نرخی لیرەی سوریا ٣٠٠ ئەوەندە دابەزیوە

سەرتپ جەوهەر


لەنێو ئەو بێدەنگییەی ئێستا لەبارەی ئایندەی سوریا، ئەو وڵاتە بەدۆخێكی ئابوریی ئێجگار خراپدا تێدەپەڕێت. نرخی لیرەی سوری بەرامبەر دۆلار ٣٠٠ ئەوەندەی بەر لە ١٠ دابەزیوە. ئێستا ١٠٠ دۆلار دەكاتە یەك ملیۆن و ٤٥٠ هەزار لیرە، لەكاتێكدا لەسەرەتای بەهاری عەرەبی لە ٢٠١١ نرخی ١٠٠ دۆلار بە تەنها ٤٥٠٠ لیرە بوو.

سوریا بەسەر چوار ناوچە دابەشبووە. ناوچەی یەكەم؛ چەند ناوچەیەكی باكور بەدەست گروپە تیرۆرست و نزیكەكانی توركیاوەیە.

ناوچەی دووەم؛ باكوری رۆژهەڵات لەلایەن كوردەوە ئازادكراوەو ئێستا رێڤەبەری خۆسەر حوكمڕانی ئەوناوچانە دەكات.

ناوچەی سێیەم؛ ناوچەكانی شام و بەری رۆژئاوای فوراتەو بەدەست رژێمی سوریاوەیە.

ناوچەی سویدا-ش كە دەكەوێتە ئەوپەڕی باشوری رۆژهەڵات ئێستا گرژی و ناخۆشی تێدایەو حكومەتی دیمەشق رۆڵێكی ئەوتۆی لێ‌ نەماوە.

ئەو ناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵ و هەژموونی هێزەكانی سوریای دیموكراتن سەرباری گرانیی و ناخۆشیی ژیان، بەڵام بەراورد بەناوچەكانی دیكە ژیان كەمێك جیاوازترە یاخود باشترە.

فەرمانبەرانی رێڤەبەری خۆسەر موچەكانیان لەنێوان ٨٠بۆ ١٥٠ دۆلارە، كەچی بەرزترین موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت واتە رژێمی سوریا ناگاتە ٣٠ دۆلار بەنرخی ئێستای دۆلار. موچەی هێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوا نزیكەی ١٠٠دۆلارەو هێزەكانی سوریای دیموكرات لەنێوان ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ دۆلارە، بەڵام سەربازی سوریا موچەكانیان ناگاتە ١٠ دۆلار! لاوازیی دەوڵەتی سوریاو سزاكانی ئەمریكا لەلایەك و پەلامارە ناڕەواكانی توركیا هۆكاری سەرەكیی ئەم دۆخە خراپەی ئێستای ئەو وڵاتەن، بەتایبەت ماوەی ساڵێكە بەهۆی ئەو پەلامارانەوە دەیان كارگەو سەرچاوەی وزە لەرۆژئاوای كوردستان وێران بوون، ئەم پەلامارانە كاریگەری زۆر خراپی لەسەر تەواوی سوریا دروستكردووە، زیانی دەیان ملیۆن دۆلاری لەرۆژئاوای كوردستان داوە. لیترێك مازۆت (نەوت) لەناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان بە ٤٥٠٠ لیرەیە، لەدیمەشق بە ١٧ هەزار لیرەیە! نرخی بوتڵێك گازی سروشتیی لە رۆژئاوای كوردستان دەگاتە ١١ دۆلار، لەناوچەكانی شام دەگاتە ١٣ دۆلار! نرخی لیترێك نەوت لەناوچەكانی لەكاتێكدا بەر لەهێرش و پەرمارەكانی توركیا بە تەنها نیو دۆلار (٠،٥٠ سەنت) بوو! جاران كارەبای نیشتیمانیی لەناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی سوریای دیموكرات رۆژانە دەگەیشتە ٨ تا ١٠ كاتژمێر، بەڵام ئێستا رۆژ هەیە یەك كاتژمێریش نییە! چونكە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا تێكشكێنراون. رۆژانە هەواڵی پەلاماری توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەبیستین.

ئەو پەلامارانە بەبەرچاوی ئەمریكاو كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە بێئەوەی هیچ هەڵوێستێكی روونیان لەوبارەیەوە هەبێت، ئەوەی دەیبیستین تەنها هەندێك لێدوانی لابەلاو گشتییە لەبارەی هەڕەشەكانی توركیا.

ئەمریكا هیچ هەڵوێستێك یاخود تێگەیشتنێكی روونی لەبارەی ئایندەی رۆژئاوای كوردستان نییە، هەروەك هیچ نەخشەڕێیەكی روونی لەبارەی چارەنوسی سوریا بەگشتیی نییە. ئەوەی هەیە پەیوەندییەكی سەربازیی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات هەیەو هاوكاریی سەربازییان دەكات و لەكۆبونەوە تایبەتیەكان پەیمان دەدەن كە چیتر رێنادەن توركیا پەلاماری زەمینی بكاتە سەر رۆژئاوای كوردستان و هێزەكانیشیان جارێ‌ (پەیمانی دوو ساڵی دیكەیان داوە) دەمێننەوە.

ئەمریكا هیچ پەیوەندییەكی سیاسی و دیبلۆماتی لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان نییە، تەنها دیدارو چاوپێكەوتنی سیاسی هەیە.

روسیا كە رۆڵێكی كاریگەری لەسوریا هەیەو لایەكی ئەو وڵاتە لەژێر هەژموونی ئەودایە، هەڵوێستێكی دوو رووی لەبارەی كورد هەیە.

لەمیدیاكان هاوسۆزیی خۆیان بۆ گەلی رۆژئاوای كوردستان و چارەسەری پرسی كورد لەسوریا دەردەبڕن، بەڵام لەسەر مێزی گفتوگۆ پشتیوانیی لەهەڵوێست و تێگەیشتنی رژێمی سوریا لەبارەی چارەسەری پرسی كورد دەكەن.

روسەكان پشتیوانیی لە چارەسەری دیموكراتیانەی گەلی كورد لەسوریا ناكەن، تەنها پشتیوانیی لەوە دەكەن كورد لەسوریا هەندێك مافی فەرهەنگی و سەرەتایی ژیانیان هەبێت، نەك خود موختاریی یاخود فیدراڵیی. گرفتی بەردەم كورد بوونی هاوكێشەیەكی زۆر ئاڵۆزی نێودەوڵەتی و هەرێمییە لەسوریا، جگە لەئەمریكاو روسیا كە هیچ نەخشەڕێیەك یاخود چارەسەرییەكی دیموكراتیان پێ نییە، هاوكات ئێران و توركیا رۆڵی كاریگەرییان لەو هاوكێشەیە.

ئەمریكاو روسیا هیچ بەدیلێكی رژێمی سوریایان نییە، هەردوولا نایانەوێ‌ حوكمڕانی ئەسەد بڕوخێت، نایانەوێ‌ واقعی عیراق دووبارە ببێتەوە. ئەو ئۆپۆزسیۆنەی هەیە رەنگوڕووی خراپیان هەیە، بەشێكیان هێزی لاوازو گروپی دروستكراوی وڵاتانی ناوچەكەن، بەشێكیشیان توندڕەوی ئیسلامیین و ناویان لەلیستی تیرۆردایە! بۆیە بارودۆخی سوریاو كورد بەمشێوەیەی ئێستا دەمێنێتەوە تا ئەوكاتەی ئەمریكاو روسیا دەگەنە رێككەوتنێكی دووقۆڵی لەبارەی ئایندەی ئەو وڵاتە.


09/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر