لەبارەی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا ڕوونکردنەوە دەدرێت

وەزارەتی کارەبای هەرێم لەسەر کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت" بڕیار درا کە تیمەکانی کارەبا بۆ خێراترکردنی پڕۆژەکە زیادبکرێن و تا ڕۆژی یەکشەممە دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە". 

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی گواستنەوەی کارەبای پاڵەپەستۆی بەرزی (شەقلاوە - سۆران - چوارقوڕنە) بوە هۆی کەمبونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە هەردو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ڕاپەڕین. پڕۆژەکە لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردو گەیشتە شوێنێک کە تیمەکانی کارەبا بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە پێویستییان بە (٧ بۆ ١٠)رۆژێک هەیە کە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هەردوو ناوچەکە کەم بکرێتەوە". 

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" پاش هەوڵێکی زۆری وەزارەتی کارەبا و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار، بڕیار درا تیمەکانی کۆمپانیا بۆ خێرا جێبەجێکردنی پرۆژەکە زیاد بکرێن و بە شێوەی فول تایم لە مەودای نێوان شەقڵاوە - خەلیفان بە دوری (٣٣) کیلۆمەتر لە پرۆژەکە کار بکەن". 

وەزارەتی کارەبای هەرێم ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەر لە ماوەی دیاریکراو، تا ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو رەوشی کارەبای دەڤەری سۆران ئاسای دەبێتەوە. 


PM:09:35:21/11/2021