ڕێکخراوی (CPT) ئاماری ٤٠ ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی سەربازی چنگی- هەورە بروسکەی تورکیای ڕاگەیاند

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکخراوی تیمەكانی بونیاتنەری ئاشتی CPT لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە سینەما سالم، ئامار و داتای ٤٠ ڕۆژی ڕابردووی ئۆپەراسیۆنی سەربازی چنگی- ھەورە بروسکەی تورکیا بڵاوکردەوە و نەخشەی نوێی داگیرکاری و بنکە و بارەگا سەربازییە نوێیەکانی تورکیای خستەڕوو، وە ھەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ئاماری قوربانیانی مەدەنی ئۆپەراسیۆنەکە و بڕینی دار و وێرانکردنی ژینگەی ناوچە سنورییەکان بە داتا خستەڕوو.

رێکخراوەکە لە راپۆرتێکدا کە بە ناونیشانى (ئایا جارێکى تر ژیان بۆگوندەکانى سەر سنور دەگەڕێتەوە) بڵاویکردوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە" بەهۆى ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازیەوە دانیشتوانى (٢٢) گوندى ئەو ناوچانە  ئاوارە بوون و چوار هاوڵاتى مەدەنیش برینداربوون".

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەسەرەتای ڕاگەیاندنی ئەو ئۆپراسیۆنە تائێستا تورکیا لە سنووری نێوان تورکیا بۆ عێراق ٤٠ کیلۆمەتر پێشڕەوی کردووە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان چوار بارەگای نوێی سەربازی دروستکردووە. 

دەشڵێن" لەکاتێکدا بەرپرسانی تورکیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی چنگی- هەورە بروسکە، بۆ دروستکردنی "ناوچەی ئارام" بۆ پاراستنیان لەگەریالکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، هەڕەشەی تیرۆر لە ناوچەکەدا ڕیشەکێش دەکات، بەاڵم لە ڕاستیدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی چنگی- هەورە بروسکە بۆتە مایەی شەڕ و جەنگ لە ناوچەیەکدا کە هاواڵتیانی مەدەنی تیایدا نیشتەجێن، ئەوانەی کە لەو شەڕ و پێکدادانانەدا دەبنە قوربانی نەسەربازانی تورکیا و نە گەریالکانی پەکەکەن، بەڵکو هاواڵتیانی مەدەنی کە لەو ناوچە سنوریانەدا دەژین کە شوێنگەی جەنگی تورکیا و پەکەکەن، قوربانی سەرەکی ئەو شەڕەن. لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی چنگی- هەورە بروسکەدا، تورکیا ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە بە گۆڕەپانی شەڕ بۆ یەکالییکردنەوەی کێشە و ناکۆکیە ناوخۆییەکانی واڵتەکەی و ئەمەش زەرەر و زیانی گەورەی گەیاندووە بە ژیانی تەواوی ئەو خێزانانەی کە لەو ناوچە سنوریانەدا دەژین". 

لەکۆتای ڕاپۆرتەکەدا ڕێکخراوەکە داوا دەکات تورکیا بەپەلە ئۆپەراسیۆنەکەى رابگرێت و نەتەوە یەکگرتووەکان ورێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەدواداچون بۆ پیشێلکارییەکانى تورکیا بکەن، حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی بدەن لە پاراستنی ژیان و مافی هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و کەرەستە و کەلوپەلی پێویست بۆ ئەو خێزانانە دابینبکرێت کە ئاوارە بوون و قەرەبووی زیانەکانیان بکرێتەوە، هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، دامەزراوە و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی تر دەستبکەن بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە سەرپێچیکردنی ڕێککەوتن و یاسا نێودەوڵەتییەکان لەالیەن سوپای سەربازی تورکیاوە، بەتایبەتی ڕێساکانی دژ بە بەکارهێنانی جیاکاری و بە ئامانج گرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە جەنگدا.


PM:06:36:03/06/2021