رێكخراوەكەی قەرزاوی‌و عەلی قەرەداغی پشتیوانی داعش دەكات

یەکێتی جیهانی زانایانی ئایینی ئیسلامی كە قەرزاوی‌و عەلی قەرەداغی سەركردایەتی دەكەن، ئیدانەی ئەو بانگەشانەی کرد کە داوای هەڵگرتنی چەک لە موسڵمانان دەکەن لەدژی چەکدارانی داعش، رووداوەکانی ناوچە سووننییەکانیش بە ‌شۆڕشێکی میللی‌ ناولێدەبات.
 
لەبایاننامەیەکیدا، کە لەسەر پێگەی فەرمی یەکێتییەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندووە ‌ئەو فتوا مەزهەبییانە رەتدەکەینەوە کە داوای چەک هەڵگرتنی عێراقییەکان دەکات لە دژی یەکتری‌، بەرپرسیارییەتی ئەو روواداوانەشی خستووەتە سەر شانی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
 
یەکێتی جیهانی زانایانی ئایینی کە بارەگای سەرەکی لە دەوحەی پایتەختی قەتەرە و یوسف قەرزاوی سەرۆکایەتی دەکات و عەلی قەرەداخی ئەمینداری گشتی ئەو رێکخراوەیە، لە بەیاننامەکەیدا لەبارەی رووداوەکانی عێراقەوە بڵاویکردووەتەوە ‌ئەو شکستە گەورە و فراوانەی هێزە سەربازییەکان و ئەمن و پۆلیس، لە بۆشاییەوە نەهاتووە، کەوتنی ئەو هێزانە لە موسڵ جگە لە شۆڕشێکی میللی، هیچ شیکردنەوەیەکی دیکە هەڵناگرێت‌.

لەبەیاننامەکەدا هاتووە ‌ئەوەی ئێستا لەسەر خاکی عێراق روودەدات، لە ئەنجامی سیاسەتی زوڵم و وەلانان و گەندەڵییە‌. یەکێتی زانایان داوای ‌راگرتنی خوێنڕشتن و یەکێتی و بەرژەوەندی هاوبەش دەکات‌ و داوای پێکهێنانی حکومەتێکی ‌یەکێتی نیشتمانی‌ دەکات بۆ هەڵسانەوەی وڵاتەکە و چارەسەرکردنی هەموو گرفتەکان.

پێشتر عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان رۆژی هەینی رابردوو داوای لە عێراقییەکان کرد کە بچنە ریزەکانی سووپا و چەک لە دژی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) هەڵبگرن و چەندین مەرجەع و کەسایەتی دیکەی ئایینی شیعەکانیش هەمان داوایان لە خەڵک کرد و ژمارەیەکیشییان بەرگی سەربازییان لەبەرکرد و چەکیان هەڵگرت.



PM:03:43:15/06/2014