دەربارەی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان..کێشەی نوسین پێش یونیکۆد

سەردەشت عەزیز

کە ئامێری کۆمپیوتەر بوو بەجیهانی ڕووبەڕوی کێشەیەک بوەوە ئەویش فرە زمانی نەتەوەکان بوو، کە هەر زمانێک چەند پیت و هێمایەکی هەبوو لەزمانێکی تردا نەبوو، وە کۆمپیوتەریش پشتی بە ستاندارێک دەبەست ناوی (ASCII) بوو کە ئەمە زیاتر پیت و هێماکانی زمانی ئینگلیزی تێدابوو بۆیە کۆمپیوتەر بۆ زمان و هێمای نەتەوەکانی دیکە توشی گرفت بوو.
داهێنانی یونیکۆد
بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە ستانداردێکی دیکەیان دانا ناوی"یونیکۆد”یان لێنا، ئەمەش بەمەبەستی یەکخستنی سەرجەم پیت و هێماکانی هەموو زمانەکانی جیهان و کارکردنیان لەسەر کۆمپیوتەر بەبێ کێشە، چارەسەرەکەش ئەوەبوو هەموو پیت و هێمایەک کۆدێکی پێئەدەن و ئەو کۆدە دەچێت بۆ عەقڵی کۆمپیوتەرەکە (CPU) بەبێ ئەوەی کۆمپیوتەر بزانێت ئەم کۆدە هی چی زمان و نەتەوەیەکەو بەشێوازێکی دروست پیتەکە لەسەر شاشەی کۆمپیوتەر دەردەچوو. ئەم یەکخستنە سەرجەم ئەو پیت و هێمایانەشی گرتەوە کەسەر بەهیچ زمانێک نین وەک هێماکانی بیرکاری.

سودی ئەم یونیکۆدە

ئەگەر یونیکۆد نەبوایە ئەوا دەبوو کۆمپانیاکانی بواری دروستکردنی کۆمپیوتەر و بەرنامە بۆ زمان و هێمای هەموو نەتەوەیەک حسابیان بکردایە کە بەمەش کارەکە زۆر قورس دەبوو بەڵام بەدانانی یونیکۆد ئەو کێشە چارەسەرکراوە.

unicode.org

دەزگایەکی قازانج نەویستەو کاری رێکخستن و پێدانی ئەو کۆدەیە بە پیت و هێماکان و ئیمۆجی و جێگیرکردنیان لەسەر هەموو سیستەم و ئامێرێک، لەئێستادا یونیکۆد لەسەر ٢٠ ملیار ئامێر کاردەکات.
گرنگی ئیمۆجی ئەم ڕێکخراوە ئەوەیە کاتێک لێرە ئیمۆجی وەردەگریت بەستاندار دەکرێت بۆ بەکارهێنانی  لەلایەن سەرجەم سیستەم و کۆمپانیاکان و پێوست ناکات بەکەسیتر بڵێیت چونکە ئەم دەزگایە لەلایەن هەموو کۆمپانیاکانەوە باوەڕپێکراوە، بەڵام مەرجیش نیە هەموو کۆمپانیایەک ١٠٠% پاپەند ببێت بەیاساکانی.

ڕابردوو و داهاتووی ئاڵای ئیمۆجی

لەبەرواری ٢٨-٣-٢٠٢٢ ئەم دەزگایە بابەتێکی لەماڵپەری خۆی بڵاوکردوەتەوە بەو ناونیشانی "ڕابردوو و داهاتووی ئاڵای ئیمۆجی” کە دەڵێت لەمانگی ٤ی ٢٠٢٢ بۆ مانگی ٧ی ٢٠٢٢  پێشنیار وەردەگرین بۆ ئیمۆجی نوێ" بەڵام مەبەستی ئەم دەزگایە هەموو جۆرە ئیمۆجییەکە نەک تەنها ئاڵا و لەبەشێکی نوسینەکەشدا دەڵێت "بەهیچ شێوەیەک هیچ پێشنیارێک بۆ ئیمۆجی ئاڵای نوێ وەرناگرین". 

  ISO 3166-1  و ISO 3166-2 

دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ بەستاندارکردن (ISO) رێکخراوێکی دیکەیەو بایەخێکی گرنگی لەجیهاندا هەیەو لەئێستادا کاری پێدانی بڕوانامەو بەستانداردکردنی زۆر بوارە.
ئایزۆ ئەم دوو کۆدەی سەرەوەی داوە بەوڵاتان و هەرێمەکان کە کۆدی ١ بۆ دەوڵەتەو کۆدی ٢ بۆ هەرێمە، کە کوردستان کۆدی ژمارە ٢ی هەیە لەبەرواری ٣-٥-٢٠٢١ وەریگرتوە.

