چین و هێرشەکەی هەولێر

د. سه‌ردار عه‌زیز

لە سەرەتادا، دەبێت بە ڕاشکاوانە بڵێین کە هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ نیە. بەڵام لە پاشخان و دەرئەنجام و پەیوەندی ناڕاستەوخۆدا دۆخێکی ئاڵۆز لە ئارادایە. وەک دەڵێن شەیتان لە وردەکارییەکاندایە.

چین لە هەموو وڵاتان زیاتر چەقی فۆکەسی ئیدارەی بایدن بوو. لەم پێناوەدا ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دوای ئەوەدا دەگەڕا کە چۆن کێشە دروست نەبێت و ناچاری نەکات کە تەرکیزی لە چین کەمبکاتەوە. لە دەرئەنجامی ئەمەدا دۆخێک هاتە ئاراوە کە ئێران و ئەمریکا بە ناڕاستەوخۆیی ڕێکەوتنێکیان لە نێوانیاندا سازاند. بە پێی ئەم ڕێکەوتنە، ئەمریکا فشار لە سەر ئێران کەم دەکاتەوە، ڕێگە دەدات نەوت بفرۆشێت و دەستی بە دۆلار بگات و هەروەها مامەڵە لە گەڵ حکومەتەکەی دۆستی ئێراندا دەکات لە بەغدا. وەڵامی میلیشیا عێراقیە سەر بە ئێرانیەکان ئەوەبوو کە جۆرێک لە ئاگڕبڕی ڕانەگەیاندراویان لە نێوانیاندا لە گەڵ ئەمریکادا ڕاگەیاند. دەرئەنجامی ئەمە دۆخێکی سەقامگیریی ناوازە هاتە ئاراوە. بە جۆرێک جاک سۆلیڤان کاتێک وتارەکەی بۆ گۆڤاری فۆرن ئەفێر نوسی، باسی لە سەقامگیری بێوێنە کرد لە ناوچەکە.

هەندێک دەڵێن ، ئەگەر هێرشەکەی غەزە نەبوایە، ئەوا کەس ڕەخنەی لە دیدەکەی سۆلیڤان نەدەگرت. بەڵام کاتێک لە گەڵ دەیڤد شینکەری قسەم کرد ئەو ڕای جیاواز بوو. دیڤید لە ئیدارەی پێشوی ترامپدا بەرپرسێکی باڵابوو، بە دیدی ئەو، پێش غەزەش ناوچەکە بەوجۆرە سەقامگیر نەبوو، کە سۆلیڤان باسی لێوەدەکات. دیارە دەبێت لە دیدی کۆمارییەکان بەرامبەر دیموکراتەکان، کەمێک بە ڕەخنە بین چونکە پەیوەندییان لە پەیوەندی یەکێتی و پارتی خراپترە.

بەڵام ئەوەی ڕاستە، ئەوەیە کە ئێران لە هەڵکشانی چین و تەرکیزی ئەمریکا لە سەر چین و خواستی ئەمریکا بۆ هاتنەئارای ڕۆژهەڵاتێیکی ناوەڕاستی کپ، زۆر سودمەندبوو. 

یەکێک لە دەرئەنجامەکانی سودمەندی ئێران، تەنها ئەوەنەبوو کە بە دوای سودی دارایی و ئابوریدا بێت، بەڵکو هەوڵیدا لە ڕوانگەی ترەوە سود لە دۆخەک ببینێت. لەم ڕوەوە ئێران لە عێراقدا لە گەڵ هاوپەیمانەکانیدا، بەهێزتربوون و ئەم دەرفەتەیان بۆ ئەوە قۆزتەوە کە چۆن عێراق وەها لێبکەن کە دۆستەکانی ئێران بە تایبەتی گروپەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بتوانن نەیارەکانیان لاواز بکەن و بەبێ ڕکەبەر بە سەر دۆخی سیاسی و ئابوری و دارایی عێراقدا زاڵ بن.

ئیتارییەکان باش یارییەکەیان دەکرد. بەجۆرێک کە سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو بەو کەسەی کە ببێت بە جێگای ڕەزامەندی لە لایەن ئیدارەی بایدنەوە و بۆ کۆشکی سپی داوەت بکرێت. تیورەیەک هەیە سەبارەت بە سەرۆک وەزیرانی عێراق کە دەڵێت: کاتێک کە سەرۆک وەزیران لە ئێرانەوە نزیکە، ئەوا سازش بۆ ئەمریکا دەکات و کاتێک لە ئەمریکاوە نزیکە، ئەوا سازش بۆ ئێران دەکات. بۆ زیاتر ڕون بونەوەی ئەم تیورەیە بیر لە هەریەکە لە سودانی نزیک بە ئێران و کازمی نزیک بە ئەمریکا بکەرەوە. سودانی هەوڵی پەیوەندی باشی دەدا لە گەڵ ئەمریکادا، کازمی هەوڵی پەیوەندی باشی لە گەڵ ئێراندا دەدا. بەڵام جیاوازی لە جۆری فەلسەفەی سیاسی ئێران و ئەمریکایە. لای ئەمریکا کار و بەڕێوەچونی گرنگە، نەک شوناسی کەسەکە. بەڵام لای ئێران شوناسی کەسەکە گرنگە. بۆیە کاتێک سودانی لە گەڵ ئەمریکا دەگونجێت دەبێتە مایەی سەرنجی ئەمریکا، بەڵام کەسێکی وەک کازمی هەرچەند هەوڵی خزمەتکردنی ئێران دا، بەڵام هەرگیز بەباشی هەڵسوکەوتی لە گەڵدا نەکرا.

لەم دۆخەدا پەیوەندی هەرێم، بەغدا و هەرێم ئەمەریکا هاتە ئاراوە. کاتێک کە ئەمریکا ئامانجی چین بوو، بە دوای سەقامگیری و هێمنیدا دەگەڕا لە عێراق، حکومەتی سودانی ئەوەی بۆ دابینکردبوو، لە هەمانکاتدا حکومەتی هەولێر لە دۆخەکە نەگەشتبوو، وەها مامەڵەی دەکرد کە هیچ نەگۆڕاوە، ئەوا هەولێر خێرا لە لایەن ئەمریکاوە وەها دەبینرا کە سەرئێشەیە و هاوکارنیە و خواستی زۆرە.

لە هەمانکاتدا کاتێک هەولێر لەم دۆخە تێنەدەگەیشت، ئەوا نەیدەزانی کە دەبێت چۆن بە خۆیدا بچێتەوە لە دۆخە نوێکەدا. هەرێم لەوە تێنەدەگەشت کە کاتێک بەغدایەک هەیە بە دڵی ئەمریکایە و ئەوەی ئەمریکا دەیەوێت نەبونی کێشەیە، ئەوا خواستی هەولێر قورستر دەبێت لای ئەمریکییەکان. 

ئەمە لە کاتێکدا هەولێر لە بڕی ئەوەی لە سیاسەتی ئەمریکا بگات و هەوڵی ئەوە بدات کە چۆن ئاسانکاریی بۆ ئەمریکا بکات، زیاتر و زیاتر لە نێوخۆیاندا پەرتدەبوو، لاواز دەبوو، توانای دانوستان و تێگەیشتنی لە دۆخەکە لە دەست دەدا.
یەکێک لەو تیورانەی کە هەولێر جاڕی بۆ دەدا، ئەوەبوو کە دۆخەکە بۆ هەمیشە وەها بەردەوام نابێت و شتێک ڕودەدات. ئەمە تێکەڵەیەک بوو لە ئەزمونی مێژوو و بێدەسەڵاتیی. بەڵام ڕوداوی هێرشی حەماس گۆڕانکاریی بە سەر دۆخەکەدا هێنا.

هێرشەکەی حەماس ئەمریکای ناچار بە پیاداچونەوە کرد بۆ هەڵوێستی بەرامبەر دۆخەکە لە ناوچەکە. لە هەمانکاتدا ئاگربەستی ڕانەگەیاندراوی نێوان میلیشیاکان و ئێران و ئەمریکای کۆتایی هێنا. دەرئەنجامی ئەم دۆخە، فشار کەوتنە سەر پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمریکا، بەڵام لە هەمانکاتدا دروستبونی گرژی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا.

لە کاتێکدا نە ئێران، نە ئەمریکا، شەڕیان ناوێت بەڵام دۆخەکە بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵدا نیە. هێزە عێراقییەکان کە حوکمی عێراق دەکەن، کەمینەن و بەبێ پشتیوانی ئێران ئەو کارەیان بۆ ناکرێت، بۆیە پەیوەندییان لە گەڵ ئێراندا تەنها تایفی و عەقائیدی و سەربازی نیە، بەڵکو لە هەمانکاتدا وجودییە. ئەوەی ئێران دەیەوێت ئەوەیە کە ئەوە لە بیر ئیسرائیل بباتەوە کە بیر لە هێرشکردنە سەری بکات بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ، لەم پێناوەدا دەیەوێت لە هەرکوێ دەستی هەیە لە دەرەوەی ئێران شڵەژان دروست بکات. هێرشی ڕۆکێتی سەر هەولێر ئەمە ئامانجە سەرەکیەکەی بوو. ئێران کە نزیکەی سێ هەزار ڕۆکێتی بالیستی هەیە، دەیەوێت ئەو پەیامە بە ئیسرائیل بدات کە ڕۆکێتەکانی دەتوانن بگەنە ئیسرائیل. هێرشەکەی هەولێر ئامانجی هەرە سەرەکی ئەم نمایشە بوو. 

کەواتە بە کورتی، هەڵکشانی چین، هەوڵی ئەمریکا بۆ مامەڵە لە گەڵ چیندا، لەم پێناوەدا هەوڵدان بۆ کپکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و ئێران، ئێران و نوخبەی نزیک بە ئێران لە عێراق سودمەندبوون و کورد زەرەرمەند. کورد کە توانای خوێندنەوەی ئەم دۆخەی نەبوو، زیاتر لاوازبوو. 

سەرباری ئەمە دەکرێت ئەوەش لە بەرچاو بگرین کە بونی پەیوەندی نەوتی و بازرگانی زۆری نێوان عێراق و چین وەهای لە نوخبەی حاکمی عێراق کردوە، کە وەها بیربکاتەوە کە دەتوانن خۆیان لە ڕوی سەربازییەوە بپارێزین، ئەوا چینیش دەتوانێت پێداویستیەکانی تریان بۆ دابین بکات، بۆیە پێویستیان بە ئەمریکا نیە. بەو مانایە چین بازاڕ و ساغکردنەوەی نەوت و کاڵا و شمەکان دابین دەکات و ئێران پشتیوانی سەربازی، کەواتە پێویستی بە ئەمریکا نیە.

لێرەوە کوردی کێشەکانی چی بوون؟

یەکەم، کورد توانای ئەوەی نەبوو کە بزانێت چۆن هەڵکشانی چین ناڕاستەوخۆ یان بە ئاستێک ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لە سەر پەیوەندی ئەمریکا بە ناوچەکەوە و لە ئەنجامدا پەیوەندی بە کوردوەوە.

دووەم، کاتێک کورد توانای ئەم تێگەیشتنەی نەبوو، ئەوا نەیدەزانی و نەیدەتوانی بە شێوازی نوێ بۆ دۆخی نوێ مامەڵە بکات، بەڵکو زیاتر سیاسەتی شەخسی و خێزانی و حیزبی زاڵبون، کە ئەمریکای نائومێد و بێزار دەکرد.

ئێستا کە دۆخەکە گۆڕاوە، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە، کاتی دەبێت. وەک دەڵێین ڕەنگە وەک تۆفانێک وەها بێت، پاش ماوەیەک بنیشێتەوە، بەڵام هەڵکشانی چین وەک گۆڕانی ژینگە وەهایە درێژخایەنە. ئەوەی کورد دەبێت فێربێت کە چۆن خۆی لە گەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا کە یانی هەڵکشانی چین بگونجێنێت، نەک لە گەڵ تۆفانێکی کاتیدا.

24/01/2024



وتارەکانی تری نوسەر