نەمانی هاوسۆزی

د. سه‌ردار عه‌زیز

ڕۆژێک لە گوندێک لە هیند:  کە دانیشتوانەکەی تێکەڵە لە موسوڵمان و هیندۆس، قاو بڵاودەێتەوە کە ماڵێکی موسوڵمان گوێرەکەیەکیان سەربڕیوە. گروپێکی هیندی توندڕەو دەچنە ماڵە موسوڵمانەکە و لە سەلاجەکەیاندا گۆشت دەدۆزنەوە. ئەمە بەسە بۆ ئەوەی توندڕەوە هیندۆسەکان کابرای خاوەن ماڵ بکوژن. ئەم ڕوداوە، لە کاتێکدا تراژیدیایە بەڵام لە هەناویدا کۆمەڵێک وانەی زۆرمان بۆ هەڵدەگرێت، بە تایبەتی دەرباری کۆمەڵێک کێشە کە ئەمڕۆی کوردستانی باشور بە دەستیەوە دەناڵێنێت. هەوڵئەدەم بە کورتی لە ڕوانگەی هاوسۆزییەوە قسە لە سەر ئەم پرسە بکەم.

هیند هەتا پێش هاتنی ناریندرا مودی وەک وڵاتێکی عەلمانی دیموکراسی دەناسرا.  بەڵام پاش هاتنی مودی ئاراستەی وڵات گۆڕا بەوەی هیند وڵاتی هیندۆسەکانە. هیندۆسییەت تێکەڵەیەکە لە ئاین و نەتەوەییەتی لەم دۆخەدا. ڕێک وەک پارتی دادوگەشەپێدانی ئەردۆگان. 
مودی بەوە ناسراوە کە پۆپیولیستە، بەو مانایە چوارچێوەیەکی تایبەتی بۆ چیەتی خەڵک داڕشتوە و خۆی کردوە بە نوێنەری، بەمجۆرە خەڵک بریتیە لەوەی کە مودی پێی قبوڵە و ئەوەی وەها نەبێت دژ بە خەڵکە. [لە ماوەی رابوردودا هەندێک کەس هەوڵدەدەن هەندێک هێز لە کوردستان بە پۆپیولیست لە قەڵەم بدەن بەوەی هەوڵی وروژانی جەماوەری دەدەن، ئەمەش پێناسەیەکی هەڵەیە].

کاتێک هیند دەبێتە وڵاتی هیندۆسەکان و هیندۆسییەت هەوڵدەدات بەهاکانی خۆی زاڵبکات بە سەر کۆمەڵگا و حکومەتدا ، ئەوا هیچ بوارێک بۆ ئەویتری جیاواز نامێنێتەوە، بەڵکو دەستوبرد دەبێتە نەیار یان دوژمن. ئەم بە دوژمنکردنە بەشێکی پێویستە لە میانەی پرۆسەی زاڵکردنی تاک شوناسی ئاینی و سیاسی.

لە دۆخێکی وەهادا موسوڵمانانی هیند قوربانی گەورەی ئەم پرسەن. هیند کاتێک لە چلەکان سەربەخۆیی ڕاگەیاندا وەک وڵاتێکی دیموکراسی و عەلمانی شوناسی خۆی دیاریکرد. لەبەر ئەم هۆکارەش ئەوبەشەی کە ناوی لە خۆی نا پاکستان لێی جودابوەوە. گەر تەماشای ناوی پاکستان بکەیت بەمانای سەرزەمینی پاکەکان دێت. کە مەبەست لێی بەشەکەی تری هیند پیسە. [چیرۆکی پاکستان تراژیدیایەکی ترە، بەڵام بە شێوازی جیاواز].

ئێستا کە هیند وەک پاکستانی لێدێت موسوڵمانان دەبنە ڕەگەزە پیسەکە. ئەمەش تەنها دەربڕینێک یان بانگەشەیەکی سیاسی و دینی نیە، بەڵکو مایەی ئازار و برسێتی و ئاوارەیی ملیونان مرۆڤە. 

هەرچەندە بیرم لە ئەوەکردەوە کە بەراوردێک لە نێوان مودی و ئەردۆگاندا بکەم کە چۆن کوتومت هاوشێوەن لەوەی کە دژ بە نوخبەی تەقلیدی وڵاتن، لای ئەردۆگان کەمالییەکان، لای مودی نەهرۆییەکان، مەبەست لێی ئەو نوخبەیەیەی کە جەواهیر لال نەهرۆ بەرهەمی هێنا. ئەردۆگان دەیەوێی وڵات بکات بە ئیسلامی، مودی بە هیندۆس. ئەردۆگان دەڵێت شانازیی و پێگە بۆ خەڵکە ستەم لێکراوەکە دەگەڕێنێتەوە، مودی هەروەها. مودی لە ڕوی ئابورییەوە زۆر سەرکەوتوە و هیند لە هەڵکشاندایە، تورکیاش بۆ ماوەیەک وەهابوو. زۆر خەسڵەتی هاوبەشی تر هەیە لە نێوانیاندا. بەڵام لێرەدا زیاتر جەخت لە سەر چەمکی هاوسۆزی دەکەمەوە بە تایبەتی لە باشور. 

لێرەدا هاوسۆزی وەک وەرگێڕانێک بۆ چەمکی empathy  بەکاردەبەم. بە دیدی بیرمەندی ئەمریکی جۆرج لاکۆف هاوسۆزی کرۆکی دیموکراسییە. ئەو دەڵێت لە تەمەنی حەوت ساڵیدا لە باوکم پرسی دیموکراسی چیە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی: دیموکراسی ئەوەیە کە کەس لە تۆ زیاتر نیە و کەسیش لە تۆ کەمترنیە. بەم پێیە هاوسۆزی جۆری پەیوەندییە لە نێوان مرۆڤەکاندا لە دۆخێکی تایبەتدا. بەڵام هاوسۆزی تەنها یەکسانی نێوان کەسەکان نیە. بەڵکو لە هەمانکاتدا بریتیە لە مامەڵەکردن لە گەڵ ئەویتردا بە سۆزەوە، نەک بە کینە و تۆڵە و توندوتیژییەوە. ئەمە زۆر بە تایبەتی کاتێک کە کەسێک دەچێتە خانەی نەیارەوە یان هەڵەیەک دەکات. 

ئەمڕۆ لە دونیادا دوو جۆر هەڵوێست بە گشتی زاڵە بە سەر مرۆڤەکاندا، هەڵوێستێکیان ئەوەیە کە کاتێک کەسێک جودایە لە تۆ لە زۆر ئاستدا، ئایا بە سۆزەوە مامەڵەی لە گەڵ دەکەیت؟ یان بە رەفزکردنەوە. مامەڵەی سۆزی مانای قبوڵکردن یان دانپیانان نیە، بەڵکو مانای ئەوەیە کە لێی تێدەگەیەت بەڵام مەرج نیە قبوڵی بکەیت. بەومانایە کاتێک ڕوبەڕوی کەسێکی جیاواز دەبیتەوە، هیندۆسێک بۆ موسوڵمان لە هیند، ئیسلامییەک بۆ عەلمانی لە تورکیا، ئەوا بە نەفرەت و توندوتیژی و هەوڵی سڕینەوە مامەڵەی لە گەڵ ناکەیت بەڵکو بە سۆزەوە. 
مرۆڤێک گەر شوناسی تایبەتی ئاینی هەبێت ناتوانێت لە گەڵ ئەوانیتردا هاوسۆزبێت، ئەمە تایبەت نیە بە هیچ دینێک بەڵکو هەموو دینیەکان و هەروەها ئایدلۆژدارەکان بە تایبەتی چەپەکان هاوشێوەن. مامەڵەی ئەویتراندن لە نێو چەپەکاندا زۆر خراپترە لە مرۆڤە دیدنییەکان. 
ئێمە ڕۆژانە ڕوبەڕوی چوارچێوەو ئاگایی و دەربڕینی جۆراوجۆریی دژ بە هاوسۆزی دەبینەوە لە کوردستان. هەرکاتێک کەسێک یان گروپێک جیاواز-دەکرێت خێرا پرسی کەمینە و زۆرینە بەرامبەری بەکاردێت. هەمیشە دەوترێت؛ زۆرینەی کۆمەڵگا وەهایە یان ئەمەیە. لۆجیکی زۆرینەی و کەمینە، بە مانای باش و خراپ نایەت. بەو مانایە مانای وەهانیە ئەگەر کەمینە بویت خراپیت، و زۆرینەی بویت باشبیت. بەم پێیە موسوڵمانانی هیند کە کەمینەن خراپن و نابێت گۆشتی مانگا بخۆن چونکە مانگا لای هیندۆس پیرۆزە، خواردنی مانگا سوکایەتی دەکات بە پیرۆزی زۆرینە. ئێمە لە کوردستان بەردەوام لە بەردەم لۆجیکی پیرۆزی زۆرینەین، کە ناڕاستیەکی خەیاڵیکراوە.

ئێمە هەمومان لە خێزانی موسوڵمانەوە هاتوین. ئیسلامی دایکم ئیسلامی تاعەت و زیارەت و بەشکردنی خواردنی خۆش لە گەڵ دەرو دراوسێدا، ئەگەر عەرەبیش بن، پێدانی پاشەرۆکانە بە پشیلە و سەگەکان، بەبێ هیچ مەبەستێک جگە لەوەی کە خودا پێی خۆشە. لە ئیسلامی دایکمدا خودا سۆزی هەیە، هاوسۆزی هەیە، نەک تەنها بەرامبەر مرۆڤەکان بەڵکو بەرامبەر ئاژەڵ و بونەوەرەکانی تریش. بەڵام ئیسلامی سیاسی پڕاوپڕ جودایە لەمە. جگە لە دەسەڵاتخوازی و بازرگانی و وەرگرتنی ملیون لە وڵاتانی تر و پەرتکردنی کۆمەڵگا و پڕکردنی دونیا لە ڕق و کینە و بەتاڵکردنەوەی مرۆڤەکان لە سنگفراوانی، لە هاوسۆزی ولە قبوڵکردنی جیاواز هیچی تر نیە. ئەمەمان زۆر بە رونی بەرامبەر ئێزیدیەکان بینی. بە کورتی مامەڵەکردن لە گەڵ لاوازدا، پاڵەوانی نواندن لە بەرامبەر لاوازدا، بۆ بەدەستهێنانی پارە و پێگەی دونیایی دوری ئاسمان دورە لەو ئیسلامەی کە خودا بە هاوسۆزی دەبینێت و ناتۆقێت لە بونی جودایەک یان جیاوازێک.

نەبونی هاوسۆزی لە نێوا ئیسلامیەکاندا تەنها بەرامبەر ئەویتری غەیرە موسوڵمان نیە. ئەوەی کەمێک بە ووردی لە دۆخی باشور بنواڕێت دەبینێت کە ململانێی نێو حیزبە ئیسلامیەکان زۆریان لە سەر پارە و کورسی و دەسەڵات، پاڵنەری سەرەکی ئەو دۆخەیە. لە ڕاستیدا ئیسلامیەکی سەر بە خەتێکی فیکریی یان دارایی جیاواز زۆر بێ هاوسۆزترە بەرامبەر ئیسلامیەکەی تر هەتا نائیسلامیەک. ئەمە بنەمای کۆمەڵگایەکی هەمیشە ناسەقامگیرە. کۆمەڵگایەک کە تیایدا کەسەکان دەترسن لەوەی ئەویتر بگاتە دەسەڵات و ئەم بسڕێتەوە. 

هاوسۆزی کرۆکی دیموکراسییە و تەنها لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتدا پیادەدەبێت. بەڵام کرۆکی ئەم هاوسۆزییە لە عەلمانیەتدایە. عەلمانیەت هەوڵدەدرێت وەک کوفری لێبکرێت، کە جۆرێکی باڵایە لە گەوجاندن. ئەگەر هاوسۆزی بە مانای ئەوەبێت کە لەگەڵ ئەویتری جودادا بە سۆزەوە مامەڵە بکەیت بە مانای ئەوەدێت کە لە ڕوانگەی باوەڕ و بەها و پیرۆزی خۆتەوە مامەڵە لە گەڵ ئەویتردا نەکەیت. ئەمەش تاکە مانای عەلمانیەتە. عەلمانیەت یانی دینی خۆت بۆ خۆت، دینی خۆم بۆ خۆم: ڵكُمْ دِینُكُمْ  ولی دین. مرۆڤی هاوسۆز مرۆڤێکی تەندروست تر و ئارامتر و سەقامگیرترە.

07/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر