کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستور و چەند سەرنجێک

سامانی وەستا بەکر
یەکڕیزی و دەستور ئەو دوو دەستەواژەیەی کە چەندین ساڵە کوردی گرفتار کوردوە، ھاوڵاتی باجی نەبوونی ئەیات و بەرپرس و سیاسیە باڵادەستەکانیش سودمەندن لە نەبوونی و بەروبوومەکەی ئەچنەوە.

پێش ساڵی ١٩٩١ کورد یەکڕیز بوو وە دەستوررێکی نەنوسراویشی ھەبوو، بەڵام لەدوای ئەو کاتەوە کورد بوو بەچەندین ریز و دەستورە نەنوسراوەکەشی لەدەستدا و ماوی ٣٠ ساڵە خەو بە یەکڕیزی و دەستورێکی نوسراوەوە ئەبینێ و ھەر پێشی نەگەشت.

دەستورە نەنوسراوەکەی خەڵک ئەوە بوو کە زۆرینەی ھەرە زۆری لەسەر چەند شتێک پانەبد و رژد بوون لەوانە "خاک، نیشتمان، کوردایەتی، پێشمەرگە، نەتەوە، ئاڵا، شۆڕش، یەک ڕەنگ، یەک کوردستان، رەوشت، دڵسۆزی، رێزگرتن....ھتد".

حیزبەکان لە شاخ ھاتنە خوارەوە ئەو دەستورە نەنوسراوەی خەڵکیان لە خەوێکی شیرین و خۆشەوە کرد بە خەوێکی پچڕپچڕ و ناخۆش "کابوس"، ھەرچی بەھا جوانەکانی کۆمەڵگەیەخراپ و سەرەو ژێریان کرد، خەڵکیان فێری دووبەرەکی و چەند بەرەی کرد، شارو شارۆچکە و گوندەکانیان کرد بە دوژمنی یەک، خەڵکیان لە یەک رەنگەوە کرد بە چەندین رەنگ، باشوری کوردستانیان لە یەک ناوچەی جوگرافی یەکگرتۆوە کرد بە دوو ناوچەی جوگرافی دوو رەنگ و دوو بەرە و دوو حکومەت و دەسەڵات، خۆشەویستی خەڵکیان بۆ یەکتر و خاک و ئاڵا و شۆڕش و نەتەوە و کوردایەتی و پێشمەرگە و نیشتمان گۆڕی بۆ دژایەتی یەکتر و گاڵتەجاڕی و بێ بڕاوی بەیەکتر و ھەرچێ بەھا پیرۆز و نیشتمانی نەتەوەییەکانە لای خەڵک بێ ئەرزش و فەڕیان کردن، کەچی ئێستا پاش ٣٠ ساڵ و لەدوای دوو ھەوڵی سەرنەکەوتووی پێشترەوە ھاتوون و ئەیانەوێ دەستور بنوسنەوە تا جارێکیتر خەڵک یەکڕیزبێت.

یەکڕیزی خەڵک تەنھا یەک ھەنگاوی پێویستە کە ئەما ن ھەرگیز ناچنە ژێرباری، ئەویش دەستھەڵگرتنی ئەمانە لە دەسەڵات و کوردایەتی، ئەگەر ئەمان وازبھێنن ئەوا خەڵکی بەبێ بوونی دەستوریش یەکڕیزئەبێت و لەگەڵ کاتا ئەگەڕێتەوە سەر دەستورە نەنوسراوەکەی خۆی.

با ئێستا لەمەگەڕێین و بێنە سەر خودی کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستور لە ھەولێر.

سەرنچ:
ناکرێ ئەو پەرۆشیەی سەرۆکی ھەرێم بۆ سەرخستنی ئەو کۆنفرانسە نادیدە بگیرێ، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە ئایا بۆ نێچیرڤان بارزانی ھێندە پەرۆشی سەرکەوتنی ئەو کۆنفراسە بوو.

پرسیار:
ئایا ئەگەر ئەو کۆنفرانسە لەلایەن زانکۆکانیترو بەتایبەت زانکۆکانی ناوچەی نیلی/سەوزەوە بکرایە ھەردوو سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت ئامادەئەبوون؟ ئەی ئەگەر ئامادەبوونایە بۆ چەند خولەک ئەمانەوە؟

ئایا دابەشکردنی داھاتی ھەرێم و پرۆژە خزمەتگوزاریەکان و بەتایبەتی ستراتیجیەکان بەیەکسانی و بێبەش نەکردنی سلێمانی لێی ئامادەکاریەکی گرنگ نیە بۆ سەرخستنی پرۆژەکە؟

ئایا کەسی یەکەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداری نەکرد؟

رۆڵی ئدریس نێچیرڤان بارزانی چی بوو؟
ئەوەی ئاشکرا بوو بۆ ھەمووان بەستنی کۆنفرانسەکە بۆ یەکڕیزی و دەستور بوو، ئەمە کارێکی باشە و بڕواناکەم کەسیش دژایەتی کارێکی وابکات ئەگەر بەڕاستی مەبەست لە جێبەجێکردنی ناو و ناوەرۆکی کۆنفرانسەکەبێت بەڵام...

ئەو ھۆکارە نھێنیانەی لەپاڵ ھۆکارە ئاشکراکەی بەستنی کۆنفراسەکەیا بوو چەند شتێکیتر بوون کە پ.د.ک لەلایەک و خودی نێچیرڤان بارزانیش لەلایەکیترەوە مەبەستیان بوو وەک پەیامێک بیگەیەنن بە حیزبە جیاوازەکان و خەڵکی کوردستانیش لەوانە...

ھاتنە ژورەوەی ھەردوو نێچیر و مەسرور بارزانی لەیەک کات و بەیەکەوە:
ئەو دوو بەرەکی و دڕدۆنکیەی نێوان نێچیر و مەسرور بارزانی گەشتۆتە ئاستێک کە لە ھەردوو کەناڵی روودا و کوردستان ٢٤وە بەئاسانی ھەستی پێئەکرێت و چیتر پارتی دیموکراتی کوردستان بۆی پەردەپۆش ناکرێ بۆیە پێوستی بەجۆرێک لە "شۆ" نمایش بوو کە لەیەککاتا وەڵامی خەڵک و لایەنگرانی پارتی و حیزب و مێدیا جیاوازەکانیش باتەوە بەبێ ئەوەی یەک ووشەش بڵێ.

مەبەست لە ھاتنەژورەوەی ھەردوو ئامۆزا و خۆ بەمیراتگرەوەی باوک یان مام وەک سەرۆکی پ.د.ک وەڵامێک بوو بۆ رای گشتی کە گوایە ئەوان رێک و تەبان و ھیچ ناکۆکی و باڵباڵێنێک لەنێوانیانا نیە.

لەراستیا ئەمە وەڵامێکی زیرەکانە بوو تا ئاستێکی باش بۆ زۆرێک لە خەڵک نەک بۆ ھەمووان، چونکە ئەوەی شارەزای زمانی جەستە و ئەتەکێت و شێوازی جوڵەبێت لەوە تێئەگەشت کە شێوازی ناوھێنانی یەکتر و ئاماژەکردن بەناوھێنانی پۆست و پلە بەتایبەتی کاتێ سەرۆکی ھەرێم چەندین جار بەبێ ھۆ ناوی سەرۆکی حکومەتی دووبارە ئەکردەوە، ئەتوانرا لەوە تێبگەی کە ئەو ناوھێنانە زۆرە بۆ ڕازی کردنی خودی کەسەکەیە نەک پۆستەکەی.

خەڵکی بەگشتی وە بەتایبەتی رۆشنبیر و بیرمەندان باش لەوە تێئەگەن کە ئەوە جۆرێکە لە تەمسیل و نواندنێکی کاتیە و ئەو تەباییەی کە نواندیان ھەر ھەمان تەباییەکەی نێوان کوڕانی مام جەلال و ئامۆزاکانیانە ئەگەرچی ئەوەی ناو ماڵی تاڵەبانی تا ئاستێکی زۆر لەوەی ماڵی بارزانی ھێورترە.

دەرکەوتنی ئدریس نێچیر بارزانی وەک کارەکتەرێکی سەرەکی کۆنفرانس:
دەرکەوتنی کوڕەزازایەکی مستەفا بارزانی لە کۆنفرانسێکی ئاوا گەورە و گرنگا بەتایبەتی کە مەبەستی ئاشکرا لێی یەکڕیزی و دەستوربێت تەنھا ئەوەمان پێئەڵێ کە نەوەیەکیتری ئەو خێڵە بەڕێوەن بۆ سەرۆکایەتی تا خەڵک دەستوپەنجەیان لەگەڵا نەرمبکات.

