری كوتلە سیاسیەكان پەسەندكرا، بۆیە ئێستادا مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان جگە لە چەكی دەستی خۆیان كە خۆی دەبینێتەوە لە تۆڵەكردنەوە لەسەر سندوقەكانی دەنگدان لەوانەی دژ بە گێڕانەوەی پاشەكەوت بوون و هەروەها پەنابردنە بەر فشاری مەدەنی و یاسایی بۆ گێڕانەوەی مافەكانیان هیچی دیكە شك نابەن.
یەكەم هەنگاو بۆ ئەنجامدانی فشاری مەدەنی دەبێت داوا بكرێت كە حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم هەژمارەی بانقی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بكاتەوە.
 ئەو هەژمارەیە لە قۆناغی یەكەم كارابكرێت بۆ دانەوەی قەرزەكانی حكومەت لە لای هاوڵاتیان كە خۆی دەبینیتەوە لە قیستی خانووبەرە و پارەی خزمەتگوزاری ئاو و كارەبا و قەرزەكانی دیكە.
هەنگاوی دووەم دەبێت نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران پێی هەڵسن، ئەویش تۆماركردنی سكاڵای یاساییە لە دادگای فیدراڵی دژ بە ئەوانە كۆسپ بوون بۆ تێپەڕاندنی ئەو بڕگەیە لە ماددەی 14ی بودجەی عێراق.
ئەگەر هیچ یەك لەو دوو خاڵانە ئەنجامیان نەبوو دەبێت فەرمانبەران پەنا ببەنە بەر مانگرتنی سەرتاسەریی لەسەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان بە بێ جیاوازی و دوور لە هەر ئەجێندایەكی سیاسی .
چونكە وا بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عێراق پەسەندكرا بە بێ ئەوەی خەونی مووچەخۆران لە گێڕانەوەی پاشەكەوت بهێتەدی.
ئەوەیە كە دەوترێت (دۆر دڕا و تەقەی بڕدرا)، دەنگدان لەسەر بابەتی پاشەكەوت ئەوەمان پێدەڵێت كە زۆرینەی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خزمەتی ئەجێندای حزبی دابوو،  بۆیە بابەتی گێڕانەوەی پاشەكەوت دەنگی نەهێنا. 


12/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر