پێشنیار و ڕێنمای بۆ وەزارەتی پەروەردە بۆساڵی نوێی خوێندن

سەرخێڵ ئاراز

بڕیارە ڕۆژی سێ شەممە دەرگای خوێندنگاکان بەسەر خوێندکارانی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە بە ئومێدم پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ پڕۆسەیەکی سەرکەوتوو تەندروستبێت. بە پێویستی دەزانم بۆ دەستپێکردنی ئەمساڵی خوێندن چەند ڕێنمای و پێشنیاری تەندروستیانە بۆ وەزارەتی پەروەردەو بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی پەروەردەو ناوەندەکانی خوێندن و خوێندکاران و قوتابیان بخەمە ڕوو بەئومێدی جێبەجێکردنی لەپێناو پاراستنی تەندروستی فێرخوازان و بەردەوامی پڕۆسەی خوێندن.
١. گرنگیدان بە سەرچاوەی ئاوی ناوەندەکانی خوێندن دڵنیابونەوە لە پاکی ئاو و سەرچاوەکەی و ھەروەھا پاککرنەوەی تەنکیەکانی ئەو ناوەندانە چونکە تا ئێستا مەترسی نەخۆشیەکانی سکچون و ڕشانەوە کۆتای نەھاتوە.
٢. پێدانی ڕێنمای بە خوێندکاران و قوتابیان بۆ پاک و خاوێنی و گرنگیدان بە شوشتنی دەستەکان و جێبەجێکردنی بابەتە خۆپارێزیەکان.
٣.ھەر فێرخوازێک یەکێک لە نیشانەکانی پەتای تێدادەرکەوت وەک ( تا، کۆکە، تەڕبونی لوت ھەڵامەت و سەرئێشە) پێویستە لە ھاوپۆلەکانی جیا بکرێتەوە و ڕەوانەی ناوەندێکی تەندروستی حکومی بکرێت و لەلایەن پزیشکەوە چارەسەری پێویستی پێبدرێت، لەکاتی پێویستی مۆڵەت بۆ پشودان مۆڵەتی پێبدرێت. کار ئاسانی بکرێت بۆ گێرانەوەی وانە فەوتاوەکانی یاخود تاقیکردنەوەکانی.
٤. چاودێریکردنی فرۆشتگاو حانوتی ناو خوێندنگاکان لەڕووی تەندروستیەوە بەتایبەت ھەوڵبدرێت ئەو خواردنانە پێشکەش بکرێت کە کوڵاون نەک برژاو سورەکراو. ھەروەھا شێوازەکانی ئامادەکردنی خواردن و ھەڵگرتنی کەرەستەکانی ئامادەکردنی خواردن.
٥. گرنکیدان بە وەرزشی بەیانیان و فێرکردنی فێرخوازان ئەگەر بۆ چەند خولەکێکی کەمیشبێت گرنگ و پێویستە بۆچالاکی جەستەی خوێندکاران و قوتابیان، گرنگی و بایەخدان بە وانەی وەرزش و جێبەجێکردنی.
٦.گرنیگیدان بە ژینگەی خوێندنگەو قوتابخانەکان بەتایبەت ھەواگۆڕکێی ناو پۆلەکان لەکاتی وانە وتنەوە پێویستە ھەواگۆڕکێ بونی ھەبێ و گرنگیدان بە باخچەو سەوزایەکانی ناو ناوەندەکانی خوێندن.
٧. گرنگیدان بە وەرگرتنی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆڕۆناو پەتای وەرزی لەلایەن مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و قوتابیانی ناوەندەکانی فێرکردن و کارئاسانیکردن بۆیان.
ئەمانە خاڵی سەرەکی و گرنگن بۆپاراستنی تەندروستی فێرخوازان و ڕێگری لەبڵاوبونەوەی نەخۆشی لەنێو فێرخوازاندا، ھیچ بڕە پارەو بودجەی تێناچێ بەڵام دڵنیابن کاریگەری گرنگی دەبێت لەسەر تەندروستی فێرخوازان.

پسپۆڕی تەندروستی گشتی

10/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر