لەتیف شێخ مستەفا: كۆچی كوردان گەورەترین ئابڕووچونە بۆ ئەم حوكمڕانیە

پسپۆڕێکی یاسایی و دەستووری رایدەگەیەنێت" كۆچی بە كۆمەڵی كوردان شكستی ئەم حكومڕانییە پیشان دەدات و راپرسی كوردە بۆ رەتكردنەوەی ئەو حكومڕانیە ناشرین و نادادپەروەرییە". 

حاکم لەتیف شێخ مستەفا پەرلەمانتاری خولی پێشووتری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پسپۆڕی یاسای دەستوری لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە پەیامێکدا لەبارەی کۆچی بە کۆمەڵی کوردان بۆ بیلاڕووسیا دەڵێت" کۆچی بە کۆمەلی کوردان لە تەنیا ھەرێمی حوکمڕانی کوردی سێ پارێزگاییدا، شکستی ئەو حوکمڕانیە پیشان دەدات، گەورەترین ئابڕووچون و فەزیحەشە لەسەر ئاستی جیھان بۆ ئەم حوکمڕانیە، کۆڕەوی ١٩٩١ رووی راستەقینەی سەدامی دەرخست بۆ جیھان و گەورەترین راپرسی رەتکردنەوەی رژێمی سەدام بوو لەلایەن کوردەوە، کۆڕەوی (٢٠٢١)یش راپرسی  کوردە بۆ رەتکردنەوەی ئەم حوکمڕانیە ناشیرین و نادادپەروەریەی کورد خۆی لەسەر ئاستی دەرەوە، دوای ئەوەی لەناوخۆدا و لەدوا ھەلبژاردن بەگەورەترین بایکۆت ئەو حوکمە ناشیرین و نادادپەروەرەیان رەتکردەوە".

ئەوەشی خستەڕوو: ئەگەر سەرۆکی پارتی و یەکێتی و  سەرۆکی حوکمەت و جێگرەکەی و سەرۆکی حیزب و دوکانە سیاسیەکانیش ھەستیان بە کەمترین بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی و نەتەوەیی و نیشتیمانی بکردایە دەبوایە ئێستا ھەموو کارێکیان وازلێبێنایە و بچونایە بۆ سنورەکانی بیلاروسیا بۆ بەردەمی کۆچبەران و گوێیان لێبگرتنایە و ھۆکاری بە جێھێشتنی تاقە پارچەی کوردستانی بەناو ئازادیان لێبپرسینایەو و دەستیان ماچ بکردنایە کە بگەڕێنەوەو ولات جێنەھێلن وەعد و پەیمانیان پێ بدانایە کە ھۆکارەکان چارەسەر دەکەن. 



PM:01:17:09/11/2021