ڤیدیۆ..وەزارەتی ناوخۆ لێکۆڵینەوە لە کوژرانی ٢٠ کەسی خێزانەکەی بابل دەکات

دوێنێ دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی بابل و چەکدارێکی داواکراو بە تۆمەتی " تیرۆر"، ٢٠ کەس کوژران کە مناڵی ١٥  رۆژیش لە نێوانیاندایە، کەسوکاری کوژراوەکە دەڵێن: هێزە ئەمنییەکانی ئەو خێزانەیان بە مناڵەکانیشەوە قەلاچۆکردووە، وەزارەتی ناوخۆ داوای لێکۆڵینەوەی دەستبەجێدەکات.

هەرچەندە دوێنێ میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکرد کە ئەو کەسە داواکراوەی ناوچەی جەبلە لە بابل، تەقەی کردووە لە هێزە ئەمنییەکان و دوو چەکداری هێزە ئەمنییەکانی بریندار کردووەو دوای چەند کاتژمێرێک بەرگریکردن، تەقەی لە هەموو خێزانەکەی کردووە کە ١٢ کەس بوون، بەڵام پاش ماوەیەک دراوسێکانی ئەو داواکراوە کوژرانی ٢٠ کەسی خێزانەکەیان خستە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکان کە بەهەموو جۆرێک چەکێک هێرشیان کردۆتە سەر ئەو ماڵەو هەتا مناڵی ١٥ رۆژیش کوژراوە.

دوای بەدوای رووداوەکە بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ بەڕێوەبەری پۆلیس و دەزگای هەوڵگری بابل دەستبەسەر کراون و لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ لە رووداوەکە دەستی پێکردووە.



PM:03:14:31/12/2021