لە دوا چوار تاقیکردنەوە

سامانی وەستا بەکر
"ھاژەک"مووشەک بارانەکەی ھەولێر، سزادانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانەکانی بادینان، چاوپێکەوتنەکەی ڕەغدی سەدام حسێن و کۆنگرەکەی کۆمەڵ.

لە مانگی دووا چوار تاقی کردنەوە لەسەر ئاستی ناوخۆ، ھەرێمی و دەرەکی، ئەگەرچی ھیچ یەکێ لەو تاقیکردنەوانە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەیەکەوە نیە بەڵام ناڕاستەوخۆ ھەموویان پەوەستن بە داھاتووی عێراق بەگشتی و کوردستان بە تایبەتی کە ئەکرێ بۆ ھەر یەکێکیان ھەڵوێستە و لێکۆڵینەوەی جدی لەسەر بکرێ.

مووشەک"ھاژەک"بارانەکەی ھەولێر:

لە موشەک"ھاژەک" بارانەکەی ھەولێرا ئەو وڵات و لایەن حیزب و ڕێکخراوەی لە پشتی مووشەک بارانەکەوە بوون ھەوڵیانا بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژن، بەجۆرێک کە لەیەککاتا  ئامادەباشی و ھەڵوێستی بەڕێوبەرایەتی نوێی ئەمریکا و  توانا و ھێز و چاودێری سنورەکانی ھەرێمی حکومەتی ھەرێم تاقی بکەنەوە.

سەرەتا بۆ ئێران زۆر گرنگە دڵنیابێ لە ھەڵوێستی بەڕێوبەرایەتی "ئیدارە"ی نوێی ئەمریکا و بەراوردێکی بکات بە بەڕێوبەرایەتیە پێشووەکەی ترەمپ تا بزانێ چۆن مامەڵەی لەگەڵا بکات، بۆ ئەو جۆرە سەرکێشییەش عێراق و ھەرێمی کوردستان باشترین شوێنە کە ئێران بە ئامانجی بگرێت چونکوم لە ئێستایا  عێراق بێ خاونترین و پەرش وبڵاوترین ناوچەیە و ھەرێمی کوردستانیش لاوازترین و بێ پشت وپەناترین شوێنە کە کەس لەسەری نایەتە وەڵام، لەبەر ئەو دوو ھۆکارە و بۆ پەستانخستنە سەر ئەمریکا تا بەمەرجی ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ سەبارەت بە چەکی ناوەکی گروپی ٥+١ و ئێران ، ئەو وڵاتە خواستێتی ئەمریکا زۆربەی گەمارۆ ئابورییەکانی لەسەر ھەڵبگرێت پێش دەستپێکردنی ھەر گفتوگۆیەک، ھەربۆیە ئێران بە ئاڕاستەکردنی چەند ھاژەکێک لەلایەن بریکارەکانییەوە پەیامی خۆی بۆ ئەمریکا نارد و ئێستاش ھەموو چاوەکان لەسەر وەڵامی ئەمریکایە بەرامبەر ئەو کارەی ئێران.

بەڵام ھەرچی گرووپە شیعی و بریکارەکانی ئێرانە مەبەستێکیتریان ھەبوو لە ئاڕستەکردنی ئەو ھاژەک"مووشەک"انە، ئەوانیش:
یەکەم تا پەیامێک بۆ دەسەڵاتدارانی ھەرێم بنێرن و بڵێن باشترە لەگەڵ ناوەند بگەنە ڕێکەوتن بەو مەرجەی شیعەکان دایانڕشتووە ئەگەرنا ئەوە ھێندە پارێزراونین و لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنا ئەکرێ کێشەکە بەزەبری ھێز چارەسەربکرێت.

دووەم تا بزانن ھێزی بەرگری و ئامادەسازی و ھەواڵگری و کاردانەوەی ھەرێم لەچ ئاستێکایە و لەئەگەری ھەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکا، ھەروەک چۆن مەبەستیان بوو بەڕوونی بە ھەرێم و دەسەڵاتدارەکانی دوو حیزب بڵێن ئەتوانین بەئاسانی سنوورەکان ببڕین و لەناوخۆی ھەرێمەوە ھێرش بکەینە سەرتان.

سێیەم دواین شتیش ئەیانەوێ بزانن کە ئایا کەسێک یان وڵات و لایەنێک ماوە لەسەر ھەرێم بێتە وەڵام؟

سزای چالاکوان و ڕۆژنامەنوسەکان:

سزادانەکەی پێنچ چالاکوان و ڕۆژنامەنوسەکەش تاقی کردنەوەی شەقام بوو لەلایەن دەسەڵاتادارانی ھەوڵیرەوە. ئەم کابینەیە کابینەیەکی ھەواڵگرییە بەتێڕوانین لەوەی سەرۆکی حکومەتەکە پێشر سەرۆکی دەزگایەکی ھەواڵگری حیزبی بووە کە ھەمیشە کێشەی نەیارەکانی بە کوشتن و ھەڕەشە و دەسترێژی کردنە سەر  ئابڕو پیرۆزییەکان و خێزانی کەسانی نەیار  چارەسەر کردووە.

سەرۆکی دەسەڵاتەکەی ھەولێر بەڕوونی پەیامی خۆی بەبێ شەرم و سڵەمینەوە ئاراستەی ھەموو ڕەخنەگر و نەیار و ڕۆژنامەنوسێکی ئازاد کرد کە ئەم کەسێکی جیاوازترە و ڕەخنە بە سزا وەڵام ئەیاتەوە خۆ ئەگەر بەدەردەکەی "سەردەشی عوسمان"یشیان نەبات.

جیاوازییەکی زۆر ھەیە لەوەی سەرۆکی دەزاگایەکی ھەواڵگری حکومی و دەوڵەت بیت، وەک  لەوەی سەرۆکی دەزگایەکی ھەواڵگری حیزبی بیت، بۆ نمونە ڤلادمیر پۆتن سەرۆکی دەزگایەکی ھەواڵگری حکومی و دەوڵەت بووە، بۆیە ئەبینی تەسفیە کردنی نەیارەکانی شێوەیەک لە نھێنی بوونی تیایە، ئەگەرچی کۆی وڵاتانی دیموکراتیخواز کۆکیشبن لەسەر ئەوەی کە ئەوە ڕوسیا و سەرۆکەکەیەتی نەیارەکانی ژەھرخوارد ئەکات بەڵام ھیچ بەڵگەیەک نیە بۆ سەلماندنی، لەوەوە بۆمان دەرئەکەوێ کە دەزگای ھەواڵگری زلھێزێکی وەک ڕوسیا حساب بۆ ناوبانگ و ئابڕوی سیاسی خۆی ئەکا و بوارێک بۆ کارکردن ئەھێڵێتەوە و بەھەر شێوەیەک بێت لە ھەوڵایە دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بناسێنێ، جیاواز لە دەزگایەکی ھەوڵگری حیزبی کە نەیارەکانی بەبێ تاوان زیندانی ئەکا و بەبەرچاوی کۆی خەڵکی ھەرێم و دراسێ و جیھانەوە بێ شەرمانە تۆمەتیان بۆ دائەتاشێ و بۆ ترساندنی خەڵک و ناساندنی دڵڕەقی وچاوسورکردنەوەی سەرۆکی حکومەت کە کەسێکی ھەوڵگری و شۆراوە لە بەزییە. پێنچ چالاکوان و ڕۆژنامەنوس بێتاوان ئەکا بە نمونە بۆ ترس خستنە دڵی ھەرکەسێکەوە کە ڕەخنە لە دەسەڵات و حوکمەکەی بگرێ. بەپشتبەستن بەمێژووی حوکمڕانی ھەموو ئەوانەی بەوجۆرە حوکمیان کردووە زۆربەی کات کۆتایی ئەو کارە ناشرین و زوڵم و ستەمکارەنەیان بەکۆتای ژیانی خودی خۆان بووە.

ڕەخش یان جۆکەرەکەی سەدام

چاوپێکەوتنەکەی ڕەغدی سەدام حسێنیش تاقی کردنەوەی کۆی عێراق بوو بە دوو ئاڕستە.

یەکەم پەیامێک بوو بۆ ئێران کە لەکاتی پێڕاکێشانی زیاتر و دەستخستنە ناو کاروباری عێراق و ھاندانی میلیشیا و گرووپە چەکدار و بریکارەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق و ناوچەکە دژی ئەمریکا، ئەوا پێویستە ئێران لەجارێک زیاتر بیربکاتەوە چونکە تا ئێستاش خەڵکانێک ماوون کە ببنە ھەڕەشەی جدی بۆ سەر دەسەڵات و حکومڕانی شیعەگەرایی لە عێراق.

ڕەغد لە چاوپێکەوتنەکەیا چەندین جار ئەیووت برا و خوشکانی عەرەب و لەوەش  گرنگتر ئەیووت کە پشتیوانییەکی زۆر ئەکرێ لەلایەن سەرۆک و شا و ئەمیر و سەرکردەی وڵاتانی عەرەبە بەبێ ناو ھێنان، لەوەشا مەبەستی بوو کە بە ئێران و حیزبە شیعییەکان و تا ئاستێکیش بە کوردیش بڵێ کە ئەو پشتیوانی ئەکرێ لە ئەگەری ھەر جوڵەیەکا  بۆ گۆڕانکاری سیاسی و گەڕانەوەی ڕژێمی پێشوو ئەگەر لەژێر ناوێکی تریشا بێت دوور لە حیزبی بەعس.

دووەم تاقی کردنەوەی شەقامی عێراقی بوو تا چ ئاستێک لە حوکمڕانی ئێستای عێراق بێزان و تا  چەن ئامادە و پشتیوانی ڕەغد و دارودەستەی ڕژێمی پێشووی عێراقبن ئەویش لەڕێگەی گرنگیدانی مێدیا و ئەو ژمارە زۆرەی کە گرنگیان بەو چاوپێکەتنە یاوەو تەماشایان کردووە بەجۆرێک لە مێژووی کەناڵی "العربیە"دا ھەرگیز ژمارەی تەماشاکەرانی نەگەشتووە ئەو ئاستە بەجۆرێک کە پێشبینی کراو نەبووە بۆ خودی کەناڵەکەش.
کۆمەڵی ئیسلامی "کۆمەڵی دادگەریی کوردستان – عێراق"

سەرەتا ئەبێ ئەوە بووترێ کە کۆمەڵی ئیسلامی پێشووتر و  کۆمەڵی دادگەریی کوردستان – عێراق لە ئێستایا زۆرترین بوێری ھەبووە و کەمترین سڵەمینەوەی ھەبووە لەبەستنی کۆنگرە بەراوورد بە حیزبەکانیتر لە ناویشیانا پارتی و یەکێتی و گۆڕان کە بەراوورد بە تەمەن و ژمارەی کۆنگرەی ئەو حیزبانە ئەمان زیاتر پابەندبوون بەبەستنی کۆنگرە و پرەنسیپ و دەستوری حیزبەکەیانەوە ھەرچەنە کۆنگرەی حیزبی کوردی لەناوەرۆکا ھەریەکە و ھیچ گۆڕانکارییەکی جۆری ناھێنێتە کایەوە.

بەگۆڕینی ناوی حیزب و داماڵینی پاشگری ئیسلامی و گۆڕینی ئەمیر بۆ سەرۆ ک، کۆمەڵی داگەریی ئەیەوێت شەقام و دەنگدەری ھەرێمی کوردستان تاقی بکاتەوە کە تاچەن ئامادەن لەو حیزبە ناوەرۆک ئیسلامی و ڕووکەش مەدەنییە نزیک ببنەوە، ژمارەی دەنگدەرەکانیان تاچەن زیائەکا، ئایا ئەوە بەسە کە ببنە ھێزی دووەم یان سێیەم ئەگەر نەشتوانن ببن بەیەکەم، یان نەخێر شەقامی کوردی ھەرێمی کوردستان پێشتر بڕیاری خۆییاوەو ھەمیشە لەکاتی دەنگدانا ھەموو شتێ لەبیرئەکرێ و ھەروەک پێشوو دەنگئەیەن.

ئەم مۆدێلە سەرەتا لە تورکیاوە سەریھەڵاو پاشان لە تونس و ئیتر تابێت حیزبە ئیسلامییەکان کۆپی ئەکەن بەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لەو دوو وڵاتەیا حیزبە ئیسلامییەکان لەژێر پەردەی ناو گۆڕین و لێکردنەوەی پاشگری ئیسلامی توانیوویانە بگەنە دەسەڵات ئەگەرچی لەناوەرۆکا ھەر حیزبە ئسوڵییە سەلەفییە ئیخوانییەکەشن.

بەداخەوە لە کوردستان حیزب بۆ کەسێک دروست ئەکرێ، حیزبی کوردی تا ئێستا نەبۆتە پرۆژەیەک بۆ بەڕێوەبردن بەڵکو ئامرازێکە بۆحەزی تاکە کەسی چەن کەسێک کە تا کۆتایی ژیانیان ئەبێ سەرۆکی حێزبەکەبن ھەڵبەتە ئەمە بۆ کۆمەڵیش ڕاستە.
بۆ سەرۆکایەتی حیزب سەرۆکی کۆمەڵ ئەڵێ (نەبۆی ڕائەکەم نە لێی ڕائەکەم) کە ڕاستییەکەی ئەوەیە پۆستی کەسی یەکەم (بەس بۆ خۆیەتی و ھەم تاپۆیەتی) کت و مت وەک حیزبەکانیتر.

25/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر