کۆبوونەوەکانی سەدر و هەماهەنگی شیعە بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن دەستیپێکرد

لە بەغدای پایتەخت ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢ ی کانوونی یەکەم کۆبوونەوەی نێوان موقتەدا سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دەستیپێکرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر قۆناغی دوای هەڵبژاردن و پێکهێنانی کابینەی نوێ.

کۆبوونەوەکە لە ماڵی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح بە ئامادەبوونی مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و  عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەو حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسرو و قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیب و همام حەمودی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵاو و فالح فەیاز سەرۆکی پەیمانی نیشتمانی بەڕێوە چوو.

هاوپەیمانی عامری ئەمڕۆ پێش کۆبوونەوەکە باسی لەوە کرد کە ئەو دانیشتنە تایبەت دەبێت بە دروستکردنی گەورەترین فراکسیۆن لە پەرلەمانی عێراق تا لەسەر ناوی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەت رێکبکەون.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ٣٠ تشرینی دووەم ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی راگەیاند کە کوتلەی سەدر ٧٣ کورسی و هاوپەیمانی پێشکەوتن ٣٧ کورسی ودەوڵەتی یاسای ٣٣ کورسی و پارتی ٣١ کورسی بەدەستهێناوە، لەگەڵ چەند لیستێکی تر کە لەوان کەمتریان هێناوە.



PM:02:37:02/12/2021