بە بۆنەی یادی ١٢٣ ساڵەی رۆژنامەگەری کوردیەوە سەرۆکی هەرێم پەیامێک بڵاودەکاتەوە

 
لە یادی ١٢٣ ساڵەی رۆژی رۆژنامەگەریی كوردی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان "پشتیوانی تەواومان" بۆ رۆژنامەنووسان دووپات دەکاتەوەو دەڵێت " باوەڕی نەگۆڕمان بە ئازادیی رۆژنامەگەری و رادەربڕین وەك بنەمایەكی سەرەكیی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و ئازادیخواز، دووپات دەكەینەوە".

نێچیرڤان بارزانی لەو پەیامەدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردەوە دەڵێت  "رەخساندنی ژینگەی ئارام و لەبار و هاندەر بۆ رۆژنامەنووسان و گەیشتنیان بە سەرچاوەكانی زانیاری و گواستنەوەی دوور لە هەر جۆرە بەربەستێك، زامنە بۆ ئەوەی كایەی رۆژنامەگەری بتوانێت ئەركی خۆی لە هۆشیاركردنەوەی رای گشتی و رۆڵی چاودێرانەی بەسەر كاری دامودەزگاكانەوە بە جۆرێك ببینێت كە ببێتە هاوبەشێكی كاریگەر لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموكراسی و كۆمەڵگەدا".

سەرۆكی هەرێم باسی ئەوەش دەکات "چاوەڕوانین ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیارانە و پیشەیییانە، بە رەچاوكردنی یاسا بەركارەكان و ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، راستگۆ، هاوسەنگ و بێلایەن، كاری خۆیان بكەن و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سەقامگیریی سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتەكەیان لەبەرچاو بگرن. هەر پیشێلكارییەكی بواری رۆژنامەوانی، دەبێت بەپێی یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت".

لە کۆتایی دەشڵیت "هەر لەم بۆنەیەدا نیگەرانیی قووڵم لەو دیاردە دزێو و زمانە ئاستنزمە دەردەبڕم كە بەداخەوە لە بەشێكی میدیا و سۆشیاڵ میدیای كوردستاندا سەریهەڵداوە، زمانێك نامۆ بە ئاكار و نەریتی كۆمەڵگەی كوردستان و بە مێژوو و كەلەپووری سەنگینی رۆژنامەگەریی كوردی و دوور لە هەموو ئیتیك و بەهایەكی رۆژنامەوانی. دەبێ بە هەوڵی هەموو لایەك سنوورێك بۆ ئەو دیاردەیە دابنرێت و كۆتایی پێبێت".



PM:12:59:22/04/2021