چین و هەزار قوتابخانەکەی؟!

د. سه‌ردار عه‌زیز

لە یەکەم پرۆژەی  پاش ڕێکەوتنی نێوان عێراق و چین، بڕیار وەهایە کە هەزار قوتابخانە بۆ بەشی عەرەبی عێراق دروست بکرێت. ئەم یەکەم هەنگاوە، لە چەند لایەکەوە جێگای سەرنجە. سەرەتا بە چەند ڕامانێک لە ڕێکەوتنی نێوان چین و عێراق دەست پێدەکەین، پاشان لە سەر کاریگەریی و دەرئەنجامەکانی.

ڕێکەوتنی نێوان عێراق و چین، بە گشتی ڕێکەوتنێکی نهێنییە، ئەوەی دەربارەی دەزانرێت یان لە ئەنجامی لێدوانی سیاسییە عێراقییەکانە یان دزەی کردوە. بە گشتی ڕێکەوتنەکە بە ڕێکەوتنی نەوت بەرامبەر گەشە ناسراوە. ئەم ناولێنانە جێگای سەرنجە. بەکاربردنی نەوت بۆ گەشە، هەوڵدانە بۆ دوورخستنەوەی چەمکی دیموکراسی لە پرۆسەکە. وەک دەزانرێت کە نەوت و دیموکراسی پەیوەندییەکی نێگەتیف یان ئاڵۆزیان هەیە بە تایبەتی لە ئەو وڵاتانەی کە نەرێتی دیموکراسی تیایاندا نەچەسیوە و دەزگاکانیان لاوازە. چینییەکان بە فەرمی دژایەتی دیموکراسی دەکەن و وەهای دەبینن بەشێکە لە ئامرازی قەڵەمرەوی یان دەسەڵاتداری ئەمریکا بە سەر دونیادا. لە هەمانکاتدا وەهای دەبینن کە دیموکراسی دەبێتە مایەی پشێوی نەک گەشە. دیارە ئەزمونی ناوەندەگەرێتی چین و پەیوەندی بە گەشەوە، ئەزمونێکی تایبەتە. سیستەمی ناوەندگەرایی و باڵایی دەسەڵاتی ناوەند بە سەر مرۆڤی چینیدا چەند هەزار ساڵێک کۆنە. بە جۆرێک لە سیستەم و بیری چیندا مرۆڤ یان تاک بونی نیە، بەڵکو دەسەڵاتی باڵای دەوڵەت هەموو شتێکە. ئەم ئەزمونە بۆ سیستەمی بێدەوڵەت یان نادەوڵەتەکانی تر وەک عێراق کێشەیە. 

گەشەی چینی بەرهەمی سەرمایەداری ئەمریکی و ئەوروپییە. بەڵام چینییەکان دەیانەوێت گەشەی ئەوانیتر بەرهەمی سەرمایەداری ئەوان بێت. ئەم سەرمایەدارییە هەتا ئێستا نمونەیەکی سەرکەوتوی لە دەرەوەی چین پێشکەش نەکردوە، بەڵام بە سودێکی زۆر بۆ چین شکاوەتەوە. بەم پێیە ئایا گەشە لە دەربڕینە چینییەکەدا مەبەست لە گەشەی کێیە؟ چینییەکان بەردەوام ئەوە دوپات دەکەنەوە کە پرۆسەکە براوە براوەیە، بەو مانایە هەردوولا براوەن. بەڵام مێژوی پەیوەندی چین لە گەڵ وڵاتانی هاوشێوەی عێراق بە زۆری وەها ناڵێت. 

پێش هەموو شتێک ئەوەی دەبێت بیزانین، وەک عەلی عەلاوی لە هەڤپەیڤینەکەیدا لە گەڵ سایتی ڕاپۆرتی نەوتی عێراقی دووپاتی کردوە، پەیوەندی نێوان عێراق و چین لە میانەی پرۆژەی یەک پشتێنە، یەک ڕێگادا بەڕێوەدەچێت. ئەم پرۆژە زەبەلاحە ئامانجی ئەوەیە کە چین بە دونیاوە گرێبدات و دونیاش بە چینەوە گرێبدات بە جۆرێک کە کەرەستەی خاو، ووزە بۆ چین مسۆگەر بکات و لە هەمانکاتدا فرۆشتنی کاڵا و لە قاڵبدانی سیاسی و هەبوونی کاریگەری لە سەر سیاسەتی گەشەی ئەو وڵاتانە دابڕێژێت. بەجۆرێک کاتێک ئەو وڵاتانە گەشە دەکەن کە چین گەشە بکات، پێچەوانەکەی ڕاست نیە. لە هەمانکاتدا دەبێت ڕەفتاری سیاسی ئەو وڵاتانە بەرامبەر کۆمەڵێک پرسی هەستیار هاوشێوەی چین بێت، بۆ نمونە بەرامبەر ئەمریکا، تایوان، هۆنک-کۆنگ، شینگیانگ و زۆر بواری تر.

