سەرۆکی حکومەت داوایەک ئاڕاستەی هاوڵاتیان دەکات

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم داوا لەهاوڵاتیان دەکات کە "ئەرکی خۆیان جێبەجێبکەن" و ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی ئاڕاستەی هاوڵاتیان کردووە و دەڵێت" تاوەكو ئێستا زیاتر لە یەك ملیۆن پیكوتەی كۆرۆنامان دابینكردووە".

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبەشێکی تری تویتەکەیدا داوا لە هاوڵاتییان دەکات، ئێستا نۆرەی ئێوەیە ئەركی خۆتان جێبەجێبكەن، پێكوتە وەربگرن و كوردستان بپارێزن. 

بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، تائێستا دوو ملیۆن و ٧٢٥ ھەزار و ٧٥٨ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا، ٢٢٧ ھەزار و ٥٨٣ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون و پێنج هەزار و ١٦٧  تووشبووش گیانیان لەدەستداوە. 


AM:10:01:21/08/2021