وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا دەربارەی هێرشه‌كانی داعش ڕاگەیەندراوێکی بڵاوكرده‌وه‌

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا دەربارەی هێرشه‌كانی چەند ڕۆژی ڕابردووی چەکدارانی داعش ڕاگەیەندراوێکی بڵاوكرده‌وه‌ و دەڵێت" پابه‌ندین لە پاڵپشتیکردن لە هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌".

نێد پڕایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا له‌ ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، واشنتن بە قوڵی نیگەرانی هەڵکشانی بەردەوامی پەلامارەکانی داعشە لە  سەرتاسەری عێراقداو لە ناویشیاندا هێرشەکەی قەزای مەخمور کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی (١٠) پێشمەرگە و سێ هاوڵاتی مەدەنی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، سەرەخۆشی لە کەسوکاری کوژراوان و بریندارانی ئەو هێرشانە دەکەین، پابەند بوونی خۆمان دوپات دەکەینەوە بۆ پشتگیریکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە پێشمەرگەشەوە، چونکە ئەوان بەردەوامن لە شەڕی دژی داعش بۆ كۆتاییهێنان به‌ رێكخراوه‌كه‌.

لای خۆشیەوە كۆنسوڵخانه‌ی فه‌ره‌نسا لە هەولێر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند" جه‌نگی دژی داعش جه‌نگی هاوبه‌شمانه‌، ئه‌م هێرشه‌ قێزه‌وه‌نه‌ جارێكی دیكه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ جه‌نگ دژی داعش كۆتایی نه‌هاتووه‌، ئێمه‌ رژدین له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به‌م جه‌نگه‌ به‌ هاوشانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌کانی تەناهی عێراق و هاوبه‌شه‌كانمان له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی".

شه‌وی ٢ی ئه‌م مانگه‌، چه‌كدارانی داعش هێرشیانكرده‌ سه‌ر گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغ له‌ مه‌خمور، کە به‌هۆیه‌وه‌ (١٣) پێشمەرگە و هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون، هاوکات پێنج برینداری هێرشەکەش گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکانی هەولێر. 


PM:01:44:04/12/2021