ھەرئەوەش نا، بەڵکو زیرەکی باوکی ئدریس لەوەیا بوو کە بەجۆرێک رۆڵی دابەشکردبوو کە کوڕەکەی وەک کارەکتەری سەرەکی و ھەڵسوڕێنەری کۆنفرانسەکە نمایش ئەکرد، بەمەستی ئەوەی ھەمووان لەوە تێبگەن کە ئەوە ئدریسی کوڕیەتی لەپشت ئە کۆنفرانسەوەیە، ھەرواش دەرچوو کاتێک ئەمانبینی کە چۆن سەرۆکی حیزبەکان وەک ھاوتایەکی خۆیان و زیاتریش ڕەفتاریان لەگەڵا ئەکرد.

بەشداری نەکردنی سەرۆکی پ.د.ک:
ئاشکرایە کە کۆی بڕیارە سیاسیەکان بگرە ھەر بڕیاردان لەناو پارتیا لای خودی سەرۆکی حیزبەکەیە، بۆیە ئەکرێ بەشداری نەکردنی کاک مەسعود وەک گەورەترین کۆسپی سەرنەکەوتنی ئەو کۆنفرانسە لا داھاتووا تەماشا بکرێ ئەگەر...

ئەگەر مەبەستی مەسعود بارزانی پەراوێزخستنی خۆی نەبێ بۆ پتەوکردن و جێگرکردنی رۆڵی کوڕەکەی مەسرور وەک سەرۆکی داھاتووی حیزب.

ئەگەر رازی نەبوونی کاک مەسعودبووبێ بەو رۆڵەی کە لە کۆنگرەیا بۆی دیاری ئەکرا، چونکە ئاشکاریە ئەو لە ناوخۆیا نەک دەرەوەی وڵات ناچێتە شوێنێکەوە کە تایتڵی کەسانیتر لەسەرو تایتڵی ناوی ئەوەوەبێت ئەگەرچی لە خێزانکەی خۆشیبێت.

ئەکرێ کاک مەسعود تا ئاستێکیش بێ ئومید بووبێ لە پرۆسەی چاکسازی و دەستور و یەکڕیزی ھەموو ئەو تایتڵانەیتریش، چونکە لەسەردەمی حکومڕانی ئەویشا چەندین ھەوڵی لەو جۆرەیان، لەکاتێکا کاک نەوشیروان و مام جەلالیش لە ژایانا بوون، بەڵام ھیچی سەرینەگرت و سەرکەوتوو نەبوو.

جێنین پلاسخارت:
نوێنەری فەرمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئەو خاتوونەی دایکانە ئاگاداری لەدەستدانی قەوارەی ھەرێمی راگەیاند، ئەگەر دەسەڵاتداران بەخۆیانا نەچنەوە "دۆست ئەتگرێنێ و دوژمن ئەتخاتە پێکەنین" ئەمە ئەو پەندە کوردییە بوو کە زۆر ھۆشیارانە و لەکات و شوێنێکی زۆر گونجاوا خاتوو پلاسخارت بەکاریھێنا ، زۆرجار ئەو پەندە کوردییە بەکارئەھێنرێ، بەڵام کاتێک لەدەمی کەسێکی بێگانە و کات و شوێنێکا بەکارئەھێنرێ کە سەرۆکی سێ دامەزراوەی گرنگ و سەرۆک و بڕیاردەری شەش حیزبی کارا  و چەندین راوێژکار و وەزیر و ئەندام پەرلەمان و پلە باڵا ئامادەئەبن واتایەکی پڕ بەپێستی پەندەکە ئەگەیەنێ، کە ئەویش ئەو وەک دۆستێک ھاتووە ھەواڵی لەناوچوونی قەوارەی ھەرێمی کوردستانیان پێڕاگەیەنێ پێش ئەوەی کار لەکاربترازێ.

پلاسخارت قسەی خۆی کرد و دۆستایەتی خۆی پشانی ئامادەبووانی پانێلەکەیا، ئەوەی ماوەتەوە ئەکەوێتە لای توانای ھەڵسەنگاندنی ئامادبووانی پانێلەکە بۆ ئەو ئاگادارکردنەوە پێشوەختە. خۆزگەم خاتوو جێنین پلاسخارت پێشی بووتنایە ( قد اعذر من انذر) چونکە ساسیەکان فێرن دوای ئەوەی کە ھەڵەئەکەن ھەوڵەیەن تاوانەکە لەخۆیانی دوورخەنەوە و بیسون بەشانی خەلکانیترا.

20/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر