عوزر لە قەباعەت خرابتر

چۆمان هەردی
چەند سەرنجێک لەسەر دوا ھەڵبژاردنی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت کە لە ساڵی ٢٠١١دا ئەنجامدرا، رێژەی ژن لە بەشی سەرەوەی ھەرەمی دەسەڵاتی بزوتنەوەی گۆڕان، حیزبی شیوعی و زەحمەتکێشاندا لە حیزبەکانی تر نزمتربوو. لە دوا ھەڵبژاردنی گۆڕاندا بۆ خانەی راپەڕاندن ئەم رێژە کەمەش سەرنگوون بوو. ئەوەی بۆ من جێی سەرنجە ئەو ھەموو داکۆکییەیە کە لایەنگران و ئەندامانی گۆڕان دەیکەن لە غیابی ژن و گەنج لەم خانەیەدا. گوایە گەنج ئەو کەسە نییە کە تەمەنی کەمە، بەڵکو ئەوەی کە بە رۆح و بە دڵ گەنجە و دید و پرۆژەی ”گەنجانە"ی ھەیە. ھۆکاری نەبوونی ژنیش دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئەوەی کە گوایە ”ژن وەک ھێزێک بوونی نییە" و ناتوانێت فشار دروستبکات.

من لێرەدا دەمەوێت بە کورتی وەڵامی ئەو دوو جۆرە ”عوزرە" بدەمەوە. سەرەتا ئەوە خۆھەڵخەڵەتاندنە کە پێمان وابێت گرووپێکی کۆمەڵایەتی، کە لەم نموونەیەدا گرووپێک پیاوی تەمەندار و خاوەن ئەزموونی سیاسیین لە یەکێتیدا، دەتوانن نوێنەری خواست و دنیابینی گرووپێک گەنج بن کە ئەزموونی خەباتی چەکدارییان نەکردووە و لەدوای ئەم خەباتەوە، لە فەزای ”ئازادی"دا خەونەکانیان گەشەی کردووە، یان نوێنەری ژنان بن کە بەرژەوەندی و ئەزموونی کۆمەڵایەتی و سیاسی جیاوازیان ھەیە لەم پیاوانە. لە ھەر سەردەمێکدا نەوەی تازە ھاتووە و بە جیھانبینی و خەون و خواستەکانییەوە دژی بەھا کۆمەڵایەتییەکانی نەوەکانی پێش خۆی وەستاوەتەوە و جیھانی گۆڕیوە. گەر ھەوڵ و کۆششی نەوە نوێکان نەبووایە بۆ گۆڕانکاری، زۆرێک لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و سیاسییەکان دروستنەدەبوون. وەڵام بۆ ئەوانەش کە دەڵێن نەوشیروان مستەفا گەنج نەبوو، بەڵام گەنجانێکی زۆری لە دەور بوو ئەوەیە کە بەڵێ ئەو گەنج نەبوو، بەڵام باوەڕی بە وزە و توانا و دنیابینی گەنجان ھەبوو ھەر بۆیە دەرفەتی دانێ بێنە پێشەوە. ئەو ئیدیعای ئەوەی نەکرد کە دەتوانێت نوێنەرایەتی گەنجان بکات، بەڵکو رێگەی دا گەنجان خۆیان نوێنەرایەتی خۆیان بکەن. بۆیە ئەم خانە نوێیە نەک ھەر نائومێدکەرە بۆ ئێمەی ھاوڵاتی بەڵکو رەنج-بەباچوونی رێکخەری پێشووی بزووتنەوەکەیە.

پرسیاری دووھەم ئەوەیە کە ئایا ژن وەک بکەری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە دوای راپەڕینەوە بوونی ھەبووە یان ”ھێزێک" نییە تا حسابی بۆ بکرێت بۆیە پشتگوێ دەخرێت؟ بەبڕوای من ئەوانەی کە لەسەر کار و دەستکەوت و ئاستەنگەکانی بەردەم ژنان نەوەستاون و خوێندنەوە و تێگەیشتنیان بۆ دۆزی ژن نییە، دەتوانن قسەی وا بکەن. ئەوان بە ئاسانی ھەموو کار و چالاکی و دەستکەوتەکانی ژن زەڕبی سفر دەکەنەوە و نایانەوێت ئەوە ببینن کە بەشێکی ئەو گۆڕانکارییانەی لە یاساکانی ئێمەدا کراوە، ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر وێنەی ژندا ھاتووە، ئەو دەرفەتانەی کە ئێستا بۆ نەوەی نوێی کچان رەخساوە و بۆ نەوەکانی پێشتر نەبوون، بەبۆنەی کار و کۆڵنەدانی ئەو ژنانەوەیە کە شەڕی سیستەمی پیاوسالارییان کردووە. لەم سیستەمەدا ھەتا ئێستاش لەجیاتی ئەوەی پیاو بەرپرسیار بکرێت لە ئاست تاوانەکانیدا بەرامبەر بە ژن، ژن بەرپرسیار و تاوانبار دەکرێت چ وەک تاکەکەس (خەتای خۆیەتی- جوابەجێیی ئەکات، خەتای خۆیەتی- حەزوحەزکاری ئەکات، خەتای خۆیەتی- گوێڕایەڵ نییە، خەتای خۆیەتی- جلی رووت لەبەردەکات، ھتد) و چ وەک گرووپ (با ژنان خۆیان کێشەی خۆیان چارەسەر کەن، ئەوە ژنێکی تر کوژرا، بۆ ھیچ ناکەن؟ ئێوە کۆمەڵگاتان نەگۆڕی و ھەر خەریکی پارەپەیداکردنن، ھتد). لەم سیستەمەدا چەند ئاسانە کە گرووپی قوربانی بکرێتە تاوانبار، چەند ئاسانە پیاوان خۆیان لە بەرپرسیارێتی بدزنەوە و لە خەباتی یەکسانی بکشێنە دواوە و بڵێن ئەمە ئیشی ژنە، چەند ئاسانە پیاو بە بەرژەوەندی خۆی یاسا و بڕیار دەربکات و پێمان بڵێت نوێنەری ھەموو کۆمەڵگەیە.

بۆیە من پێموایە نابێت پاساوی نادروست بۆ ئەم حاڵەتە بھێنرێتەوە. پێویستە رەخنەی دەرئەنجامە کارەساتئامێزەکانی ئەم جۆرە سیاسەتە بۆ دۆزی ژن و بۆ نەوەی نوێ بکەین.

29/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر