ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت" بێكاری باڵی كێشاوه به‌سه‌ر به‌شێكی زۆر له گه‌نجان، به‌و هۆیه‌وه گه‌نجان ڕێگه‌ی مه‌رگیان پێ باشتره له ژیان، هۆكاری سه‌ره‌كیش خراپ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و نه‌بوونی دادپه‌روه‌رییه".
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی راگه‌یاندنی یه‌كگرتووی ئیسلامی، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین له چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ ڕێكخستنه‌كانی لقه‌كانی سیروان و خورماڵ ڕایگه‌یاند" به‌داخه‌وه سه‌ڕه‌رای بوونی چه‌ندین قه‌یران و كێشه‌ی سیاسی و ئابووری، به به‌رنامه كار له‌سه‌ر ئه‌خلاق و بیروفكری گه‌نجانی هه‌رێمی كوردستان كراوه و ده‌كرێت، ئێمه‌ی یه‌كگرتووه‌كان وه‌ك هه‌میشه پشتیوان و ڕێگه پیشانده‌ری گه‌نجان بین و پێویسته دایكان و باوكان له ئاست ڕووداوه خێراكانی كۆمه‌ڵگه به ئاگابن و منداڵ و گه‌نجان له ئالووده‌بوون به مادده‌ی هۆشبه‌ر و ڕه‌فتاری نه‌گونجا و به‌دووربگیرێن".
سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین باسی له كۆمه‌ڵگه و ڕوداوه نه‌خوازراوه‌كان كرد و له‌و باره‌یه‌وه وتی" بێكاری باڵی كێشاوه به‌سه‌ر به‌شێكی زۆر له گه‌نجان، به‌و هۆیه‌وه گه‌نجانی هه‌رێم هیچ هیواو ئومێدێكیان به ژیان له‌م وڵاته نه‌ماوه و ڕێگه‌ی مه‌رگیان پێباشتره له ژیان، هۆكاری سه‌ره‌كیش خراپ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و نه‌بونی دادپه‌روه‌رییه".