عینادیی سیاسی چیمان پیدەکات ؟

چۆلی ئەسعەد

سەختە، دوو کەس ناکۆکبن لەسەر ئەوەی کە ئەو هەموو قەیرانە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیریی، خزمەتگوزاریی، دارایی، پەروەردەیی .. هتد، کە بەرۆکی کۆمەڵی ئێمەیان گرتووە و ژیانیان بەرەوڕووی تونێلێکی نادیار ئاراستە کردووە، بەرهەمی عینادیی سیاسین. ئەو عینادییەی دەرفەت بە خوێندنەوە و دونیابینیی بابەتی و هەڵسەنگاندنی دروست نادات بۆ هیچ یەکێک لە پرسەکان.

لەبەرئەوەی عینادی سیاسی رێگە بە بکەرەکانی نادات، مامەڵە بە پێوەری هزری سیاسیی پێگەیشتوو و نیازپاکیی مرۆیی جیاوازییەکان بکەن و ناشتوانن بە دروستی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکاندا بکەن.

عینادی، ڕەوشتێکی مرۆییە و کۆنترۆڵی تاک دەکات، وەک هەر ڕەوشتێکی دیکەی مرۆیی دیکەیە لە رەزیلی، بەخشندەیی، باشی، ڕق، لێبوردەیی، خودپەرستی، بێ موبالاتی، پەیوەندیشی بە جیاوازیی ڕەگەزەوە نییە.

عینادی OBSTINACY، لە وشەی obstinatus لاتینییەوە هاتووە، کە بە کرمانجیی سەروو (سەرهیشکی) پێدەوترێت، عینادی بە ڕووێکی دیکەی خۆبەگەورەزانی و پێداگری لەسەرڕا دادەنرێت، ئەم سروشتە ڕەنگە ببێتە هۆکاری زیانگەیاندن بە خاوەن سروشتەکە، کە دەشێت بەرەو درۆ و پێچ و پەناپێکردنی ببات و نەتوانێت نوێنەرایەتی راستی و واقع بکات، تا تووشی زیانی ماددی و دەروونی دەکات، ئەگەر کەسەکە خاوەن پێگە و دەسەڵات بێت، لێکەوتە و کاریگەرییەکانی سەختتر دەبێت.

لەم  ناوچەیەدا، بەتایبەت بۆ کورد، ئەم عینادی بووە بە هێلکەدانی قەیران و ڕۆژانە خەرمانی گرفتەکان بەرزتر دەکاتەوە و نەهامەتییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و داراییەکان لەسەر بەرژەوەندیی چینی خوارەوە قورستر دەکات و قەبارەی جیاوازییە کۆمەڵایەتی و بژێوییەکە گەورەتر دەکات، ئەزموونی ڕابردووش پێماندەڵێت، ئەو شپرزەییەی بەرهەمدێت، وەک تۆپەڵە بەفرێکی لێدێت، چەند لە زمانی گفتوگۆ و لەیەکگەیشتنی بەرپرسیارانە دوور بکەوێتەوە گەورەتر دەبێت و دەرگا بەکراوەیی دەهێڵێتەوە، کە عینادی لە نێوان هێزە سیاسییەکان و کەسایەتییەکانیان شوێنی گفتوگۆ بگرێتەوە، ئەمەش بێگومان بۆ هەندێک کەس هاندەردەبێت لە بەرژەوەندی خۆی وەبەرهێنانی تێدابکات. دەتوانین بڵێین، یەکێک لە لایەنە هەرە دیارەکانی ئەم عینادییە نەرێنییە زیانبەخشە، بریتییە لە داخستنی دەرگای یەکتر قبوڵکردن و لێبوردەیی، بەردەوام چەکی تۆمەت و گومان و مۆڕە ئامادەیی هەیە و پێش گفتوگۆ دەکەوێت.

بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئایا عینادی بۆ هێز و کەسەکان و کۆمەڵ جگە لە نەهامەتی و پاشاگەردانی چی تری بەرهەمهێناوە؟ بێگومان دۆخی ژیان و خزمەتگوزاری و کۆچی بەردەوامی گەنجان و خراپیی دۆخی ئابوری و کێشە کۆمەڵایتییە زۆرەکان وەڵامی نەخێرمان دەدەنەوە و لەوەش زیاتر ئایندەیەکی ناڕوونیش لەبەردەمماندایە و سەقامگیریی داهاتووش لە ئێستا زیاتر دەخاتە مەترسییەوە.
لەبەرئەوەش، ئەو واقعەی ئێستا هەیە، لە هیچەوە نەهاتووە، بەڵکو هۆکاری خودیی و بابەتی خۆی هەیە و ڕێڕەوی ئەو گرفتانەیان دیارییکردووە و بە ئاوی عینادی ئاودراون، هەنگاوی یەکەمی ڕاستکردنەوەش بریتییە لە سەرکەوتنی خود بەسەر خوددا لە بەرژەوەندیی گشتی، ئەم هەنگاوە ئەگەر هەزار میلیش بێت، هەر تاکە هەنگاوی دروست و خاڵی وەرچەرخانی ئەم نەهامەتییانەیە، سەدان ساڵە بە مێژوومانەوە بەندە و تا ئێستا لێی نەبۆتەوە.

دۆخی هەرێمی دوو ئیدارەی ڕانەگەیەندراوی هەستپێکراو، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر سیماکانی عینادی سیاسی سەرکردە و حزبەکانی پێوەدیارە، عینادییەک ڕێگرە لە باشکردنی دۆخی ژیانی خەڵک، رێگر لە دابەشکردنی مووچە، ئازادیی ڕادەربڕین، کۆکردنەوەی داهات، دامەزراندنی خەڵک لە کەرتی گشتی، چاککردنی ڕێگاوبان، کارەبا، سوتەمەنی، نیشتەجێبوون و ..

عینادییەک، چەند کەسێکی دەوڵەمەند کردووە و زۆرینەی خەڵکی ڕووبەڕووی هەژاری و نەهامەتی و هات و نەهاتی مووچە و گوێی دیوار کردۆتەوە. عینادییەک، بندیوار، خزمی چڵێس، دامەزراندنی ناشایستە، کۆمپانیای کوڕە بەرپرس، بەرپرسی مۆدڵ پەرست، بزنسمانی بێ پارە، تەخشانی زەوی گشتی، یاریکردن بە ئیرادەی گەنج، وڵاتی پڕ لە موەلیدەی کارەبای کردووە بە ناونیشان. 

عینادیی تەنیا لەبەرامبەر بەیەکدا ناکەن، لەناوخۆشیاندا دەیکەن، لەگەڵ خەڵکیشدا دەیکەن، لە عینادیی یەکتری هیچ کارێک لە بەرژەوەندیی خەڵکداناکەن، لە عینادیدا بەرپرسێکی خاوەن موەلیدە مانگانە وەک کاتژمێر لە دەرگای هاوبەشەکانی دەدات و پارەی مولیدەکەی کۆدەکاتەوە، بەرپرسی حکومی ساڵانەش ناتوانێت داهاتی کارەبا و ئاو کۆبکاتەوە، زانکۆی ئەهلی بەپارە و وەک کاتژمێر دەوام دەکات و گرفتی نییە، زانکۆی حکومی هەر پشوو و خۆپیشاندان و نارەزایی و لە نزمبوونەوەی ئاستی زانستیدایە.. ژاپۆن بە ٢٠ ساڵ بوون بە پێشەنگی پیشەسازیی دونیا، ئێمە لە سایەی عینادییدا بە ٣٠ ساڵ تەمەنی حکومەتەوەلە رۆژێکدا چەند کاتژمێرێک کارەبای تەمبەڵی بەناو زیرەکمان هەیە.

عینادییەک، پۆستێکی بەغدا دەکاتە پێوەری سەرکەوتن و شکست، هیچ باکی بە مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکان نییە و هەموو بانگەشەی عینادییشیان بە گوتار و پەیامی نیشتمانی و نەتەوەیی و یەکڕیزی و خەمی گشتی و بەها نیشتمانییەکان پێچراوەتەوە، ئەو حیکایەتەی هەموومان پێیگەورەبووین و وەک ناوی خۆمان هەموو دێرەکانیمان لەبەرە.


15/02/2022



وتارەکانی تری نوسەر