كەتائیبی حیزبوڵای عێراق رونکردنەوەیەکی لە بارەی نمایشەکەی میلیشیای رەبعەڵا بڵاوکردەوە

كەتائیبی حیزبوڵای عێراق رونکردنەوەیەکی لە بارەی نمایشەکەی میلیشیای رەبعەڵا بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" نمایشی سەربازیان نەکردوە، بەڵکو گواستنەوەی هێزێك بووە لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكەی بەغدا لەچوارچێوەی ئەركەكانیاندا".

ئەبو عەلی عەسكەری، بەرپرسی ئەمنیی كەتائیبی حیزبوڵا، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند" هێزێكی حەشدی شەعبی كە ئێمە سەرپەرشتی و پشتیوانییان دەكەین بەمەبەستی جێبەجێكردنی ئەركەكانیان و بەرگریكردن لە وڵاتەکەمان، بۆ ناوچەیەكی دەوروبەری بەغدا گوازرانەوە، ئەمەش گواستنەوەیەكی رۆتینییە و پێویست بە هەماهەنگی لەگەڵ هیچ لایەنێك ناكات".

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەبەر چەند هۆكارێكی ئەمنی و تەكنیكی ئاڕاستەی گواستنەوەی ئەو هێزە بەرەو ناوەڕاستی بەغدا گۆڕدرا.

جەختیشکردەوە، هەندێك لە گەنجانی خوێنگەرم گۆڕینی ئاڕاستەی هێزەكەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی چەند داواكارییەكی رەوا بەیان بكەن، بەڵام بەشێوازێك كە لای ئێمە قبوڵكراو نییە.

ئەبو عەلی عەسكەری، لە بەشێكی راگەیەندراوەكەیدا باسی پشكی هەرێمی كوردستانی لە بودجەدا كردوەو جەختی كردۆتەوە كە، هیچ بەشە بودجەیەك بۆ هەرێمی كوردستان نییە تا نەوت و پارەی گومرگ ڕادەست نەكات، هاوکات نابێت دەست بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ له‌ به‌غدای پایته‌خت، گروپێكی چه‌كداری له‌ژێر ناوی "ربع الله" نمایشێكی چه‌كداریان ئه‌نجامدا و  داواى پەسەندکردنى پرۆژە یاساى بودجە و دابەزاندنى نرخى دۆلاریان کرد. 


PM:04:15:26/03/2021