کوردستان ناتوانێت ببێتە خاوەنی ئاڵای ئیمۆجی

بەپێی قسەی ئەم دەزگایە بێت لەئێستاو داهاتودا کوردستان چانسی وەرگرتنی کۆدی ئاڵای ئیمۆجی نیە لەڕێگەی ئەمانەوە.
 تەنانەت لەو پۆستەی دایانناوە لەسەر ئەم بابەتە کوردستانی بە نمونە هێناوەتەوەو دەڵێت ”
لەگەڵ ئەوەی كوردستان بەشێکی لاوەکییە لەعێراق و کۆدی ژمارە ٢یشی بەدەستهێناوە و کە ئەمەش وادەکات ئاڵای کوردستان ببێت بەفەرمی و هەر ئەپێک یان کۆمپانیایەک دەتوانێت پشتگیری بکات بەڵام ئەمە مانای ئەوەنیە بەشێوازێکی ئۆتۆماتیکی بەردەست بێت بۆ هەموان چونکە تەنها ئەو وڵاتانەی خاوەنی کۆدی ژمارە ١ن دەتوانن ئاڵای ئیمۆجی وەربگرن و پێویستیان بەپێشنیار نیەو بەشێوازێکی ئۆتۆماتیکی بەردەست دەخرێن.

كوردستان دەتوانێت ببێتە خاوەنی ئاڵای ئیمۆجی

ئەوەی ڕوونە كوردستان بەشێوازی گشتگیرو فەرمی ناتوانێت ببێتە خاوەنی ئاڵای ئیمۆجی بەڵام دەرگای بۆ کراوەیە لەگەڵ کۆمپانیاکاندا بۆ نمونە فەیسبوک یان هەر کۆمپانیایەکی دیکە، کە ڕاستەوخۆ قسەیان لەگەڵ بکات و هەوڵبدرێت رازیان بکەن بەزیادکردنی ئەو ئیمۆجیە کە ئەمەش دەبێت یاساو سیاسەتی ئەو کۆمپانیایە رێگەی پێبدات و کێشەی سیاسی و یاسایی بۆ دروست نەکات، وە ئەگەر هیچ کێشەشی نەبێت ئەوکاتە دەکەوێتە سەر ئارەزووی ئەو کۆمپانیایەو سودی خۆی لەبەرچاو دەگرێت و تەنانەت زیادیشی بکات تەنها لەسەر بەرنامەکانی خۆیەتی و نابێت بەجیهانی.

کۆتا قسە

١- ئەو برادەرانەی دەڵێن کوردستان ناتوانێت ببێتە خاوەنی ئاڵای ئیمۆجی بۆچونەکەیان تەواوە، چونکە ئەگەر بمانەوێت بەشێوازێکی فەرمی و جیهانی ئەم ئاڵایە بکرێتە ئیمۆجی ئەوە تا کوردستان خاوەنی کۆدی ژمارە ٢ بێت و هەرێم بێت هیچ چانسێکی لەم ڕێگەیەوە نیە.
٢- ئەو برادەرانەی کەمپینیان کردوە بۆ وەرگرتنی ئیمۆجی ئاڵا بۆچونەکەیان تەواوە ئەگەر بتەوێت کۆمپانیا بەکۆمپانیاو سیستەم بەسیستەم لەدەرگایان بدەیت و خۆت وەک کورد بتوانێت ڕازییان بکەیت ئاڵاکە دابنێین، کە لەڕاستیدا ئەمەش قورسەو کاری زۆری دەوێت، بەڵام بەکارهێنانی ئاڵای وڵاتی دیکەو قەرەباڵغی دروستکردن پێویستی بە بەڵگەی تەکنیکی و فەرمی هەیەو دەبوو ئەم برادەرانە رایانگەیاندایە کەئەم کەمپینە بۆ رازیکردنی چی کۆمپانیایەکە? ئایا ئەو کۆمپانیا وتویەتی  ئاڵای وڵاتی دیکە بڵاوبکەنەوە بەتایبەت تاجیکتسان کە خاوەنی  کۆدی ISO 3166-1  و بەپیتی ."TJ”

سەرچاوەکان:
https://blog.unicode.org/.../the-past-and-future-of-flag...
https://www.iso.org/obp/ui/#iso:code:3166:IQ

22/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر