لەسەر سزای نەبەستی پێوەری ئاوی ماڵان روونکردنەوە دەدرێت

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا په‌یامێك ئاراسته‌ی ئه‌و ماڵانه‌ ده‌كات سزای‌ نەبەستنی پێوەری‌ ئاویان بۆ هاتوەتەوە و دەڵێت" داوا لە هاوڵاتیان دەکەم سزای‌ نەبەستنی‌ پێوەری‌ ئاو نەدەن، چونکە سزاکە پاڵپشت نییە بەیاسا".

عومه‌ر گوڵپی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" سزای‌ نەبەستنی‌ پێوەری‌ ئاو پاڵپشتە بەڕێنمایی‌ ژمارە (١)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١٨) ئەویش پشتی‌ بەماددەیەکی‌ یاسایی‌ بەستوە کە بریتیە لەبڕگەی‌ (سێیەم)ی‌ مادەی‌ (حەوتەم)ی‌ یاسای‌ ژمارە (١٢)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١٠)ی‌ تایبەت بەهەیکەلی‌ وەزارەتی‌ شارەوانی‌ کە یاسایەکی‌ گشتیەو بەهیچ جۆرێک ناچێتە بواری‌ بابەتی‌ سەرپێچییەکان، لەبەرامبەردا پەرلەمان بەژمارە (٤)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٢١) یاسای‌ پاراستنی‌ پڕۆژەو تۆڕەکانی‌ ئاوو ئاوەڕۆی لەهەرێم دەکردوە کە یاسایەکی‌ تایبەتمەندە بەسەرپێچییەکان‌و هەموو کەلێنەکانی‌ ئەو بوارەی‌ پڕکردوتەوە".

دەشڵێت" لەکاتی‌ گفتوگۆی‌ یاساکەدا، سەرجەم ئەندامانی‌ پەرلەمان هاوڕابون لەسەر لابردنی‌ مادەی‌ پەیوەست بەپێوەری‌ ئاوو سزاكانی، ئەوەش بەهۆی‌ خراپی‌ پرۆسەکەو کەم‌و کورتییەکانی‌‌و نەگونجانی‌ لەگەڵ دۆخی‌ خراپی‌ ئاوی‌ خواردنەوەی‌ هاوڵاتیان لەژمارەیەک شارو شارۆچکە".

ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا داوا لەهاوڵاتیان ده‌كات" سزای‌ نەبەستنی‌ پێوەری‌ ئاو نەدەن، چونکە سزاکە پاڵپشت نییە بەیاسا، بێجگە لەو تێبینی‌‌و کەم‌و کورتیانەی لەپرۆسەکەدا هەیە، تائەوکاتەی‌ حکومەت یاسای‌ ژمارە (٤)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٢١) جێبەجێدەکات کە یاسایەکە تازە دەرچوەو پێویستە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕێنمایی‌ نوێی‌ بۆ دەربکەن بۆ جێبەجێکردنی، هەروەها لەکاتی دەرکردنی ڕێنماییشدا پێویستە ڕەچاوی‌ تێبینی‌‌و کەم‌و کورتیەکانی‌ پێوەرەکەو سکاڵای هاوڵاتیان بکرێت، هەروەها ڕەچاوی دۆخی‌ خراپی‌ ئاوی‌ خواردنەوەی‌ ژمارەیەک شارو شارۆچکە بکرێت".

عومەر گوڵپی داواش لە سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران‌ و وەزارەتی‌ شارەوانی‌‌ و گەشت‌ و گوزار دەکات، کارکردن بە ڕێنماییەکە ڕاگرن‌ و سزای‌ هیچ هاووڵاتیان نەدەن و لە برى ئەوە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێرن بە وەڵامدانەوەى کێشە و گرفتەکانى هاووڵاتیان لە دابینکرنى ئاوى خواردنەوەو چاککردنى گرفتە یاسایى و تەکنیکیەکانى پێوەرەکە. 


AM:11:41:04/09/2021