بەم پێیە پەیوەندی چینی عێراقی کاریگەری دەبێت لە پەیوەندی عێراقی ئەمریکی، بە تایبەتی کاتێک لە ناو عێراقدا کۆمەڵێک هێز هەن کە دەیانەوێت چین بکەن بە بەدیلی ئەمریکا. دەبێت ئاماژە بە ئەوە بدەین کاتێک پەیوەندی چین و عێراق کاریگەری هەیە لە سەر پەیوەندی چین و ئەمریکا، بەڵام چین بە هیچ شێوەیەک ئامادەنیە هەمانشێوەی ئەمریکا پەیوەندی هەبێت لە عێراقدا. لێرەدا بوارنیە بەراورد لە نێوان شێوازی پەیوەندییەکەیاندا بکەن، بەڵام بۆ ئەوانەی خوازیاری زیاترن، تەنها بەرواردکردنی پەکین کۆنڤێنشن و ئەوەی بە واشنتۆن کۆنڤێنشن ناسراوە بڕێکی باش لە ڕوناکی دەخاتە سەر ئەم دوو جۆرە لە پەیوەندی.

عێراق وڵاتێکی تایبەتە، زۆر جیاوازە لە وڵاتەکانی تری ناوچەکە. عێراق جێگای بایەخی ئەمریکا و هەروەها برینێکی قوڵی ئەمریکییە. ئێمە پێش ئەوەی پرۆژەکە بە کرداری دەست پێبکات هەست بەم هەستیارییە دەکەین، بە تایبەتی چۆن چینیەکان پەیوەندی عێراق و ئەمریکا بە کار دەهێنن بۆ جەنگی پڕوپاگەندە و دەسەڵاتی نەرم و دەرونی. بۆ نمونە هەر پاش دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی هەزار قوتابخانەکە، چینیەکان خێرا روداوەکەیان قۆزتەوە بۆ ئەوەی بڵێن، ببینن چۆن چین بونیاد دەنێت و ئەمریکاش بۆمباران دەکات. 

ئەم بەکاربردنە خێرای چین بۆ عێراق و مێژوی نوێی و یادەوەریی و پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکادا بە مەبەستی جوانکردنی خۆی، جگە لە بێڕێزی بەرامبەر عێراق و بێ بنەمایی هەوڵەکەیان، لە هەمانکاتدا دەرخەری ئەوەیە کە پەیوەندییەکە بەکاردەبرێت بۆ ململانێیەکی تر کە ئەگەری زۆرە زیان بە پرۆسەی گەشەی عێراق بگەیەنێت. ئەگەر چین مەبەستی ئەوەیە کە لە عێراقدا گەشە بێتەدی ئەوا دەبێت خۆی لەوە بەدوور بگرێت کە عێراق و دۆخەکەی بەکاربەرێت بۆ ململانێی خۆی لە ئاستێکی تردا.

چین لە عێراق بونیادنانێت، هاوکاری ناکات، خێر ناکات، بەڵکو پارەی پێشەکی وەرگرتوە بۆ خزمەتگوزارییەک کە هێشتا دیار نیە ئایا ڕودەدات و ئەگەر ڕوبدات جۆر و کواڵیتی چۆنە و چەندێک لە سەر ئابوری عێراق دەکەوێت. وەک وەزیری پێشوی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە تویتێکدا سەرنجی بۆ ڕاکێشاین، ئایا بە ڕاست دروستکردنی قوتابخانە بوارێکە کە خەڵکی عێراق خۆیان ناتوانن ئەنجامی بدەن؟ ئایا دروستکردنی قوتابخانە هێندە ئالۆز و تایبەتە کە دەبێت چینیەکان بیکەن، یان لە پشت ئەم پرۆژەیەوە کار و ئامانجی تر هەیە؟
ئێمە هەر لە ئێستاوە دەنگۆی ئەوە دەبیستین کە چۆن عێراق بڕی چوار ملیار دینار دەدات بە هەر قوتابخانەیەک، دیارە ئەم دەنگۆیانە ناتوانرێت پشتڕاست بکرێنەوە چونکە یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکیەکانی پەیوەندی ئابوری عێراق و چین نەبونی شەفافیەتە. کاتێک دەنگۆ هەیە و شەفافیەت نیە، ئەوا دەبێت دەنگۆکان بە جیددی وەربگرین هەتا شەفافیەت بەر قەرار دەبێت. بەڵام گەندەڵی و گەندەڵکردن لە کرۆکی پرۆژەی چینیدایە. چین خۆی وڵاتێکی ئێجگار گەندەڵە و دەسەڵاتدارانی حیزب زۆربەی سەرمایەی ئەو وڵاتەیان بۆ خۆیان و مناڵەکانیان قۆرغکردوە. ئەو نزیکیەی یان تێکەڵیەی حیزب و دەسەڵات، دەردێک کە عێراق و کوردستان بە دەستیەوە دەناڵێنن، بە هاتنی مۆدێلی چینی نەک لاواز نابێت بەڵکو هێندەی تر تۆختر دەبێتەوە. لە هەمانکاتدا پرۆژەکان لە لایەن چینیەکانەوە دروست ناکرێن بەڵکو پاش وەرگرتنیان لە لایەن چینیەکانەوە، دەدرێین بۆ کۆمپانیا لۆکاڵیەکان، کە زۆربەیان کۆمپانیای حیزبین. 

ئەوەی لە هەمانکاتدا جێگای سەرنجە، ئایا بۆچی چینیەکان بە قوتابخانە دەستیان پێکرد؟ ئەگەر مەبەست لە پەیوەندی عێراق و چین گەشەی عێراقە، ئەوە لە هەموو پرۆژەیەکی گەشەدا سەرەتا ڕێگاوبان دروست دەکرێت، ئەمە چینیەکان خۆیان لە هەموو کەس زیاتر لێی ئاگادارن و هەروەها نمونەکانی تری وەک یەکێتی ئەوروپا، بە هەمانشێوەیە. کاتێک وڵاتێک دەبێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا سەرەتاییترین کار دروستکردنی ڕێگاوبانی نوێ و پێکەوەگرێدانی وڵات و هەروەها گرێدانی وڵاتە بە وڵاتانی ترەوە. چەند ساڵێک لەمەوپێش، بە شەمەندەفەر و پاس لە نەمساوە ڕۆشتم بۆ کرواتیا، بە ڕونی ئەم دیاردەیەت لە وڵاتانی بەلقان دەبینی. عێراق پێویستی بە ڕێگاوبانە، چینیەکان خۆشیان نەک لە پێناو گەشەی عێراقدا، بەڵکو وەک لە ناوەکەیدا دیارە لەمیانەی پرۆژەی یەک پشتێینەو یەک ڕێگا دەبوو ڕێگا و هێڵی شەمەندەفەر و بەندەریان درستبکردایە، نەک قوتابخانە. دیارە گومان لە ئەوەدانیە کە عێراق پێویستی بە نەک هەزار بەڵکو چەندین هەزار قوتابخانەیە، بەڵام دەست پێکردن بەم هەنگاوە جێگای گومانە. یەکەم، هەنگاوێکی خێرانابێت لە میانەی پرۆسەی گەشەدا، دووەم، بونی کەسێکی سەر بە ڕەوتی سەدر، لە ئەمیندارێتی گشتی سەرۆک وەزیران و بەرپرسی پرۆژەکان لە عێراقدا، دیارە ڕەزامەندی سەدر بۆ ئەم پرۆژەیە هەبوە. ئەم ڕەزامەندییە بە دوو جۆرە رەنگدەداتەوە، یەکەم، سودمەندی سیاسی، دووەم، سودمەندی پارە. لە هەمانکاتدا دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین قوتابخانە بونیادبنرێت یان نا، ئەم هەنگاو پێویستە بۆ بەردەوامبونی نەوتی هەرزانی عێراق بۆ چین، سودمەندی بانکە چینییەکان لە نەوتی عێراق و هەروەها سودمەندی کۆمپانیا چینییەکان لە ئەم پرۆسەیە.

29/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر