هەڵوەشاندنی بیری فەرەنسی: ئەو کەڵەشێرەی چیدی ناقوقێنێت!!

د. سه‌ردار عه‌زیز

ڕۆژی یەکشەممە فەرەنسا لە گەورەترین ڕوداوی جیهانیدا خۆی نمایش دەکات. یاریی کۆتایی مۆندیال لە نێوان فەرەنسا و ئەرجەنتین تەنها یاری نێوان دوو تیپی دوو گۆڵی نیە، بەڵکو ڕوداوێکی پڕ لە سیمبولە. تیمی فەرەنسی بەوەی زۆرینەیان مناڵی گەڕەکە هەژارەکانی دەرەوەی پاریسن کە لە ئەدەبیاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریدا بە بانلوbanlieue   ناسراوە. ڕەنگ و ناو و شوناسی ئەوان جێگای مشتومرە لە نێوان پارتە فاشیستەکانی فەرەنسا و ئەوانیتر، لە نێویاندا لێدوانەکانی فەیلەسوفی سیاسی ئێریک زومار. دەکرێت لەم ڕێچکەیەوە بڕۆین بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی کە ئایا کۆماری فەرەنسی و ئایدیاکانی چ جۆرە کەسایەتی و کۆمەڵگا و خیتاب و دیدی بەرهەم هێناوە. بەڵام ئەم ڕێچکەیە ناگرینە بەر. ئەوەی دەمانەوێت قسەی لە سەر بکەین بیری فەرەنسییە. چەمکی بیری فەرەنسی پێویستی بە ڕونکردنەوەیە. ئایا دەکرێت چەمکی وەک بیری فەرەنسی هەبێت؟ بۆ کورتکردنەوەی وەڵامەکەمان پەنا دەبەینە بەر سودێر هەزارسین Saudhir Hazareesingh  لە کتێبی فەرەنسییەکان چۆن بیردەکەنەوە
How the French Think: An Affectionate Portrait of an Intellectual People 
بەم پێیە دەتوانین قسە لە سەر ژانڕەیەک بکەین بە ناوی بیری فەرەنسی. بۆ ئەم قسەکردنە دەکرێت دوو هێل بگرینە بەر، هێڵی یەکەم، بیرمەندانی فەرەنسا، بە تایبەتی لە دیکارتەوە، کە باوکی عەقلانیەتی نوێیە، یان دەکرێت ڕوداوەکان لە بەرچاو بگرین وەک روداوی شۆرشی فەرەنسی، جەنگەکان، کۆلۆنیالیزم، هەتا شۆرشی ١٩٦٨. بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەی دونیای کوردییەوە لە پرسەکە بنواڕین ڕەنگە میتۆدێکی باشتر هەبێت. بێگومان چەمک و خیتابەکانی شۆرشی فەرەنسی و ڕوداوی ١٩٦٨ زۆر زاڵن بە سەر دونیای فیکریی و سیاسی ئێمەدا. تەنها لەو ناو و دروشمانە بنوارە کە لە دونیای ئێمەدا ڕەواجیان هەیە، وەک فۆکۆ و بارت و درێدا و لاکان و ئەوانیتر هەموو ٦٨ لە قاڵبیداون.
بەڵام باشترین و گونجاوترین جێگا بۆ قسەکردن لە سەر بەرجەستەبونی بیری فەرەنسی وڵاتانی وەک کەمبۆدیای پۆل-پۆت و تورکیای ئەتاتورکە. [ئەم دوو کەیسە بێگومان وەرگرتنی بیرە وەک دۆگما، کە خەسڵەتێکی هەرە سەرەکی دونیای بەناو بیرکردنەوەی کوردییە]، بۆیە لە سەر تورکیا ئیستێک دەکەم. گەر لە چەمکەکانی کەمالیزم بنواڕیت دەستوبرد بۆت دەردەکەوێت کە لە کوێوە سەرچاوەیان گرتوە. کەمالیزم بریتیە لە کۆمارێتی، عەقلانیەت، توانەوە (ئەسیمیلەیشن)، هاوڵاتی، لە گەڵ لاییک یان عەلمانیەت. لە دەرئەنجامی شۆرشی فەرەنسی لە فەرەنسا کەلتورێک لە سیاسەتی نوێ و فەلسەفە هاتە ئاراوە، کە بریتیە لە پرۆسەی دروستکردنی خەڵکێکی نوێ لە سەر پانتاییەک کە ناوی فەرەنسایە، ئەم خەڵکانە هەموو هاوڵاتی ئەو وڵاتەن و دەوڵەت و کۆمار ناوەندی هەموانە و هیچ شوناسێکی تر بونی نیە، هەموو ناوەندەکانی تری وەک کڵێسا و شوناسەکانی تر ناعەقلانی و نامۆدێرنن دەبێت سەرکوت بکرێن، ئەگەر هەبن ئەوا دەبێت لە پانتایی ماڵدا قەتیس بکرێن. [دیارە ئەمە بەشی زۆری هەر قسەیە چونکە دەوڵەتی فەرەنسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە پارێزەر و داکۆکیکاری کڵێسابوە. بەڵام دوالیزم خەسڵەتی هەرە سەرەکی فەرەنسی بونە].
بە هەمانشێوە لە تورکیا، خەڵکانی وەک زیا گۆکئالپ و کەمال خۆی کە کەسێکی فەرەنسی زان بوو، هەروەها ئەوانیتر، بە هەمان مۆدێل ئامانجیان ئەوەبوو کە کۆمارێک دروست بکەن مرۆڤەکانی ناوی تورک بن، هاوڵاتی تورکیا بن، لە هەموو شوناس و ڕەگ و بەها و ئاگایی پێشینەیان داببڕین. بەمجۆرە کۆمەڵێک پیرۆزی نوێ هاتنە ئاراوە، پیرۆزی کۆمار و دەوڵەت و زمانی تورکی، بەجۆرێک خەڵکانی ناو ئەو پانتاییە بۆیان نیە ڕەخنەی ئەم پیرۆزیانە بگرن. 
وەک چۆن لە کرۆکی فەلسەفەی فەرەنسیدا چەمکی عەقلانیەت هەیە، لە پرۆسەی حوکمداری تورکیشدا بە هەمانشێوە. چەمکی عەقلانیەت، لە سەرەتادا چەمکێکی سەداباشە، یان پۆزەتیفە، بەڵام کاتێک لە مێژوی دەڕوانیت زوو بۆت دەردەکەوێت جیاوازە. کاتێک سیستەمێک خۆی وەها دادەنێت کە عەقلانیە، ئەوا بەبێ دوو دڵی هەموو نەیارەکانی دەچنە خانەی ناعەقلانی، هەروەها عەقلانیەت سروشتێکی گەشەیی هەیە، بەو مانایە عەقلانیەت خۆی بە باڵاتر دەزانێت لە ناعەقلانیەت، بۆیە مافی هەیە ڕێگریی لە ناعەقلانیەت بکات. لە تورکیادا ئەمە ڕاستەوخۆ لە سەر جەستەی کورد و ئاینەکان و هەموو ئەوانە کەوتوەتەوە کە ناچنە خانەی عەقلانیەتی دەوڵەتەوە. ئەم عەقلانیەتەیە کە یەکێک لە ناشیرینترین ناعەقلانیەتی لە مێژوی مرۆڤایەتیدا بەرهەمهێناوە ئەویش نکوڵیکردنە لە کورد. ئەگەر کوردنیە، ئەوا چۆن نەبوو نکوڵی لێدەکرێت یان شەڕی لە گەڵدا دەکرێت؟ 
کۆمەڵێک خەسڵەتی تر هەن کە بیری فەرەنسی دادەڕێژن، وەک بیرکردنەوە لە بڕی دونیا، بونی فەرەنسا بە مۆدێل بۆ مرۆڤایەتی، داننەنان بە بیر و کەلتور و بەهای ئەوانیتردا. لە ساڵی ١٩٦٨ ئەندرێ مارلۆ سەردانی چین دەکات و چاوی بە ماو تسی تۆنگ دەکەوێت. مارلۆ تەنها بیرمەندێکی فەرەنسی نەبوو بەڵکو گولیستێکی خاوەن پێگە و دەسەڵات بوو، وەزیری ڕۆشنبیری بوو. مارلۆ بە ماو دەڵێت: چین فەرەنسای ڕۆژهەڵاتە. ئەم لوتکەی غرورە لەوێوە دێت کە مرۆڤەکان لە هەرکوێی دونیا بن، تەنها فەرەنسا دوبارە دەکاتەوە. فەرەنسا خاوەنی بیرە و ئەوانیتر پیادەکەری ئەو بیرەن. ئەمە جگە لە غرور و باڵایی هەروەها کرۆکی ئەو ناوەندگەراییە باڵایەیە کە فەرەنسا لە ناوەو لە دەرەوە بە دەستیەوە دەناڵێنێت. لێرەدا جێگایەتی باس لە مۆدێلی دەوڵەتی فەرەنسی بکەین کە یەکێکە لە مۆدێلە زاڵەکانی دەوڵەتداریە لە دونیادا. دەوڵەتی فەرەنسی تەقلیدی، دەوڵەتێکی پیرۆزکراوی، ناوەندیی، پەراوێزخەرە. ئەم مۆدێلە لە لاساییکردنەوەیدا قەیران و کێشەی زۆری بۆ خەڵکانی تر دروستکردوە لە دونیادا. یەکێک لە کێشەکانی ئەم مۆدێلە یەکبونە. دەوڵەت یەک زمان و یەک ئاڵا و یەک ناوەند و یەک سیستەمی یاسایی هەیە. دیارە فەرەنسا لە سەرەتادا یەک نەبوە، بەڵام یەکخراوە. ئەم یەکخستە بێ خەوش نیە بۆیە یەکێکە لە کرۆکەکانی ڕەگەزپەرستی فەرەنسیە. ئەوەی بە یادەوەرییەکانی بۆردیو ئاشنابێت هەست دەکات وەک بیرمەندێک چۆن ئازاری چەشتوە بەوەی خەڵکی پاریس نەبوە و زمانی باڵای پاریسییەکانی نەبوە. لە قاڵبدانی شێوازی قسەکردنی مرۆڤەکان، باڵاتری شێوازی شێواندنی کرۆکی مرۆڤبونە. بەداخەوە ئەمە ئێستا جۆرێکە لە ڕەفتاری دەوڵەت. گەرچی فەرەنسا لە ناوەوە ووردە ووردە خەریکە دەگۆرێت، بەڵام کەلتورێکی گەورەی لە دەرەوەی خۆی تەشەنە پێداوە کە مایەی ئازار و خوێنێکی زۆرە.
دونیای ئێمە بە هۆی کاریگەریی فەرەنسا خۆی لە ئاستی دونیا و هەروەها کاریگەری زۆری لە سەر باکوری ئەفریقا و لوبنان و سوریا و تورکیا، زۆر ڕەفتار و دونیابینی فەرەنسی لە دونیای ئێمەدا چەسپیوە. دەکرێت باس لە زۆر دیاردە بکرێت، وەک شۆرش، ڕۆشنبیر، ڕادیکاڵێتی، ڕاماڵینی ئەویتر، یوتوپیاچێتی، پێگەی وەهمی فەلسەفە، دەستور و زۆر خەسڵەتی تر.
بە کورتی ئاماژە بە دوو لەم چەمکانە دەدەم کە شۆڕش و ڕۆشنبیرە. دوو ڕوداو لە پەیوەست بە شۆڕش زاڵن بە سەر وێنای شۆڕشدا لە دونیای ئێمە، ئەوانیش شۆرشی فەرەنسی و ١٩٦٨ە. هەردوو ئەم ڕوداوانە گەورە و وەرچەرخێنەر و کاریگەرن. مرۆڤ گەر کەمێک لە دونیای فیکردا جوڵەی هەبێت ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر کاریگەرییان. شۆڕش وەها دەبینرێت کە کردەیەکی کۆیی گشتیە بۆ کۆتایی هێنانی تەواو بە سەردەمێک و هەبونی توانا بۆ دەستکردنی سەردەمێکی تەواو نوێ. ئەمە نەک هەر وەهمە، بەڵکو بانگەشەیە بۆ سڕینەوە، لەناوبردن و بڕوابون بەوەی هەموو شتێک دەستکردە و بە ئاسانی دەتوانرێت دروست بکرێت. ئەم خەسڵەتەیە کە فەرەنسییەکانی شەیدای مرۆڤ کوژەکان کردوە. خەڵکانی وەک ستالین و ماو و ئەوانیتر، ڕۆژانێک کەسانی خاوەن کاریزما و قارەمان بوون لە هەناو کەلتوری فەرەنسی و بەتایبەتی پارتی کۆمیونیستی فەرەنسی. 
چەمکی ڕۆشنبیر لە دونیای ئێمەدا قسە و باسی زۆری لە سەرکراوە، لە کاتێکدا بچوکترین پانتایی بۆ ڕۆشنبیربون لە دونیای ئێمەدا بونی نیە. ڕۆشنبیری فەرەنسی خوێنەری فەرەنسی دروستیکردوە. بەڵام ژمارەی خوێنەری کورد پیاو شەرم دەکات باسی بکات. ڕۆشنبیر دەگەرێتەوە بۆ روداوی درایفۆس، کە ڕۆماننوسی گەورەی فەرەنسی بەلزاکی هێنایە ورتە. لەوێوە فەیلەسوف و ڕۆشنبیر وەها تەماشا دەکرێن کە هەڵگری ویژدانی پاکی کۆمەڵگا بن. بۆ ئەوەی کەسێک بتوانێت بە ڕۆڵێکی وەها هەستێت دەبێت کۆمەڵگا ویژانی هەبێت، زەمینەی بۆ بخولقێنێت. بەڵام کۆمەڵگای ئێمە لە نیفاقێکی کوشندەدا دەژی، لە کاتێکدا نەفرەت لە ڕۆشنبیر دەکات، لە هەمانکاتدا  دەیەوێت ڕۆشنبیر بۆی بمرێت. دەرئەنجامی ئەمەش بێ ڕۆڵ بونی ڕۆشنبیر و نەفرەتی زیاتری کۆمەڵگایە. 
بیری فەرەنسی لە قەیراندایە. دواین بیرمەند کە خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت Annie Ernaux بوو. ئانی خاوەن ژانڕەیەکی تایبەتە بە ناوی autosociobiographical کە لە ڕێگایەوە هەوڵیداوە ئەو دونیا سەختەی ئافرەتێکی نیمچە هەژار ببینێت لە کۆمەڵگای فەرەنسیدا، کە چۆن کار و خوێندن و هەوڵەکان هەرچیەک بن، ناتوانن شەرم و چەوسانەوە و جیاوازی چینایەتی و ئازارەکانی کەمبکەنەوە. 
ئەم نوسینەم بۆیە نوسی هەتا لەوە بە ئاگابین کە چۆن مامەڵە لە گەڵ فیکر و ناوەندی فیکر و جیوپۆلەتیکی فیکردا بکەین. ئەمەش وەها دەکات سودمەندبون لە بیری ئەوانیتر کارێکی سەخت بێت، چونکە بیر بوارێکی هەستیارە، زۆرینەی خەڵک لە مامەڵەکردن لە گەڵیدا دەبنە نێچیر. بیری فەرەنسی ئەگەر ئاگاداری خۆت نەبێت توشی کۆمەڵێک کێشەت دەکات، لەوانە گەردونێتی، بەو مانایە چارەسەرێک هەیە کە بۆ هەموو کێشەکان لە هەموو جێگاکان لە هەموو کاتەکاندا گونجاوە، بەمە دەڵێن یونیڤێرسالیزم. ئەمە وەهمێکی ترسناکە. دووەم، بڕوابون بەوەی لە ڕێگای توندوتیژی و کوشتنەوە دەتوانیت سەرەتایەکی نوێ دروست بکەین، زۆر دڕندە و خوێناوییە. سێیەم، سەنتەربونی دەوڵەت و لە قاڵبدانی مرۆڤ، لە ئەنجامدا دەوڵەتی جیونۆسایدیی وەک تورکیا و عێراق بەرهەم دەهێنێت. ئێستا سەردەمی فرەیی، خاکیبون، جیاوازیی، پێکەوەیی و بەهاکانی ترە کە نامۆن بە کەلتوری فەرەنسی. بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە فەرەنسا سەرزەمینی زۆر شتی جوانە.

22/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر