دیوە شاراوەکانی پشتی دواکەوتنی مووچە

هیوا سه‌ید سه‌لیم
ئەگەر لە چەند مانگی رابردوودا هەموو بیانووەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هێشتنەوەی سزای لێبڕینی٢١٪ مووچە بریتی بووبێت لە بەڵێنی دابەشکردنی مووچە لە سی رۆژ جارێکدا. 

 وا خەریکە ئەو بەڵێنەش پاشەکشەی لێدەکرێت، بەوەی دەبینین سەرەڕای ئەوی لێبڕین درێژەی هەیە، مووچەش وا جارێکی دیکە دوا دەکەوێت و حکومەتی هەرێم لە کاتی دیاریکراودا مووچە دابەش ناکات.

شایانی باسە دوای بڕیاردان لەسەریاسای بودجەی ٢٠٢١،  لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەو بودجەیە، فەرمانبەرانی هەرێم چاوەڕوان بوون کە حکومەتی هەرێم سزای لێبڕینی مووچەیان لەسەر هەڵگرێت. بەڵام وا بڕوا دەبێت بڵێین ( بۆ ریش چووین سمێڵماندانا بانی)، چونکە  خەریکە جارێکی دیکەوەک ساڵی پار مانگی حکومەتی هەرێم درێژ دەبێتەوە بۆ (٤٠-٥٠) رۆژ، ئەنجامی ئەو سیاسەتەش بریتیدەبێت لە تێبزرکردنی مووچەی چەند مانگێک،  وەک  پێنج مانگی ساڵی پار.

لە سەرەتای ئەمساڵدا،  بە دیاریکراوی لە چەند مانگی رابردوو زۆرێک لە فەرمانبەران دڵخۆشبوون بەوەی کاتی وەرگرتنی مووچەکەیان دیاربوو، بەوەی حکومەتی هەرێم لە ماوەی تەنیا لە هەفتەیەکی کۆتایی مانگدا مووچەی تەواوی وەزارەت و دەستەکان و خانەنیشینی دابەش دەکرد.

 بەڵام وا جارێکی دیکە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار رووبەڕووی گرفت کراوەتەوە، بەشێوەیەک کە بە دوو رۆژ مووچەی وەزارەتێک دابەش دەکرێت.

شایانی باسە گرفتی دواکەوتنی مووچەی مانگی ئایار لە ناوخۆی هەرێم  قسەوباسی جیاوازی لەبارەیەوە دەکرێت، بەڵام ئەوەی تا ئێستا نەیتوانیوە روونکردنەوە سەبارەت بەو قەیرانە بدات وەزارەتی دارای حکومەتی هەرێمە، کە وەزارەتی پەیوەندیدارە بەو پرسە، ئەوەشیان بۆ سروشتی ئەو کابینەیە دەگەڕێتەوە.

هەفتەی رابردوو لە نێو کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا، پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی هەریەکە و ئەویتریان تۆمەتبار دەکرد بەوەی داهات ڕادەستی حکومەت ناکەنەوە،  تا حکومەت بتوانێت مووچە لە کاتی خۆی دابەش بکات، ئەگەرچی دوای ئەو شەڕ قسەیەی نێوان پەرلەمانتار و میدیای پارتی و یەکێتی،  بە لێدوانیرێباز حەملان،  گەورە راوێژکاری دارایی سەرۆکی حکومەت، جۆرێک لە گرژی نێوان پارتی و یەکێتی خاوکرایەوە، کاتێک ووتی:

" پرسی دواکەوتنی مووچە هونەریە پەیوەندی بە داهاتی نەوتەوە هەیە کە بەهۆی پشووی هەفتە ئەو داهاتە نەخراوەتە سەر حیسابی حکومەتی هەرێم" 

پشووی هەفتە تێپەڕی، بەڵام قەیرانی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە هەر وەک خۆیەتی، ئەوەی تا ئێستا روون نیە ئەوەیە کە ئایا حکومەت لەو مانگەدا داهاتەکانی بۆ کۆنەکراوەتەوە، یان دەیەوێت وای نیشانی بەغدا بدات کە کێشەی لە داهات هەیە؟

وەک دەزانرێت سەرچاوەکانی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە پارەی بەغدا کە هێشتا بە هۆکاری رێکنەکەوتنی بەغدا و هەرێم نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە،  باقی داهاتەکانی دیکە بریتین لە (داهاتی فرۆشی نەوت و داهاتی ناوخۆ و هاوکاری هاوپەیمانان)، پێناچێت بۆ ئەم مانگە گرفتلە سێیەمیان هەبێت، چونکە ئەگەر هاوپەیمانان هاوکاریەکەیان ڕادەستی حکومەتی هەرێم نەکردایە،  ئەوا لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە یەکسەر مووچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە رادەگیرا، وەک لە چەند مانگی رابردوو بینیمان.

کەوایە ئەگەر حکومەت پارەی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار نەبێت، ئەو کێشەکە لە داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆیی هەیە، بۆیە پێدەچیت دوای دواکەوتنی داهاتی فرۆشی نەوت، کە ئەمەشیان (ماستێکی بێ موو نیە) داهاتەکانی ناوخۆش وەک پێویست رادەست نەکرا بن.

 لێرەدا تێدەگەین کە هەموو لایەک راستیان فەرمووە بەوەی داهاتی نەوت نەگەڕاوەتەوە و ئەوەی ناوخۆش رادەست ناکرێت!!
ئەگەر واش نەبێت، حکومەتی هەرێم مەبەستی بێت بۆ رێکەوتنی لەگەڵ ناوەند کارتی مووچەی فەرمانبەران بۆ فشار لەسەر بەغدا بەکار بێنێت، کە ئەمەشیان رێی تێدەچێت، چونکە قەیرانی دواکەوتنی مووچە هاوکاتە لەگەڵ چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، ئەوا ئەمەشیان سیاسەتێکی شکستخواردووە.

 چونکە بەغدا لە ئێمە باشتر دەزانێت هەرێم داهاتی چەند، بۆیە چوونە بەردەم بەغدا بەو لاوازیە لە شاردنەوەی داهات، ئەنجامەکەی گەڕانەوەیە بە هەگبەی خاڵی.

دوا جار دەبێت ئەو بزانین کە دیوە شاراوەکەی دواکەوتنی مووچە بریتیە لە نەبووبی شەفافیەت لە داهات لە هەرێمی کوردستان.



02/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر