مژدەیەک لە حکومەتی هەرێمەوە بۆ کرێنشینان

سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان دروستكردنی زیاتر لەهەزارو ١٠٠ شوقە بۆ كرێنشینان لەسنوری پارێزگای هەولێر ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ ٢ی کانوونی دووەم، سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان ڕایگەیاند "بەگوێرەی بڕیارێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ژمارەیەك یەكەی نیشتەجێبون دروستدەكرێن بۆ هەژارو كەمدەرامەتانی كوردستان كە بەبێ پێشەكی‌ و بەنرخێكی ھەرزان ‌و بەشێوەی قیستی درێژخایەن دابەشدەكرێن".

میدیاکانی پارتی بڵاویان کردەوە بەوتەی، گۆران عەوێنە سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان  "ئەمساڵ ژمارەیەك شوقەی نیشتەجێبون لەسنووری پارێزگای ھەولێر بەسەر كرێنشینان ‌و فەرمانبەراندا دابەشدەكرێن كە لەزیاتر لەھەزارو ١٠٠ شوقەن، بەشێك لەو یەكانەش تەواوبوون و بەشێكی دیكەشیان لەقۆناغی كۆتاییدان".

سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستانوتیشی "ئەو شوقانە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دروستكراون‌ و بەپێی خاڵ ‌و لەڕێگەی تیروپشكەوە دابەشدەكرێن، كە لەسنوری هەر ١٠ قەزاكەی پارێزگای هەولێر دروستكراون".

عەوێنەیی ئاماژە بەبڕیارێكی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكات بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبون بۆ خەڵكانی هەژارو كەمدەرامەت و لەو بارەیەوە وتی "مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، بڕیاریداوە ژمارەیەك یەكەی نیشتەجێبون دروستبكرێن بۆ چینی ھەژارو كەمدەرامەت، بڕیارە ئەو یەكانە بۆ خەڵكی ھەژارو كرێنشین دروستبكرێن بەبێ پێشەكی‌و بەنرخێكی ھەرزان بەشێوەی قیستی درێژخایەن بەسەر خەڵكی كەمدەرامەتدا دابەشبكرێن".



PM:05:11:02/01/2022