کاوە پاش دەساڵ

د. سه‌ردار عه‌زیز
دە ساڵ لەمەوپێش مەرگێکی تاقانە لە دونیای ئێمەدا رویدا. تاقانە بەوەی مانا بەخش بوو. بەڵام ئێمە لە ماناکەی ناگەین، یان شەرم دەمانگرێت لە ماناکەی بگەین. لە ژیانی مرۆڤایەتیدا کۆمەڵێک مەرگی دەگمەن هەن، مەرگی سۆکرات، کە ساتەوەختی ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستی و دەسەڵاتە. مەرگی عیسا، کە ساتەوەختی ڕوبەڕوبونەوەی خواستی دادپەروەریی و دەسەڵاتە، هەروەها چەندین مەرگی تر.
ئێمە مەرگێکی هاوتای ئەو مەرگانەمان هەیە کە مەرگی کاوەیە. مەرگی کاوە وەڵامی ئەو داواکارییەی زۆرینەی خەڵکە کە هەمیشە داوا دەکەن لەئەویتر بۆیان بمرێت. زۆرینەی خەڵک لە کوردستان دەخوازن ئەوانیتر بۆیان بمرن، هەتا ئەوان ئەو خواستەیان بێتە دی کە خۆیان ئامادەنین بۆی بمرن.

ئەمەشە هۆکاری ئەوەی کە مەرگی کاوە هەرگیز ویژدانی نوستووی زۆرینەی نەهەژاندوە. مەرگی ملیونێرێک زۆر زیاتر ویژدان هەژێنە لای مرۆڤی باشوریی. 

ئەم ڕۆژانە خەڵک هەموو بەردەوام جنێو بە ڕۆشنبیران دەدەن، چونکە زۆرینەیان وازیان لەو ئامادەییە هێناو کە بۆ خەڵکی بمرن. بە سادەیی میدیای نوێ هەموو ئەو تەمومژ و ڕوپۆشانەی لابرد کە لە دەوری ناخی خەڵکەکان پێچرابوو. ئێمە ئەمڕۆ دەزانین خەڵک کێن، خواستەکانیان چین، چ دونیایەک وێنا دەکەن. ئاشکراکردنی ئەم نهێنییە گەیاندینیە ئەو دۆخەی کە ژیان بەتاڵ بوەوە لە شیعرییەت، لە جوانی، لە خەون، لە خەیاڵ، لە ڕێز.

لە کاتێکدا خەڵک دەیانەوێت بۆیان بمریت، کە مردیت، بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدەن بۆ هەمیشە لە بیربکرێیت. 

دیارە پرسێکی فەلسەفی گەورە لێرەدا هەیە، مەرگی مەزن هەرگیز مەرگ نیە لە پێناو خەڵکدا، بەڵکو مەرگە لە پێناو بەهاکاندا. مەرگە لە پێناو ڕاستیدا، لە پێناو دادپەروەریدا، لە پێناو جوانیدا. بەڵام دەمێکە ئەم بەهایانە لە کۆمەڵگای ئێمەدا کۆتاییان هاتوە. ئەوە تەنها سیاسییەکانن لە پێناو خەڵکدا دەمرن، یان هەوڵدەدەن وەها خۆیان وێنابکەن و خەڵکیش وەها وێنایان دەکات. 

لە هەموو مێژوی هەرێمی کوردستاندا خۆپێشاندانێک ڕوینەداوە دژ بە نەبونی یاسا، نەبونی ئازادی، نەبونی دادپەروەریی. 

چەند ساڵێک لەمەوپێش کە لە سەر گۆڕی کاوەبووم، بەیانییەکی ساردی پڕ تەنیایی بوو. مەرگ بە خەستی ئامادەبوو. بنو کاوە.

06/12/2023



وتارەکانی تری نوسەر