رێکخراوی جاسەنە: ھێرشکردنەسەر ڕۆژنامەنووسان لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی ھەولێر پەرەسەندنێکی مەترسیدارە

رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕاو میدیا سەرکۆنەی دەستدرێژیکردنە سەر پەیامنێرانی هەردوو کەناڵی ئێن ئارتی و سپێدە دەکات کە ئەمرۆ لە خۆپیشاندانەکەی هەولێردا دەستدرێژیان کرایە سەرو، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو جۆرە دەستدرێژییە لەلایەن موختارێک و ژمارەیەک کەسی مەدەنیەوە، پەرەسەندنێکی مەترسیدارە لەسەر ژیانی رۆژنامەنووسان.

رێکخراوی جاسەنە کە رێکخراوێکی نوێیە لە بواری ئازادی بیروڕا و میدیادا لە راگەیاندراوێکدا لەبارەی ئەو دەستدرێژییەی ئەمڕۆ لە هەولێر کرایە سەر پەیامنێرانی کەناڵی ئێن ئارتی و سپێدە دەلێت "  
بەپێی یاسایی رۆژنامەگەری ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧ دەستدرێژیکردنە سەر رۆژنامەنووسان لە کاتی کارکردندا بە دەستدرێژیکردنە سەر فەرمانبەرێکی دەوڵەت ناوزەد دەکرێت، هەر بۆیە هەقە دەزگا داوەرییەکانی کوردستان و داواکاری گشتی ئەم پرسە بجووڵێنن و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەستدرێژکاران بگرنە بەر".

دەقی راگەیاندراوەکەی رێکخراوی جاسەنە..


" هێرشکردنە سەر پەیامنێرانی هەردوو کەناڵی ئێن ئارتی و سپێدە دەستدرێژییە بۆ سەر فەرمانبەری دەوڵەت لە کاتی کارکردندا"

رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا، رووداوی دەستدرێژیکردنە سەر پەیامنێرانی هەردوو کەناڵی ئێن و ئارتی و سپێدە لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ چوار شەممە ١١ ی ئابی شاری هەولێر بە دەستدرێژی بۆ سەر فەرمانبەری دەوڵەتی لەکاتی کردندا ناوزەد دەکات.
ئەمڕۆ لە کاتی رووپێوکردنی خۆپیشاندانی چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر، لەلایەن موختارێکی یەکێک لە گەڕەکەکانی هەولێر و ژمارەیەک کەسی تری مەدەنیەوە هێرش کرایە سەر پەیامنێرانی هەردوو کەناڵ و دوای ئەوەی پەلامار دەدرێن و ئازار دەدرێن، دەستبەسەر کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیانشیاندا دەگیرێت.

 رێکخراوی جاسەنە سەرکۆنەی ئەم هێرشە دەکات و دوو پاتی دەکاتەوە بەپێی یاسایی رۆژنامەگەری ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧ دەستدرێژیکردنە سەر رۆژنامەنووسان لە کاتی کارکردندا بە دەستدرێژیکردنە سەر فەرمانبەرێکی دەوڵەت ناوزەد دەکرێت، هەر بۆیە هەقە دەزگا داوەرییەکانی کوردستان و داواکاری گشتی ئەم پرسە بجووڵێنن و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەستدرێژکاران بگرنە بەر.

هەروەها پارێزگاری هەولێر، بەرێز ئومێد خۆشناو لە لیدوانێکدا لەسەر رووداوەکە رایگەیاند کە " بە دڵنیایەوە لێپێچینەوە لەو موختارە دەکەین  و لە ئەگەری سەلماندنی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراون، هەم یاسا کاری خۆی دەکات و هەم ئێمەش رێکاری خۆمان دەبێت". رێکخراوی جاسەنە ئاواتە خوازە ئەم لێدوانەی پارێزگاری هەولێر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوەو تەنها لە بواری لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا نەمێنێتەوە.

جاسەنە بە سەرنجەوە دەڕوانێتە دۆخی رۆژنامەوانان لە کاتی ئەو خۆپیشاندانانەی کە خەسڵەتێکی ناڕەزایەتییان هەیە بەرامبەر حکومەتی هەرێم و دەزگاکانی، لە رابردوودا لە ژمارەیەکی بەرچاو لەو خۆپیشاندانانەدا مافی رۆژنامەنووسان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پێشێلکراوە، بەڵام لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆی هەولێردا پێشێلکارییەکە لەلایەن موختار و ژمارەیەک کەسەوە کە بەرگی مەدەنیان پۆشیووە هێرشدەکرێتە سەر رۆژنامەنووسان، ئەمەش پەرەسەندنێکی مەترسیدارە لەسەر ژیانی رۆژنامەنووسان، هەر بۆیە لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی ورد بە کارێکی پێویست دەزانرێت بۆ ئەوەی ئەم جۆرە دەستدرێژیانەش لەسەر کار و ژیانی رۆژنامەنووسان نە بێتە دیاردەو  بەری لێبگیرێت.

رێکخراوی جاسەنە رێکخراوێکی ناحکومی سەربەخۆیەو داکۆکی لە ئازادی بیڕو ڕاو میدیا دەکات لە کوردستاندا و لە مانگی ئایاری ٢٠٢١ ەوە مۆڵەتی فەرمی لە رێخکراوە ناحکومییەکان وەرگرتووە.  



PM:11:53:11/08/2021