لە بەعقوبەو بێجی و بەشیرو تەلەعفەر شەڕە

‌بەعقوبە ئاساری کاولکاری شەڕ - فرانس پریس
شەڕی نێوان سوپای عێراق وپێشمەرگە لەگەڵ چەکدارانی داعش ئەمرۆ سێ شەممە ١٧-٦ لەزۆر شوێنی پارێزگاکانی بەعقوبەو کەرکوک و موسڵ درێژەی هەیە.
لەبەعقوبە بەپێی هەواڵی ئاژانسەکان داعش چەندین گەڕەکی شارەکەیان کۆنترۆڵکردووە لەوانە ( کاتون، مەفرەق، مامۆستایان)، ئەمە لەکاتێکدا کە سەرکردەی ئۆپراسیۆنەکانی دیجلە عەبدولئەمیر زەیدی بە فرانس پرێسی راگەیاندووە کە جارێكی تر سوپای عێراق ئەو گەڕەکانەی کۆنترۆڵکردۆتەوە. ( ئاماژەیە بۆ ئەوەی شەڕ گەیشتۆتە بەعقوبە کە ١٠٠ کم دوورە لەبەغداوە).
لەتەلعفەر شارۆچکەی تورکمان نشینی شیعە پاش شەڕیکی زۆرو قورسی چەند رۆژە شەڕ بەردەوامە بەپێی هەندێک هەواڵی نافەرمی سوپای عێراق لەسەربازخانەکەی خۆیدا ماونەتەوە، بەڵام شارۆچکەکە بەدەست داعشەوەیە.
لەقەزای بێجیش سەر بەپارێزگای تکریت چەکدارانی داعش کۆنترۆڵی شارەکەیان کردووە، بەڵام هەندێک جێگای بچووک بچووکی لێماوە.
لە دیالەش بەیانی ئەمرۆ شەرێکی قورس لەنیوان پێشمەرگەو داعشدا لەگەرەکیكێ جەلەولا رویدا، لە پارێزگای کەرکوکیش چکدارانی داعش پەلاماری گوندی بەشیری شیعە نشینیان داو کۆنترۆڵێان کرد، دواتر هێزی پێشمەرگە گوندەکەی کۆنترۆڵکردەوە، هاوکات هەر ئەمرۆ لەخوار گوندی مەلا عەبدوڵاوە شەروپێکدادان لەنێوان پێشمەرگەو داعشدا درێژەی هەبوو.



PM:06:52:17/06/2014