شاری پزیشکی ئەنوەر شێخە لەسەر کەیسی نەخۆشخانەی هیوا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

شاری پزیشیکی ئەنوەر شێخە لەسەر کەیسی نەخۆشخانەی هیوا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت" هەرگیز بەشێک نین لە کێشە و تەنگوچەڵەمەکانی نەخۆشخانەی هیوا و سندوقى کۆمەک بۆ توشبوانى شێرپەنجە کە دوور و نزیک پەیوەندی بە نەخۆشخانەکەمانەوە نیە".

دەقی رونکردنەوەکەی شاری پزیشکی ئەنوەر شێخە:

لە چەند رۆژی رابردودا تەنگوچەڵەمەی دابینکردنی دەرمان و خەرجکردنی شایستە داراییەکانی نەخۆشخانەی هیوا کاردانەوەی زۆری لێکەوتوەتەوە، بەناوی کارگێڕی و سەرجەم پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکەمانەوە وێڕای هاوسۆزیمان بۆ دوچاربوانی شێرپەنجە هاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ ئەم نەخۆشخانەیە و هەموو کەرتی پزیشکی لە شارەکەماندا دوپاتدەکەینەوە، هەروەها هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە کە بێ هیچ بنەمایەک ئاراستەی نەخۆشخانەکەمان دەکرێت و رایدەگەیەنین: 

1. نەخۆشخانەکەمان نەخۆشخانەیەکی گشتی فرەپسپۆڕیە نەوەک تایبەت بە شێرپەنجە وە هیچ مامەڵە و بازرگانیەکی دەرمانی پەیوەندیدارمان بە شێرپەنجە و نەخۆشخانەى هیوا  نیە.

2. هەرگیز بەشێک نین لە کێشە و تەنگوچەڵەمەکانی نەخۆشخانەی هیوا و سندوقى کۆمەک بۆ توشبوانى شێرپەنجە کە دوور و نزیک پەیوەندی بە نەخۆشخانەکەمانەوە نیە.

3. بەرێز (پرۆفیسۆر د. ئەنوەر شێخە) یەکێک لە دامەزرێنەرانی نەخۆشخانەی هیوایە و تا ئەو کاتەى حکومەت رێگەى پێداوە تەنها لە نەخۆشخانەی هیوادا کاریکردووە و لە پاش پەسەندنەکردنى درێژکردنەوەى تەمەنى خانەنشینى ئەواکات لە کەرتى تایبەتدا کاردەکات وە تا ئێستاش خۆبەخشانە وانە بە پزیشکانى هیوا و نەخۆشخانەى فێرکارى دەڵێتەوە و   سەرچاوەیەکی زانستی گەورەیە کە بێ بەرامبەر پزیشکانی هیوا و سەرجەم پزیشکانی شێرپەنجەیی لە عیراق و هەرێمی کوردستاندا پرس و راوێژی زانستی پێدەکەن و هەموشیان لەسەر دەستی ئەو بڕوانامەیان لەبواری پسپۆڕیەکانی شێرپەنجەدا بەدەستهێناوە. 

4. شاری پزیشکی ئەنوەر شێخە پرۆژەیەکی زانستی گەورەیە کە چەندین پرۆفیسۆر و پزیشکی پسپۆریە وردەکانی لەخۆگرتوە و هەموو ئەو تەکنەلۆجیا پێشکەوتوانەی لەوڵاتانی پێشکەوتودایە بەنرخێکی نزیک لە قازانج نەویستانە و زۆر کەمتر لە وڵاتانی دراوسێ بەدەستخستوە تاوەکو نەخۆش ناچارنەبێت گەشتی پڕلەخەرجی دەرەوەی وڵات بکات بۆ چارەسەرە دەگمەنەکان.

5.  نەخۆشخانەکەمان رەتیدەکاتەوە هیچ نەخۆشێکی شێرپەنجەی لە نەخۆشخانەی هیواوە گواستبێتەوە تەنها ئەو نەخۆشانەی تێدابینراوە کە لەسەرخواستی خۆیان بۆ راوێژ و دڵنیابونەوە و ڕای زیاتری پزیشکی سەردانیان کردوین یاخود چەند حاڵەتێکى سنوردار لە ناوەڕاست و باشورى عێراقەوە کە نەیانویستوە سەردانى نەخۆشخانەى هیوا بکەن.

6. لە ماوەی شەش مانگی رابردودا شاری پزیشکی ئەنوەر شێخە چەندین پرۆژەی پشتیوانی بۆ کەرتی گشتی ئەنجامداوە لەوانە هاوکاریکردنی دوچاربوانی سالاسیمیا و دابینکردنی هەندێک لە دەرمان و پێداویستیەکانیان بە بێ بەرامبەر.

7. بەراورد بە نەخۆشخانە تایبەتیەکانى دیکەى شارى سلێمانى و هەرێمى کوردستان نەخۆشخانەکەمان لە هەمووان کەمتر چارەسەرى شێرپەنجەى تێدا ئەنجام دراوە.

لە کۆتاییدا ئێمە دڵنیایی تەواو دەدەین، نەوەک بەشێک نین لە تەنگوچەڵەمە کارگێڕیەکانی نەخۆشخانەی هیوا بەڵکو بەشێکین لە هاوکار و پشتیوان بۆ بەردەوامیدان بەخزمەتگوزاریە بێ بەرامبەرەکانی ئەو نەخۆشخانەیە و سەرجەم نەخۆشخانە گشتیەکان لە شارەکەماندا.

شارى پزیشکى ئەنوەر شێخە
٢٠/٦/٢٠٢١


PM:01:27:20/06/2021