باڵیۆزخانەی كەنەدا نیگەرانی خۆی لەسەر سزادانی چالاكوانان و ڕۆژنامەنووسان لە هەرێم ڕاگەیاند

باڵیۆزخانەی كەنەدا لە عێراق لە تویتێکدا نیگەرانی خۆی لەسەر سزادانی چالاكوانان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

باڵیۆزخانەی كەنەدا لە عێراق لە هەژماری فەرمی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی (تویتەر) بە زمانی كوردی ئاماژەی بەوەکردووە" كەنەدا زۆر نیگەرانە لە سزادانی ڕۆژنامەنوس‌ و چاڵاكوانان لە هەرێمی كوردستان".

لە بەشێکی دیکەی تویتەکەدا، بالیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق باسی لەوەکردووە، ڕاگەیاندنی ئازاد و سەربەخۆ بناغەی دیموكراسیە، ڕاگەیاندنكاران‌ و بیروڕای جیاواز وەكو ئۆكسجین گرنگە بۆ كۆمەڵگەیەكی ئازاد و هۆشیار و گشتگیر.

ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە دادگاى پێداچوونەوەى هەرێم بەبیانووی سیخوڕیکردن بۆ ولاتانی دیکە و کۆبوونەوە و وەرگرتنی زانیاری لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ئەڵمانیا، سزاى دادگاى هەولێرى لە دژى دەستگیرکراوانى بادینان پەسەند کرد، کە ئەو هەنگاوەش کاردانەوەیەكی زۆری ناوخۆیی و دەرەكی بەدواى خۆیدا هێنا. 


AM:09:40:08/05/2021