بودجەی عێراق چیمان پێدەڵێت؟

د. سه‌ردار عه‌زیز
گەورەترین بودجە لەمێژوی عێراقدا تێپەڕی. یەکێک لە دوفاقییەکانی ئەم بودجەیە ئەوەیە کە کەمترین خەڵکی عێراق لێی سودمەند دەبێت. یەکەم خوێندنەوەی بودجە ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت کە لە عێراقدا کۆمەڵێک نوخبەی سیاسی هەیە کە ململانێی سەرەکی لە نێوانیاندا بردنی زۆرترین سامانی وڵاتە. ئەم خەسڵەتە، بەشێکی وەک ناچارییە، چونکە لە ئەنجامی ململانێکان و ئاسانی بردنی سامانی وڵات ململانێی گروپەکان هەتا بێت پێویستی بە پارەی زیاترە. بە گشتی سیاسەت لە عێراقدا ئێجگار گرانە، بە تایبەتی کاتێک سیاسەت هیچ بنەمایەکی نیە جگە لە پارە نەبێت. سەرباری ئەوەی کە بودجە لە کاتێکدا داڕێژراوە کە نرخی نەوت زۆر گرانە بەڵام هێشتا کورتهێنان تیایدا زیاتر لە شەست و چوار تریلیونە.

بودجە فەلسەفەی تایبەتی خۆی هەیە. یەکەم خەسڵەتی ئەوەیە کە حکومەت بە خەڵکی بڵێت ئەمە داهاتەکەتانە و بەم شێوەیە خەرج دەکرێت و دەهێنرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی نوێنەرانی ئێوە (خەڵک) لێی بە ئاگابن، گفتوگۆی بکەن، ململانێی لە سەر بکەن، ئەگەر توێژێک، ناوچەیەک، گروپێک، فەرامۆشکرابێت، ئەوا قەرەبوو بکرێتەوە. بەڵام بودجەی عێراق پێویستی بە خوێندنەوەی جیاوازترە.

سەرەتا بونی بودجە بۆ سێ ساڵ، جێگای سەرنجە، کە خۆی لە تەمەنی ئەم حکومەتەدا دەبینێتەوە. بەم پێیە ئەم حکومەتە نایەوێت جارێکی تر بودجە دابڕێژێتەوە. لە کاتێکدا لە وڵاتێکی وەک عێراقدا کە زۆربەی زۆری داهاتی پشت بە نەوت دەبەستێت و سەرجەم داهاتەکانی تری ناگەنە خەزێنەی حکومەت بەڵکو لوش دەدرێن، ئەوا هیچ گەرەنتییەک نیە کە نرخی نەوت وەها بە بەرزی بمێنێتەوە، چونکە فاکتەری سەرەکی بەرزی نرخی نەوت شەڕی ڕوسە دژ بە ئۆکرانیا. بەڵام بە گشتی بونی بودجە باشترە لە نەبونی وەک لە هەرێم.

بودجە بە گشتی نامۆیە بە عێراق، بۆیە جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان چیەتی بودجە، لە بەرامبەر چۆنێتی بودجە لە عێراقدا. بودجە بە گشتی چەند پرۆسەیەک لە خۆی دەگرێت: یەکەم، بەیانکردن و پلاندانان. دووەم، دابەشکردن، سێیەم، شەرعاندن.

کەواتە بەم پێیە بودجە بریتیە لەو پلانە داراییەی بە پشت بەستن بە داهاتی چاوەڕوانکراوی وڵات، دادڕێژرێت لە پێناو ئامانجێکی گەورە و هەروەها کۆمەڵێک پرینسیپدا. هێنانی بودجە بۆ پەرلەمان بۆ بەیانکردن و گفتوگۆکردن و شەرعاندنیەتی. بەڵام لە ڕاستیدا کاری پەرلەمان لە پاش تێپەڕینی بودجە کۆتایی نایەت، بەڵکو دەستپێدەکات. بەڵام بە گشتی لە عێراقدا بەو شێوەیە نیە.

ئەگەر بودجەی عێراق پلانێکی گەورە لە خۆی بگرێت، ئەوا هەڵاوسانی زیاتری کەرتی ئاسایش یان چەکداری وڵاتە. لە بەرامبەردا لە مادەی پانزەدا دەڵێت دامەزراندن و گرێبەست لە دائیرەکانی دەوڵەتدا قەدەغە یان کۆتایی پێدەهێنرێت، [منع التعیین و التعاقد فی دوائر الدوله‌]، بەم پێیە ئامانجی گەورەی بودجە تەرخانکردنی زۆرترین داهاتی وڵاتە بۆ کەرتی چەکداریی، کە بە نزیکەی ٧٠% داهاتی وڵات دەخەڵمێنرێت. دیارە لە ؛عێراقدا زیاتر لە چوارملیون و نیو فەرمانبەر هەیە، کە ڕێژەی کارکردنی هەریەکەیان لە حەوت خولەک تێناپەڕێت لە ڕۆژێکدا.
لە سەر ئەم بنەمایە عێراق گرانترین دۆخی ئاسایشی هەیە لە دونیادا.

ئەم دابینکردنی دۆخی ئاسایشییە، کە دۆخێکی ناوازەیە، دەرخەری خەسڵەتی تایبەتی دەوڵەتی عێراقییە، کە دەوڵەتی میلیشیا یان دەوڵەتی ئیکسێپشنە، یان استسنا. چەمکی ئیستیسنا زیاتر لە بیست و سێ جار لە بودجەدا هاتوە، بە قسەی لێکۆڵەری عێراقی مونقز داغر.

پێم باشە ئیستێک لە سەر پەیوەندی نێوان ئیستسنا و یاسا بکەم. بۆ ئیستیسنا، ئیکسێپشن، چەمکی ناوازە بەکاردەبەم بە کوردی.  لە کتێبی تیولۆجیای سیاسیدا کارل شمت ڕستەیەکی ناوازە دەڵێت. ئەو لەوێدا پێناسەی دۆخی ناوازە یان دۆخی عورفی وەها دەکات کە بریتیە لە ئەو بڕیارەی کە سەروەر دەیدات. بەم قوتابخانەیە لە فەلسەفەی یاسادا دەڵێن بڕیارگەرایی. ئەگەر ئەم دیدە بگوێزینەوە بۆ ناو دۆخی عێراق و بە تایبەتی دۆخی بودجە، ئەوا، ئەوەی بودجەی داڕشتوە، کە دەزانرێت، بەڵام، ناگوترێت کە کێن، دەکرێت وەک سەروەر ناویان بەرین. ئەم سەروەرانە بڕیاریان داوە کە زیاتر لە بیست دۆخی تایبەت کە ناوازیە، بە یاسایی بکرێت.

کەواتە بودجە دەفتەرێکە کە تیایدا نایاسایی یاسایی دەبێت. بۆ نمونە لە بڕگەی شانزەدا، لێبوردەن هەیە بەرامبەر ئەو پارانەی کە پێشتر سەرفکراون، کە بە گشتی دزیی سەدەش دەگرێتەوە.

لە بودجەدا عێراق لە دەرەوە قەرز دەکات، بۆ ڕەوایی دان بەم قەرزانە هەمیشە بۆ هەردوو کەرتی کارەبا و تەندروسییە. هەموو کەس دەزانێت کەم ئەم دوو کەرتە لە هەموو کەرتێکی تر زیاتر وێرانە لە عێراقدا. بەڵام لە هەموو کەرتەکانی تر زیاتر پەیوەستە بە ژیانی خەڵکییەوە.

بە گشتی پلانەکانی بودجە ئەمانەن:

یەکەم، گەرەنتی مانەوەی ئەم حکومەتە، کە دەنگی کەمترین خەڵکی عێراقی بە دەستهێناوە، بۆ سێ ساڵی تر.

دووەم، بەشکردنی داهاتەکان لە نێوان نوخبە سیاسیەکانی ناو حکومەت.

سێیەم، گەورەکردنی زیاتری حەشدی شەعبی و هێزی چەکدار، بۆ گەرەنتی مانەوەی نوخبەی حوکمدار.

چوارهەم، خەساندنی هەرێمی کوردستان و لاوازکردنی، هەرچی پەیوەستە بە کوردستانەوە لە بودجەدا، یارییەکی سەرنجڕاکێش بوو لە حوکمداری لە ڕێگای یاساو زۆرینەوە.

بەشی کوردستان لەتەونێکی ئاڵۆزی کۆمەڵێک یاری پێچرابوو. بێتوانایی یەکێتی و پارتی لە سەر دۆزینەوەی هاوبەشی، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە بەرژەوندی بچوک نەک کوردستان زاڵترە. چونکە دەکرێت بە ئاسانی هاوبەشی زەقبکرێتەوە لە بەرامبەر جیاوازیدا.

یەکێتی هەوڵیدا کە حکومەتی عێراقی بەشێک بێت لە هاوکێشەی پەیوەندی لە گەڵ پارتیدا. پارتی ئەم هاتنە ناوەوەی عێراقی پێ باش نیە. بەڵام هەوڵی هەژەمونیخوازی پارتی هۆکاری ئەوەیە کە یەکێتی پەنا بۆ عێراق بەرێت. هاتنی عێراق بۆ دروستکردنی هاوسەنگی یان باشکردنی پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی نیە، بەڵکو عێراق ئەجیندای خۆی هەیە. میکانیزمی یارییەکە هەمان میکانیزمە کە لە گەڵ سوننەدا دەکرێت. لە سەرەوە کەسە دیارەکانی شیعە کۆمەڵێک هەنگاوی پۆزەتیف دەنێن، لە خوارەوە کەسە سەربەخۆکان، کە بە هیچ جۆرێک سەربەخۆنین، خەڵکانی وەک موستەفا سەنەد و ئەوانیتر، رێگریی لەم هەنگاوانە دەنێن.

هەنگاوەکانی بودجە بە تایبەت لە پەیوەست بە نەوت و چۆنێتی مامەڵەکردن لە گەڵیدا، دەرخەریی ئەو پلانە بوون کە بەغدا دەیەوێت نەوت لە ئەلیف هەتا یائی لە ژێر دەستی خۆیدا بێت، لە هەناردە و پارە و جۆری پارە و شوێنی پارە هەموو بە سەرپەرشتی دەزگا دەوڵەتییەکانی حکومەتی عێراقی بێت. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان دەبێت بخەسێنرێت و هیچ توانایەکی هاوسەنگی هێز یان ململانێی نەبێت لە گەڵ ناوەندا، کە لە ڕابوردوا هەیبوو.

پارتی زۆر دڵخۆش بوو، بەوەی لە میانەی پرۆسەی دروستکردنی حوکمەتدا پەیمانی باشی پێدراوە، بەڵام وەها دیارە هەتا ئێستا بەباشی لە ڕێسای یارییەکە تێناگات. شیعەکان بە پشتیوانی ئێران زۆر باش دەزانن و دەتوانن مامەڵە و یاریی لە گەڵ نوخبەی کوریدا بکەن، بە وورد و دڕشتیانەوە.

بودجە لە پەیوەست بە کەرتی نەوتەوە، ئەو هیوایایەی لای پارتیش پوکانەوە کە دەکرێت یاسایەکی بەدڵی ئەو لە بواری نەوت و گازدا تێپەڕێت لە داهاتودا.

بە گشتی بودجە، پرۆسەی دابەشکردنی داهاتی وڵات نەبوو بە سەر کۆمەڵگا و بەشەکانی، دیاریکردنی ئەو قەیرانانە نەبوو کە وڵات ڕوبەڕوی دەبێتەوە و چۆن مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت، بەڵکو پرۆسەی خۆی بەهێزکردنی حکومەتێکە کە هەشتا لە سەدی خەڵکی وڵات دەنگی پێنەداوە. لە عێراقدا ساڵانە ٢٠٠ هەزار کەس لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەردەچن، بەبێ بونی هیچ هیوایەک بۆ دۆزینەوەی کارێک لە بوارەکانیاندا. لە کاتێکدا بڕگەیەک هەبوو لە بودجەدا کە ڕێگەبدات بە زانکۆ ئەهلییەکان بەشی خوێندنی باڵا بکەنەوە، (بەڵام تێنەپەڕی)، یەکێکی ترە لە هەوڵەکان بۆ درێژەدان بە ئابوری شەهادە، هەروەها ڕسوابونی زیاتری کەرتی مەعریفە.

21/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر