لەبارەى دیاریکردنی سەرۆکى نوێی لیستى هاوپەیمانى کوردستان ڕوونکردنەوە دەدرێت

وتەبێژی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت" بەم نزیکانە سەرۆکی نوێی ھاوپەیمانی کوردستان بە ھەماھەنگی و راوێژی نێوان یەکێتی و گۆڕان دیاری دەکرێت". 

ئەمین بابە شێخ، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەمڕۆ شاندێکی یەکێتی بەئامانجی پیرۆزباییکردن لە ساڵیادی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان سەردانی ئەو حزبەیان کردووە". 
 
باسی لەوەشکرد، ھەموو ئامادەکارییەکیان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کردووە و هاوپەیمانی کوردستان کە لە نێوان یەکێتی و گۆڕان پێکهێنراوە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان نییە.
 
لە بارەی دیاریکردنی سەرۆکی نوێی ھاوپەیمانی کوردستان ئەمین بابە شێخ روونیکردەوە، سەرۆکی ھاوپەیمانی هەر لەسەر پشکی یەکێتی دەبێت، هەرچەندە ئەگەر لە بزوتنەوەی گۆڕانیش بێت هیچ کێشەیەکمان نابێت چونکە بەڕاوێژ لەگەڵ یەکتردا ئەم سەرۆکە دادەنێین. 

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆى گرژییەکانى ئەمدواییەى نێوان هاوسەرۆکانى یەکێتى، شەوی دووشەممە ١٩ی تەمووز لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند" بەدڵگرانییەوە لە سۆنگەی ئەم پێشهاتە نوێیانەی ناو حزبەکەم لە بەرپرسیارییەتی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان دەکشێمەوە و بەرپرسیارێتییەکەی بە هاوسەرۆک و ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەسپێرم". 

PM:06:37:25/07/2021