مەسرور بارزانی و جۆ بایدن

د. سه‌ردار عه‌زیز
بە پێی یادەوەرییەکانی بێن ڕۆدس، کە هەر هەشت ساڵەکە کەسێکی نزیکی ئۆباما بوو، جۆ بایدن پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ بنەماڵەی بارزانیدا هەبوو. ڕۆژانی پێشوو مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم، نامەیەکی دڵتەنگی ئاراستەی بایدن کردوە، دەربارەی پەیوەندی هەرێم و بەغدا. نامەکە داوا لە بایدن دەکات کە نێوەندگیریی بکات لە نێوان هەرێم و بەغدادا، ئەگینا هەرێم لە مەترسیدایە.

ئەم نامەیە بەشێکە لەو کەلتورەی کە لە سی ساڵی ڕابورودودا گەشەی کرد، ئەویش چاوەروانکردنی ئەوەی کە ئەمریکا لە هەموو تەنگانەیەکدا بەهاناتەوە بێت. ئەمریکا زۆر جار ئەمەی کردوە، بەڵام لە دوای ڕیفراندۆمەوە ئەمە بەرەو لاوازی دەڕوات، لە بەر چەندین هۆکار، کە پەیوەندی بە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکا و هەڵکشانی چینەوە هەیە.

بەڵام ئەوەی لای ئەمریکاییەکان زەقە، ئەو پەیوەندییە خراپەیە کە لە گەڵ ئیدارەی مەسرور بارزانیدا هەیانە. وەزارەتەکانی دەرەوە، پەنتاگۆن و جێگاکانی تر لە دۆخێکی ئێجگار بێزاریدان لەوەی کە ناتوانن و نازانن چۆن کار لە گەڵ ئەم حکومەتەی هەرێمدا  مامەڵە بکەن. 

لەم ئیدارەیەدا دیپلۆماتی ئەمریکی بەر جنێودرا. کارەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە نەک بەرەو پێشەوە ناچێت بەڵکو بەرەو دواود دەچێت، پەیوەندی یەکێتی و پارتی لە شەڕە مناڵانە ساویلکەترە. ئێران و عێراق بەهاوکاری لایەنی تر لە کەمپەینێکدان بۆ زەلیلکردنی کورد و کوردستان. 

ئەمریکا لە هەوڵی پەیوەندی پارتنەرشپدایە، کە لە ئەدەبیاتی دیپلۆماسیدا یانی چۆن بتوانین سود بەیەکتر بگەیەنین. بەڵام کورد نە ئیشی لە گەڵا دەکرێت و نە سودی ماوە. 

بە هیوام ئەم دۆخە دابرانێک لە تێگەیشتنی کوردا دروست بکات لە هەموو ئاستێکدا. بەڵام ....ئەستەمە.

13/09/2023



وتارەکانی تری نوسەر