" سپی " زانیاری ورد لەسەر کۆبوونەوەی ئەمشەوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڵاودەکاتەوە

ئەمشەو پێنج شەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە دەباشان بۆ ماوەی نزیکەی دوو کاتژمێر کۆبوەوە، کۆبوونەوەکە زیاتر بۆ بیروڕا گۆرینەوە بووە لەسەر ئەو دوو پێشنیارەی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی راگەیاندووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە کۆبوونەوەی ئەمشەو هیچ بڕیارێکی تیادا نەدراوەو زیاتر بۆ را گۆرینەوە بووە.

لەبارەی رای ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی یەوە لەمەڕ دوو پێشنیارەکەی بارزانی، بە گوێرەی زانیاریەکانی " سپی " رای زۆرینەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی توندبووە لەسەر پێشنیارەکانی بارزانی و بە دەستوەردان لە کاروباری یەکێتی ناوزەدیان کردووە، بە تایبەتی کە داوای گۆڕینی کاندیدەکەی یەکێتی، " بەرهەم ساڵح " یان کردووە.

لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و دەستەی کارگێڕی بەردەوام دەبێت.

لەسەر داوای پارتی و دوای کۆبوونەوەیەکی نێوان نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی کرد، لە کۆبوونەوەیەکدا دوو پێشنیاری خستبووە بەردەم یەکێتی، یان دەستبەرداری پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ببن و سەرجەم پۆستەکانی تر بۆ یەکێتی بێت، یان بەرهەم ساڵح بگۆڕن و هەردوولا لەسەر کاندیدێکی تر رێبکەون.

ئەوە لە کاتێکدایە کە بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، محەمەد حەلبوسی کە سێ رۆژ خۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار درێژکردەوە، رۆژی یەک شەممە کۆتایی دێت. 


AM:12:41:11/02/2022