دەقی پرۆژە هەشت خاڵییەکەی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک بڵاوکرایەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک کە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و بزوتنەوەی ئیمتداد پێکدێت، پرۆژەیەکی هەشت خاڵی-یان بۆ گۆڕانکاری لە دۆخی هەرێم ئاشکراکرد، کە لە خاڵێکدا داواکراوە" داهاتی تەواوی نەوتی هەرێم تێکەڵ بە تەواوی داهاتی حکومەتی فیدراڵی دەکرێت، وە هەرێمی کوردستان مانگانە رێژەی ١٧٪ی کۆی ئەو بودجە گشتییەی عێراق وەردەگرێت".

دەقی پرۆژەکە:

پرۆژەی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک بۆ چارەسەری کێشەی نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا و چارەسەری کێشەی داهاتی هەرێم و چاودێری دارایی داهاتەکانی هەرێم:

ئێمە وەک هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک و ئەو پەرلەمانتارە سەربەخۆیانەی ناو پەرلەمانی عێراق،  وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن لە گۆڕەپانی بەغداد و هەرێم، بە پێویستمان زانی چەند خاڵێک لە پرۆژەیەکدا کورت بکەینەوە بۆ چارەسەری گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، بە تایبەت دوای بریاری دادگای فیدڕاڵی.

ئێمە پێمان وایە ئەگەر هەموو لایەنەکان لە عێراق، پێیان وا بێت عێراق ووڵاتی هەموومانە و یەک پارچەیە، ئەوا دەبێت لەسەر ئەو بنەمایەش رەفتار بکەین و کارێک بکەین کە جۆرێک لە دەستبەرداربوونی ماف و هەروەها دەستکەوتیش لە بەرامبەردا هەبێت بۆ هەر دوو لایەنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی.

بۆیە ئێمە وەک هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک ئەم خاڵانە دەخەینە ڕوو وەک چارەسەرێک بۆ کێشەکانی هەرێم:

١- هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بکەن بەدەرفەتێک بۆ چارەسەرکردن و کۆتایی پێهێنانی ناکۆکییە نەوتیەکانیان بەجۆرێک کەزیان نەگەیەنێت بەسامانی سروشتی عێراق، لەنەوت و غاز و هەروەها زیان نەگەێنێت بە هاوڵاتییان و سەروەتی نەوەکانی دوارۆژمان. 

٢- داوادەکەین لەپەرلەمانی عێراق بەهەموو فراکسیۆنەکانەوە پەلە بکەن لەدەرچواندنی یاسای نەوت و غاز بەجۆرێک کەدەستەبەری ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی عێراق بکات، بەتایبەت هەرێم و تەواوی پارێزگاکانی  تری ناوەراست و باشور کە نەوت و غاز بەرهەم دەهێنن.

٣- مانەوەی تەواوی کۆمپانیا بیانییەکانی دەرهێنان و وەبەرهێنان لە بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان و بەردەوومبوون لە کارکردنیان. 

٤- پێداچونەوە بەو گرێبەستانەی کە بە پێی ستاندەردە جیهانییەکان و هەروەها بەبەراورد بە کۆی گرێبەستەکانی تری هەرێم و تەواوی عێراق، گرێبەستی نائاسایین و جۆرێک لە بڕگە و ماددەی خراپی تێدایە کە زیان بە سامانی ژێر زەوی هەرێم و عێراق دەگەیەنێت.

٥- سەرپشککردنی تەواوی کۆمپانیاکان بەوەی کە ئارەزومەندانە بڕیار بدەن لەوەی گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەردەوام بێت، یاخود لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی گرێبەست واژۆ بکەن.

٦- حکومەتی عێراق تەواوی قەرزە کەڵەکەبووەکانی کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوت کە لە سەر حکومەتی هەرێمە دەیگرێتە ئەستۆ و حکومەتی عێراق تەواوی ئەو قەرزانە دەداتەوە، بە مەرجێک حکومەتی فیدراڵی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت و گواستنەوە و بەبازاڕکردنی نەوتەکە بگرێتە ئەستۆ بەو نرخ و تێچوانەی کە خزمەتی هاوڵاتییان بکات، لە بەرامبەر ئەمەشدا ژێرخانی نەوت لە هەرێم و تەواوی کۆمپانیا بیانییەکان و گرێبەستەکانیان و داهاتویان هەر لە هەرێم دەمێنێتەوە (وەک لە خاڵی پێنج باس کرا ئارەزومەندانە دەتوانن ئەو بڕیارە بدەن).

٧- داهاتی تەواوی نەوتی هەرێم تێکەڵ بە تەواوی داهاتی حکومەتی فیدراڵی دەکرێت، وە هەرێمی کوردستان مانگانە رێژەی ٪١٧ ی کۆی ئەو بودجە گشتیەی عێراق وەردەگرێت.

٨- هەرێمی کوردستان و تەواوی ئەو پارێزگایانەی کە نەوتی تێدا بەرهەم دەهێنرێت سودمەند دەبن لە پارەی پترۆدۆلار بەدەر لە بودجەی مانگانەی ئاسایی کە بۆ ئەو پارێزگا و هەرێمانە دیاری دەکرێت و بەدەر لە بودجەی ئەقالیم.

هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک - ٢٠٢٢/٣/٣


PM:07:33:03/03/2022